یادی مام زەکی دەکرێتەوە

زەکی شەنگالی (ئیسماعیل ئۆزدەن) ئەندامی کۆردیناسیۆنی جڤاکی ئێزدی کەلە ١٥-٨-٢٠١٨ لەئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک شەهیدبوو، لەیەکەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی لەشەنگال بەبیردەهێندرێتەوە.


زەکی شەنگالی (ئیسماعیل ئۆزدەن) ئەندامی کۆردیناسۆنی جڤاکی ئێزدی لە ١٥ی ئاب ی ٢٠١٨ لەکاتێکدا لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی قوربانیانی گوندی کۆچۆ-ی شەنگال دەگەڕایەوە، بووە ئامانجی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و شەهیدبوو، پاشان بەبەشداریی هەزاران خەڵکی ئێزدی لەچیای شەنگال بەخاکسپێردرا.

لەیەکەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی مام زەکی-دا لەشەنگال ڕێوڕەسمی یادکردنەوە ئەنجام دەدرێت، دوێنێ ئێوارە لەشەنگال خێر بۆ مام زەکی بڵاو کرایەوە.

ئامادەبووانی ڕێوڕەسم بەرەو گڵکۆی مام زەکی لە گۆڕستانی شەهید دڵگەش و شەهید بەرخۆدان لەسەر چیای شەنگال بەڕێکەوتن، لەسەر گڵکۆکەی مام زەکی مۆم-یان داگیرساند.

لەسەردانەکەدا هەریەکە لە بنەماڵەی مام زەکی شەنگالی، نوێنەری دامودەزگاکانی شەنگال، شاندی ڕۆژئاوای کوردستان کەلەنوێنەرانی تەڤدەم، مەلا عزەدین جزیری، ئەندامانی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیی، دەزگای بنەماڵەی شەهیدانی ڕۆژئاوا، هەروەها شاندێک لە ئەوڕوپاوە ئامادە بوون.

بۆ یادکردنەوەی مام زەکی، ئەمڕۆش لە ناوچەی سەردەشت-ی چیای شەنگال ڕێوڕەسمێک بەڕێوەدەچێت، جگە لەبنەماڵەی مام زەکی شەنگالی، نوێنەرانی دامودەزگاکانی شەنگال، شاندی ڕۆژئاواو ئەوروپا و بەسەدان خەڵکی شەنگال ئامادەن.

مەراسیمەکە بە یادکردنەوە دەستی پێکرد، بەلێدوانی ئامادەبووان بەردەوامی هەیە.

ش.ف