یەكشەممە, 12 أغس 2018 – 12:00 ڕۆژنیوز- هەولێر
ئەمڕۆ، کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی گەنجاندا، لە کۆکگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە هۆڵی چوارچرا-ی شاری هەولێر گروپێکی گەنجان بەناوی گروپی ئاشتیی گەنجان، ڕاگەیەندرا.
لە کۆنگرەکەدا، ئەلۆند تەلعەت، سکرتێری گروپی ئاشتی گەنجان وتی: ئەم گروپە لە ئەنجامی کۆنفراسێکی دوو ڕۆژە دروستبوو، کە لە ١٠ و ١١ ئەم مانگە، کە لە شارۆچکەی شەقڵاوە ئەنجامدرا و تیادا١٥٠گەنج بە نێونەرایەتی سەدان گەنجی تر لە هەردوو ڕەگەز و لە ئاینە جیاوازەکان بەشداریان کرد.
وتیشی: گروپی گەنجان کار لەسەر تەواو پرسەکانی تایبەت بە گەنجانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە کێشەو گرفتەکانی گەنجان دەکۆڵێتەوە لە هەمان کاتیش رێگا چارەش بۆ کێشەکان دادەنێت.
ئەلۆند تەلعەت، باسی لەوەشکرد، کە ئەمساڵ کاری گروپەکە لە هەرێمی کوردستان دەبێت و لە داهاتوو کار و چالاکیەکانی لە تەواوی عێراق دەبێت و کار بۆ پرسی گەنجان دەکات، تەواوی گروپەکەش لە حەوت ئەندام پێکدێت و بە خۆبەخش کاردەکەن.
گروپەکە، ڕاسپاردە و پرۆژەی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی گەنجان ئامادەکردووە و بڕیارە لە داهاتوودا پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکانی بکەن، بۆ ئەوەی ئەوانیش لای خۆیانەوە کاری لەسەر بکەن.
ڕۆژی ١٢ ئابی ١٩٩٩ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ١٢ی ئاب-ی وەک ڕۆژی جیهانیی گەنجان ناساند و لەو ساڵەدا لە زۆربەی وڵاتدا چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت.
ش.ف