پێنجشەممە, 19 يول 2018 – 12:06 ڕۆژنیوز – پێنجوێن
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە ئامادە بوونی بەرپرسانی حکومی و حزبی و هاوڵاتیان و چین و توێژە جیاوازەکانی شارۆچکەی پێنجوێن-ی سەر بەپارێزگای سلێمانی، لە هۆڵی بۆنەکان بە ئەنجامدانی چەند چالاکییەکی هونەریی و ڕۆشنبیریی ساڵیادی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی خەڵکی پێنجوێن بەرز ڕاگیرا.
لە مەراسیمەکەدا، خەڵاتی چەند کەسایەتیەکی دیار و دڵسۆزی شارۆچکەی پێنجوێن کرا، کە جێگە دەستیان لە خزمەتکردنی شارۆچکەکەدا دیار بووە، دواتر بۆیەکەمین جار کتێبی ڕاپەڕینەکەی خەڵکی پێنجوێن بڵاوکرایەوە، کە کە ناوەڕۆکی کتێبەکە لەزاری بەشداربوانی ڕاپەڕینەکەوە نووسراوەتەوە.
هەر لەو مەراسیمەدا، لەلایەن کۆمەڵەی ژیانەوە، کە پێکدێن لە کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و گەنجی شارۆچکەی پێنجوێن، پێشانگایەکی کتێب کرایەوە، هەروەها، کارە دەستییەکانی هونەرمەند سیروان بەکردارتاش نمایشکران.
کۆتا چالاکی تایبەت بە یادی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی خەڵکی پێنجوێن، سازدانی کۆڕێک بوو بۆ پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێم و ڕۆشنبیری شارۆچکەی پێنجوێن (عەبدولڕەحمان عەلی)، کە تیایدا باسی لە بواری ڕۆشنبیریی کرد لە سنورەکەدا و بە پێویستی زانی وەزارەتی ڕۆشنبیریی زیاتر ئاوڕ لە گەنجان و ڕۆشنبیرانی ئەم سنورە بداتەوە گرفتەکانیان بۆ چارەسەر بکات.
لە 19/7/1980 لە بەرامبەر ئەو زوڵم و ستەمانەی، کە ڕژێمی لەناوچووی بەعس دەرحەق بە هاوڵاتیان و دانیشتوانی سنوری شارۆچکەی پێنجوێن ئەنجامی دەدا، هاوڵاتیانی سنوری شارۆچکەی پێنجوێن دەستیان بە ڕاپەڕینێکی جەماوەریی کرد، بەڵام دواتر ڕژێمی لەناوچووی بەعس بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکە و دامرکاندنەوەی خەڵکەکە بە توندترین شێوە کەوتە دەستگیرکردنی هاوڵاتیان و ڕاپەڕینەکەی سەرکوت کرد.
ش.ف