شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و قەسەدە و چەتەکانی داعش لە دەوروبەری زیندانی غوێران-ی حەسەکە دەستیپێکردەوە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆش دەڵێت، کە گەڕەکی غوێرانیان گەمارۆداوە.
ئاژانسی هاوار بڵاویکردووەتەوە، لە گەڕەکی غوێران-ی باشووری حەسەکە پێکدادانی تووند لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و شەڕڤانانی قەسەدە و شانە نووستووەکانی چەتەکانی داعش دەستیپێکردووەتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، کە شەڕ و پێکدادانەکان چڕتربوونەتەوە دوای ئەوەی هێزەکانی قەسەدە لە بەیانی ئەمڕۆوە ئۆپەراسیۆنەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ سەر چەند بینایەکی دەوروبەری زیندانی غوێران، کە شانە نووستووەکانی چەتەکانی داعش تێیدا بڵاوبوونەتەوە.
هاوکات هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، گەڕەکی غوێرانی باشووری حەسەکە بەتەواویی لەلایەن هێزەکانیانەوە گەمارۆدراوە.
ب.ل