یارسانەکان داوای یەکگرتوویی کورد دەکەن

پەیڕەوانی ئاینی یارسان (کاکەیی) لە باشوری کوردستان، بە گرنگەوە لە یەکگرتوویی گەلی کورد دەڕوانن و پێیان وایە، کە بە یەکگرتوویی و پێکەوە کارکردن دەتوانن ئامانجەکان بەدیبهێنن، دەشڵێن: هەتا پەرتەوازەبین زمان و فەرهەنگمان لەناودەچێت.


یەکێتیی نەتەوەیی کورد بووەتە خەمی هەموو توێژ و پێکهاتە جیاوازەکانیش، یارسانەکانیش یەکێکن لەو پێکهاتە ئاینییەی، کە بەتەنگ یەکگرتوویی گەلی کوردەوەن و باسی گرنگیی یەکگرتوویی کورد بۆ ڕۆژنیوز دەکەن.

دکتۆر نازدار قودرەت، پەیڕەوێکی ئاینی یارسانیی و مامۆستای زانکۆی گەرمیان، باس لە گرنگیی یەکگرتوویی کورد دەکات و دەڵێت: بێگومان یەکگرتوویی لە هەموو شوێنێک گرنگە، بەتایبەت بۆ کورد، چونکە ئێمە پەرتەوازەییمان هەیە، کۆنترین مێژوومان هەیە بەڵام تا ئێستا نەناسراوین، ماف و ڕۆڵمان هێشتا دیارنییە، دەبێت یەکگرتووبین بۆ ئەوەی پێکەوە مافەکانمان بەدەستبهێنین، چونکە ئێمە هەتا پەرتەوازەبین، زمان و فەرهەنگمان لەناودەچێت.

دەشڵێت: کورد پارچەپارچە کراوە و دەوروبەرەکەشمان لە ئێمە بەهێزترە، بۆیە تا یەکگرتووبین دەتوانین تا ڕادەیەکی زۆر ڕووبەڕووی دوژمنە بەهێزەکانیش ببینەوە، ئەگەر هەر چوار بەشی کوردستان یەکگرتوو نەبین لاوازتر دەبین و دوژمنمان زاڵتر دەبێت، یەکگرتوویی و یەکخستنی ئامانجەکان و کاردنیان بۆیان، وامان لێدەکات کە پێکەوە زیاتر بەهێزبین.

هەروەها، هەرێم کاکەیی، هونەرمەند و پەیڕەوێکی دیکەی ئاینی یارسانیی ئاماژە بە گرنگیی یەکگرتوویی کورد دەکات، لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیدا و دەڵێت: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوویش، کورد هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەستیهێناوە، لە ئەنجامی تەبایی و یەکبوون بەدەستیهێناوە، هەرچەندەش دوژمنەکانمان بێ هێزبووبن، کە ئێمە خۆمان ناتەبا بووبین لەناوخۆدا، دوژمنەکەمان بەسەرماندا زاڵبووە و توانیویەتی ئامانجەکانی خۆی لە هەموو ڕوویەکەوە بپێکێت، وە بەپێچەوانەشەوە کە تەبا و یەکڕیزبووین، دوژمنەکانمان لەو پەڕی بەهێزییاندا، بەڵان نەیتوانیوە بەسەر ئیرادەی گەلەکەماندا سەرکەوێت.

دەشڵێت: یەکبوون و تەباییمان زۆر گرنگە بۆ ئەوەی کە بتوانین ئامانجی گەلەکەمان بەدیبهێنین، کە ئێمەش وەک گەلانی جیهان بتوانین بژین، ئێمە لەسەر خاک و ئاو و زێدی خۆمانین، بەڵام هەمیشەش ڕووبەڕووی هێرشی داگیرکەران بووینەتەوە.

هەرێم داوای یەکگرتووییش لە گەلی کورد دەکات و دەڵێت: داواکارین کورد لە هەرکوێیەک بێت یەکبگرێت، بۆ ئەوەی کە بتوانین بەو ئامانجەکانمان بگەین، کە ئێمە بتوانین پێکەوەبین و پێکەوە کاربکەین، بەو ئامانجانە دەگەین کە پێی نەگەیشتووین.