گەنجێک لە ڕووباری زێی گەورەدا خنکا

لە سنووری پارێزگای دهۆک، گەنجێک لە ڕووباری زێی گەورەدا خنکا، کەسوکار و هاوڵاتیانی ناوچەکە چەند کاتژمێرێکە بەدوای تەرمەکەیدا دەگەڕێن، داواشیان لە تیمەکانی خەواس کردووە بڕۆن بە هانایانەوە وتوویانە 'بەیانی دێین'.


لەگوندی خاروک سەربە شارۆچکەی بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک، گەنجێکی تەمەن ۱۹ ساڵ لە ڕووباری زێی گەورەدا خنکا.

ستار عوسمان، مامی گەنجەکە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: برازاکەم ماڵیان لە دهۆکە، بە سەردان هاتوون بۆ گوندی خاروک، نەخۆشی دەروونی هەبووە، ئەمڕۆ لە دەستی خێزانەکەی هەڵهاتووە و خۆی خستووەتە ناو ڕووبارەکەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کە ماوەی چوار کاتژمێرە بەدوای تەرمەکەیدا دەگەڕێن، بەڵام نەیاندۆزیوەتەوە، دەشڵێت: تەلەفونمان بۆ تیمی خەواس کردووە، وتیان کات درەنگە بەیانی کاتژمێر ٨:٠٠ دێین.

موقەدم بێوار عەبدولعەزیز، بەرپرسی ڕاگەیاندی پۆلیسی شارستانی دهۆک بە ڕۆژنیوزی وت: خۆیان درەنگ ئاگاداریان کردیینەوە، شوێنی ڕووداوەکەش دوورە لە تیمەکانی ئێمەوە، ئەگەر ئێستا بڕۆن هەتا دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە شەو دادێت و تیمەکانی خەواس کاریان پێناکرێت، بۆیە وتوویانە بەیانی دەچن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەوە سێهەم حاڵەتی خنکانە لە ڕووباردا لە سنووری پارێزگای دهۆک تۆماردەکرێت.

د.ع