
یادی دوو ڕۆژنامەنووسی شەهیدی ئاژانسی هاوار کرانەوە
مەراسیمی یەکەمین ساڵیادی دلیشان ئیبش و هۆگر محەمەد، ڕۆژنامەنووسانی شەهیدی ئاژانسی هەواڵی هاوار لە قامیشلۆ بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ، خانەوادە، هاوپیشە و هەڤاڵانی ڕۆژنامەنووسانی شەهید دلیشان ئیبش و هۆگر محەمەد، لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ئەو شەهیدانەوە مەراسیمێکیان بەڕێوەبرد.
مەراسیمەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان دەستیپێکرد و پاشان ژمارەیەک لە هاوپیشەکانی ئەو ڕۆژنامەنووسە شەهیدانە لە ئاژانسی هەواڵی هاوار لە مەراسیمەکەدا قسەیان کرد.
پاشان ئازاد سیپان جان، هاوسەرۆکی یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد وتارێکی پێشکەش کرد و پاش سەرەخۆشییکردن لە خانەوادەی ئەو شەهیدانە وتی: ئێمە ڕێگانادەین کامێرای ئەو شەهیدانە بکەوێتە سەر زەوی و درێژەپێدەری ڕێبازەکەیان دەبین.
باوکی شەهید هۆگر محەمەدیش لە مەراسیمەکەدا قسەی کرد و وتی: ئێمە سەرفەرازین بە شەهیدبوونی کوڕەکەمان.
ڕۆژی ١٢ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە دەوروبەری حەسەکە، هۆگر محەمەد و دلیشان ئیبش، ڕۆژنامەنووسانی ئاژانسی هەواڵی هاوار شەهیدبوون.
ش.ف