گەنجێکی ڕفێنراو بە شەش دەفتەر دۆلار ئازادکرا

دوای زیاتر لە شەست ڕۆژ لە ڕفاندنی، گەنجێکی کوردی دانیشتووی گوندی نارینی سەربە شارەدێی قەرەتەپە بەرامبەر بە شەش دەفتەر دۆلار ئازادکرا.


ئەو گەنجەی بەناوی حەسەن والی، لەلایەن چەتەکانی داعشەوە،ڕفێنرابوو، لە سنوری گوندی نارین، ئەمشەو، لەبەرامبەر بڕێک پارە ڕادەستی خانەوادەکەی کرا.

قانع عەبدولکەریم، خاڵی کوڕە ڕفێنراوەکە، بۆ ڕۆژنیوز، وتی: شەست هەزار دۆلار (شەش دەفتەر دۆلار)مان ڕادەستی ئەو گروپەیەی چەتەکانی داعش کرد، کە ماوەیەکە داوای پارە دەکەن لەبەرامبەر ئازادکردنی کوڕەکەمان، هەر جارەو داوای بڕێک پارەیان دەکرد، دواجار بەشەش دەفتەر دۆلار ڕازی بوون، ئازادی بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، محەمەد حاجی عومەر، بەرپرسی کۆمیتەی قەرەتەپەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هاوکات دانیشتووی گوندی نارین، بۆ ڕۆژنیوز ، وتی: لەسەرەتایی ڕفاندنی ئەم گەنجە و هاوڕییەکی دیکەی، دەمانزانی کە چەتەکانی داعش ڕفاندویانن، دواجار بە شەش دەفتەر دۆلار یەکێکیان ئازاد کرد.

شەوی ٤ـ ۱۰ـ ۲۰۱۹، حەسەن والی و جەلیل بابان، دوو گەنجی دانیشتوی گوندی نارێنی سەر بە شارەدێی قەرەتەپەی سەر بەشارۆچکەی خانەقین، لەکاتی زەوی کێڵاندا ڕفێنران، لە ئێستادا حەسەن ئازادکراوە و جەلال هیچ سۆراغێکی نیە .

ک.س