یاسای تیرۆر دەبێتە جێگەی مەترسی لە هەرێمی کورستان

یاسای تیرۆر، لە هەرێمی کوردستان دەبێتە جێگەی مشتومڕی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و پەرلەمانتاران، پێیانوایە ئەو یاسایە ئازادییەکان دەخاتە ژێر مەترسییەوە، دەشڵێن: بەهۆی وشە لاستیکییەکانی یاسەکەوە دەسەڵات دەتوانێت هەرکەسی بوێت بیکاتە تیرۆرست.


یاسای بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر، لە ساڵی ٢٠٠٦ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەرکراوە بۆ ماوەی دوو ساڵ، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ١٢ ساڵ بەسەر دەرکردنی یاساکەدا هیچ هەموارکردنەوەیەکی بۆ نەکراوە، تەنها هەر دووساڵ جارێک بڕیاری درێژکردنەوەی دراوە، کە کۆتا جار ڕۆژی ١/٧/٢٠١٨ بڕیاری درێژکردنەوەی بۆ ماوەی دووساڵی دیکە درا.

زۆرینەی تێبینییەکان لەسەر پێناسەی کردەی تیرۆرستییە، کە لە ماددەی یەکدا بەم شێوەیە پێناسەکراوە، "کردەی تیرۆرستی بەکارهێنانی توندوتیژی سازدراوە، هەڕەشەپێکردنییەتی هاندانە بۆی، یان پیاهەڵدانییەتی کە تاوانکار پەنای بۆ دەبات بۆ پڕۆژەیەکی تاوانکاری، کەسێک یان کۆمەڵە کەسانێک پێی هەڵدەستێت و تاکێک یان کۆمەڵێک دەکاتە ئامانج، یان هەر بە هەڕەمەکی ئەنجامی دەدەن بە مەبەستی نانەوەی تۆقاندن و ترس و شڵەژان و ئاژاوە نانەوە لەنێو جەماوەردا، بۆ ئەوەی زیان بە سیستمی گشتی بگات، ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵگا و هەرێم، ژیان و سەلامەتییان، سەربەخۆیی و ئاسایش و پیرۆزییان بخرێتە ژێر مەترسییەوە، یان بۆ زیانگەیاندن بە ژینگە، بە یەکیک لە سەرچاوە گشتییەکان بە دەزگا، سامانی گشتی یان تاییبەتەکان بۆ بەدیهێنانی هەندێک مەبەستی سیاسی هزری ئاینی ڕەگەزی یان تایفەگەری".

 مەم بورهان، ڕۆژنامەنووس، لەبارەی تێبینییەکانی لەسەر یاساکە بە ڕۆژنیوزی وت:"ئەم یاسایە یەکێکە لە یاسا مەترسیدارەکان سەبارەت بە کۆتوبەندکردنی ئازادییەکان بەگشتی، لەناو ماددەی یەکەم لەیاساکەدا کە تاییبەتە بە پێناسەکرنی تیرۆر، کۆمەڵێک دەستەواژەی لاستیکی تێدایە، وەک ئارامی گشتی، مافی هاوڵاتیان، سیستمی گشتی، ترس و تۆقاندن، ئەم چەمکە لاستیکییانە لەبەرژەوەندی ساکاڵا کاراندایە، لەبەر ئەوەی دەتوانێت کە سکاڵا تۆماربکەن لەسەر هەر کەسێک و تاوانباری بکەن بە تیرۆر".

مەم پێی وایە، ئەو یاسایە دەستی دادوەر ئاوەڵا دەکات بۆ ئەوەی هەرکەسێک سزا بدات بە یاسای تیرۆر ئەگەر تیرۆرستیش نەبێت، دەشڵێت:"بۆ نمونە کەسێک لەسەر شەقام خۆپیشاندان بکات و کۆمەڵێک وتافی توند بکێشێت دەتواندرێت پێی بوترێت ترس و تۆقاندنی بڵاو کردووەتەوە و بە یاسای تیرۆر حوکم بدرێت، ئەگەر ئەم یاسایە خراپ بەکار بێت و دەسەڵاتی دادوەری بکەوێتە ژێرکاریگەری بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانەوە، ڕەنگە کوردستان بکرێتە زیندانێکی گەورە بەم یاسایە".

لە ڕۆژی ی١/٧ ئەمساڵدا کە بڕیاری درێژکردنەوە بۆ یاساکە دەرکرا سەرجەم فراکسۆنەکانی ناو پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەنگیان بە درێژکردنەوەی یاساکە دا، بێجگە لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، بە ڕۆژنیوزی وت، کە ئەوان دەنگیان بە درێژکردنەوەی یاساکە نەداوە لەبەر ئەوەی پێیان وایە یاسایەکە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتیەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ ناگونجێت و ئەگەر دەسەڵات بییەوێت دەتوانێت ئەم یاسایە دژی هەموو لایەنێکی سیاسی بەکار بێنێت.

سۆران عومەر، دەڵێت، کە کۆدەنگییەک هەیە بۆ ئەوەی یاساکە هەموار بکرێتەوە، چونکە، هەموو یاساکە پێویستی بە چاکسازییە.

