یەكشەممە, 2 سبت 2018 – 20:10 ڕۆژنیوز – کۆیە
بەوتەی شۆرش کاکە، بەڕێوبەری پۆلیسی شارۆچکەی کۆیە-ی سەر بە شاری هەولێر، بەرەبەیانی ئەمڕۆ تیمەکانیان ئاگادارکراوەتەوە بە هەبوونی تەرمێک لەسەر شاخی هەیبەت سوڵتان.
شۆڕش کاکە بۆ ڕۆژنیوز وتیشی: گەنجەکە ناوی هاوار عەلی بووە و تەمەنی ٢١ ساڵ بووە و بە چەکی جۆری دەمانچە خۆی کوشتووە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان کێشەی کۆمەڵایەتیی هەبووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، کە تەرمی گەنجەکە ڕەوانەی پزیشکی دادوەری هەولێر کراوە و لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە.
ئەو گەنجە لە کۆتا پۆستیدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وێنەیەکی خۆی داناوە و لەسەری نووسیوە “بەیانی پرسەیە”.
بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢٢٤ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.
ب.ل