لە گوندی سمایلاوای سەر بە پارێزگای هەولێر ساڵیادی شەهید بوونی باشوور سۆران بە وتنەوەی دروشمی شەهید نامرین کرایەوە و باوکی ئەو شەهیدەش وتی، ڕێبازی شەهید باشوور زۆر پیرۆزە.
ئەمڕۆ سێشەممە چوارەمین ساڵیادی شەهید محەمەد هادی ناسراو بە باشوورسۆران کرایەوە کە لە ڕۆژی٢٥ی کانونی دووەمی ٢٠١٨لە شاری عەفرین لە بەرخۆدان دژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی شەهیدکرا.
مەراسیمی ساڵیادەکە لەسەر گۆری شەهیدەکە لە گوندی سمایلاوای سنووری پارێزگای هەولێر لەلایەن بنەماڵەی شەهید و بەشێک لەهاورێیان و چالاکوانان و نوێنەری راژک و هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی ئەنجامدرا.
سەرەتای مەراسیمەکە بە کورتەیەک لە ژیانی شەهید باشوور دەستی پێکرد، لە وتەیەکدا مام هادی باوکی شەهید وتی: ڕێبازی شەهید باشوور زۆر پیرۆزە چونکە لە قوتابخانەی سەرۆک ئاپۆ پەروەردە بوو، داواش لە گەنجان و تیکۆشەران دەکەم ئەم رێبازە بەرنەدەن، سەری ڕێزیش بۆ سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنم.
هەر لە مەراسیمەدا نوێنەری راژک لە وتەیەکدا وتی: شەهید محەمەد تەنها شەهیدی باشوور نیە، بەڵکو شەهیدی هەرچوار پارچەی کورستانە، چونکە ئەو بیر و فەلسەفەی هەڵیگرتبوو، بەرگی نەتەوایەتی و کوردایەتی بوو، بۆیە گیانی خۆی سپارد بۆ پاراستنی خاکی کوردستان.
ها-غ