پڕۆژەیەک بۆ هەموارکردنەوەی یاسای تیرۆر، لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە، لە پڕۆژە یاساکەدا هەندێک چاکسازی لە یاساکەدا کراوە، ئەم پڕۆژەیە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا، سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیاریان داوە کە ئەم پڕۆژە یاسایە بە زوترین کات خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت، بەڵام لەدوای تێپەڕێنی دوومانگ بەسەر خوێندنەوەی یەکەمیدا، هێشتا خوێندنەوەی دووەمی بۆ نەکراوە.

بەهار عەبدولڕەحمان، ئەندامی فراکیسۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، سەرسوڕمانی خۆی بۆ دواکەوتنی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەی هەموارکرنەوەی یاساکە دەربڕی و وتی: پێمان سەیرە سەرۆکایەتی پەرلەمان هەتاوەکو ئێستا خوێندنەوەی دووەمی بۆ یاساکە نەکردووە، چونکە ئەم پڕۆژەی هەموارکردنەوە یەکێکە لەو پڕۆژانەی بڕیاریی لێدراوە بە زوترین کات خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت.

ناوبراو تێبینی ئەوەی هەبوو لەسەر یاساکە کە دەستەواژەکانی لاستیکین و دەکرێت خوێندنەوەی جۆراوجۆر بۆ دەستەواژەکان بکرێت، پێی وابوو کە دەبێت یاساکە بە جۆرێک هەموار بکرێتەوە، کە دەستەواژەکانی یەک واتا بدەن و واتای دیکە نەدات، بۆ ئەوەی بە شێوازی جۆراوجۆر بەکار نەیەت.

لە پڕۆژەی هەموار کراوی یاساکەدا کە وێنەیەکی دەست ڕۆژنیوز کەوتووە، ماددەی یەکی یاساکە کە تایبەتە بە پێناسەکردنی تیرۆر بەم شێوەیە هەموار کراوەتەوە، "کردەی تیرۆر هەموو بەکارهێنانێکی هێزە یان توندوتیژی یان هەڕەشە پێکردن یان تۆقاندنی سازدراوە لەناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی هێنانەکایەی گۆڕێنی سیاسی، کەسێک یان چەند کەسێک پێی هەڵدەستن و کەسێک یان کۆمەڵەکەسێک دەکەنە ئامانج، تێیدا زیان بە سیستمی گشتی و سەلامەتی کۆمەڵگا و ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی دەگەیەنێت، یاخود ژیان و ئازادی و مافی گشتی، یان تایبەتییەکانیان کە لەیاسا بەرکارەکاندا دەقنووس کراوە، یان زیانگەیاندن بە یەکێتی خاکی هەرێم، یان ئاسایشی نیشتیمانی، یان بە موڵکوماڵی گشتی و تایبەت یان نوێنەرایەتی وڵاتان، یان زیان گەیاندن بە ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکان، بەشێوەی کردەیی لەلایەن کەس و گروپەوە بێت، یان لەلایەن دامەزراوە فەرمییەکانەوە بێت".

مەم بورهان قانع، دەڵێت، کە دەقی هەموار کراوەی یاساکەش تینیویەتی ئەوان وەک ڕۆژنامەنووسێک ناشکێنێت، چونکە هێشتا لە ماددەی یەکدا پڕیەتی لە بەندی لاستیکی، کە دەکرێت بە شێوازی جۆراوجۆر خوێندنەوەیان بۆ بکرێت و لێکبدرێنەوە، بۆیە دەبێت ئەم پڕۆژەی هەموارکراوە گۆڕانکاری تێدا بکرێت بۆ ئەوەی نەبێتە مەترسی لەسەر ئازادی و ژیانی هاوڵاتی.

هەروەها بەهار عەبدولڕەحمان، دەڵێت، کە هێشتا پڕۆژە هەموارکراوەکە تەنها خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، لەبەر ئەوە نەخراوەتە بەردەمەم پەرلەمانتاران بۆ ئەوەی ڕای خۆیانی لەسەر بڵێن، دەشڵێت، لە خوێندنەوەی دووەمدا ئەوان تێبینی خۆیان لەسەر ماددە و دەستەواژەکان دەخەنەڕوو، لەبەر ئەوەی پێیانوایە ئەم پڕۆژە هەموارکراوەش کەلێنی تێدایە و پێویستی بە چاکسازی هەیە.

هەرچەند لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی  ڕاستەوخۆ نیگەرانی خۆیان لەسەر یاسەکە دەرنابڕن، بەڵام لەڕێگەی ئەندام پەرلەمانەکانیانەوە هەوڵ دەدەن فشار بکەن بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە، چونکە مەترسی ئەوەیان هەیە لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتەوە بەکار بهێندرێت دژی خۆیان و ئەندام و لایەنگرەکانیان، بۆ ئەوەی فشاریان بحەنەسەر و لە پڕۆسەی سیاسی بێکاریگەرییان بکەن.

س.ح