دانیشتووانی گەڕەكی دەروازە لە كەركوك، ١٦ ساڵە بە دەست دابیننەکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانەوە دەناڵێنن، دانشتووانی گەڕەكەكەش ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە نە لە کاتی دەسەڵاتداریی حکومەتی هەرێم و نە لە ئێستاشدا، کە حکومەتی ناوەند کەرکوک بەڕێوەدەبات بەدەم کێشەکانیانەوە نەچوون.
گەڕەكی دەروازە، یەكێك لەو گەڕەكانەی شاری کەرکوکە کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە دروست بووە و لە سەرەتای دروستبوونیەوە کە ماوەی ١٦ ساڵە هاوڵاتیانی گەڕەكە بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن، دانشتووانی گەڕەكەکە لەو خێزانانە پێكدێن كە لەسەردەمی ڕژێمی بەعس ئاوارەی شارەكانی هەرێمی كوردستان ببوون و پاش نەمانی بەعس گەڕانەوە شارەكە.
ژمارەی خێزانەکانی گەڕەكەکە، نزیكەی ٣٠٠ ماڵن و سەرجەمیان كوردن، نەبوونی كارەبای پێویست و هەبوونی قوڕ و لیتەی زۆر و نەبوونی ئاوەڕۆ و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی دیکە هەراسانی كردوون، خەڵکی گەڕەکە بەمجۆرە گرفتەکانیان خستەڕوو.
ئەكرەم ڕەشید ئەمین، دانیشتووی گەڕەكی دەروازە، بەمجۆرە باسی لە گرفتەکان کرد “هێشتا باران نەباریوە لەبەر قوڕ و لیتاو ڕێگا نیە هاتووچۆ بكەین، لە كاتی زستاندا بە بەرزی سێ بلۆك ئاو دەچێتە ماڵەكەمەوە ئەگەر بێتو ئەم گەڕەكە مەنهۆڵی بۆ نەكرێت ئەوا ڕێگە نیە ئاوەكە بڕوات و لە گەڕەكەکە پەنگ دەخواتەوە، چووینە فەرمانگەی ئاوەڕۆ وتیان بەبێ بڕیاری پارێزگار ئیش بۆ خانووی گەڕەكە زیادەڕۆكان ناكەین، بەڵام لە گەڕەكی بەدر كە توركمان نیشین و زیادەڕەویشە خزمەتگوزاریی باشیان بۆ كراوە”.

ئەو هاوڵاتییە، وتیشی:”نزیكەی ٣٠٠ ماڵ لەم گەڕەكە یەك محاویلەی كارەبامان هەیە، كە زستان دێت ئیتر ڕۆژانە جۆزەی محاویلە دێتە خواراوە پێویستە وەك كارەبایی مۆلیدە جۆزەكەی هەڵبدەینەوە، پێنج ساڵە خوێندنگایەك لەم گەڕەكە دروست كراوە تاوەكو ئێستا تەواو نەكراوە هەموو شتێکی ئامادەیە تەنها دەرگا و پەنجەرەی ماوە كەس نییە ئاوڕی لێبداتەوە و تەواوی بكات”.
كاروان تارق، هاوڵاتییەكی دیکەی هەمان گەڕەكە و سەبارەت بە کێشەی گەڕەکەکەیان، وتی: “پێش ١٦ی ئۆكتۆبەر ئەم شارە بە دەست دوو دەسەڵاتی كوردییەوە بوو هیچ نەكرا بۆ ئەم شارە دوای ئەو بەروارەش حوكمی سەربازیی بەسەر ئەم شارەدا سەپێنرا و ئێستا ئەم شارە بێ حاكمە، بە چاوی خۆتان بیبین و زومی كامێراكەتانی بخەنە سەر شەقامەکەمان بەمشێوەیەیە ئاو و كارەبای ئەم گەڕەكە زۆر زۆر وێرانەیە، بەڕادەیەك ئەم ناوچەیە وێرانەیە لە جێیەک ناچێت خەڵكی تێدا بژی”.

ئەو هاوڵاتییە ئاماژەی بەوەشكرد:”دەسەڵاتی كوردی كە یەكێتی و پارتی لەم شارەبوون هیچیان بۆ ئێمە نەكرد ئێستا كەسێکی عەرەب هیچ بۆ ئێمە ناكات، ئێستا ئێمە گلەیی لە كێ بكەین كە كورد خزمەتی نەكردین و عەرەبیش خزمەت ناكات”.
هەر دەربارەی گەرفتەکانی گەڕەکی دەروازە ئاسۆ سەدرەدین، کە دانیشتووییەکی دیکەی گەڕەکەکەیە باسی لەوەکرد “ئێمە گلەیمان زۆرە، یەكەم ئەوە ماوەی نزیكەی ٢٠ ڕۆژە كارەبامان نیە لەبەرئەوەی ٣٠٠ ماڵین خاوەن یەك محاویلەی كارەبایین، دەچینە هەر فەرمانگەیەك بۆ سكاڵا، دەڵێن: ئێوە گەڕەكی تازە و زیادەڕۆن، بەهۆی پاشماوەی زبڵەوە ژیانمان نەماوە لەم گەڕەكە، پێشتر هیچمان بۆ نەكراوە ئێستاش گەڕەكەکە زیاتر بەرەو وێرانە دەڕوات”.

ئیدارەی پارێزگای كەركوك، لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ەوە بە فەرمانی ڕاكان جبوری، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، سەرجەم ئەو گەڕەكە كوردنیشانەی لە خزمەتگوزاری بێبەش كردەوە كە لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە دروست كراون بە بیانوی گەڕەكی زیادەڕۆ، ئەوەش گرفتی بۆ هەزاران هاوڵاتی ئەو گەڕەکانە دروستکردووە.
ک.س