پارێزەرێك باس لەوە دەكات، داگیرکارییەکانی تورکیا بۆسەر باشووری کوردستان لەلایەن پەدەکەوە کارئاسانیی بۆ دەکرێت و هێرشەكان بە دەستدرێژیی بۆ سەر خاكی عێراق و بە پێچەوانەی دەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەکان ناودەبات.
كاردانەوەكان لە بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، بە هاوکاریی پەدەکە بۆسەر باشووری کوردستان و هەروەها، هێرشەکانی سوپای مستەفا کازمی بۆسەر شەنگال بەدەوامە.
ئەردەڵان فاتیح بەرزنجی پارێزەر و ڕۆژنامەنووس لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: سوپای تورکیا کارئاسانیی بۆ دەکرێت لەلایەن هێزە ناوخۆییەکان لەناو باشووری کوردستانەوە، لە ڕابردوودا بڕیاری ٣٧ی پەرلەمانمان هەیە کە لە ١٣ی ئازاری ٢٠٠٣دا دەرچووە، تێیدا داگیرکاریی سوپای تورک ڕەتدەکاتەوە، هەروەها حکومەت ناچاردەکات بەو بڕیارەی سوپای تورک لە باشووری کوردستان بکشێنێتەوە.
ئەو پارێزەرە پێیوایە، ئەو دەستدرێژییانەی سوپای تورک لە باشووری کوردستاندا دەیکات پێچەوانەی دەستوورە و وتی: تورکیا کار ئاسانیی بۆ کراوە لەلایەن هێزە ناوخۆییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دیارییکراوی لەلایەن پەدەکەوە ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە، بۆیە ئەرکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، بە بڕیارێک ئەو لەشکرکێشییانە کۆتایی پێبهێنێت.
هەروەها، وتی: پێچەوانەی هەموو پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە، هەموو پەیماننامە نیودەوڵەتییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە ڕێزی سنووری وڵاتان بگیرێت، دەستوەردانیش لەکاروباری ناوخۆیی وڵاتاندا نەکرێت.
هەروەها لەبارەی هێرشەکانی سەر شەنگالەوە دەڵێت: پێچەوانەی دەستوورە و پێشێلکارییەکی ڕوونە، بۆیە ئەرکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، کە سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێت، بە حوکمی ئەوەی ئێمە لە چوارچێوەی حکومەتێکی فیدڕاڵداین، ئەو لەشکرکێشیانە کۆتایی پێبهێنرێت.
س.س