یەكشەممە, 1 يول 2018 – 14:33 ڕۆژنیوز- هەولێر
ئەمڕۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، دانیشتنی ژمارە 2ی بەهارەی سازکرد و تیایدا جگە لە درێژکردنەوەی ماوەی یاسای بەرنگاربوونەوەی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان، 8 ماددەی یاسای سەندیکای پارێزەرانی کوردستانی پەسەند کرد.
سەبارەت بە یاسای بەرنگاربوونەوەی تیرۆر، مەردان خدر، پەرلەمانتار لەسەر لیستی پارتی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەهۆی ڕەوشی ئێستای هەرێمی کوردستان گرنگی خۆی هەیە، ئەمڕۆش بڕیاردرا بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە درێژ بکرێتەوە.
مەردان، وتیشی: یاساکە کاتییە هەر دوو ساڵ جارێک بەبڕیاری پەرلەمان درێژ دەکرێتەوە، بەڵام بەهۆی پەککەوتنی پەرلەمان لە ساڵی ٢٠١٦ یاساکە وەک خۆی مابووەوە، ئەمڕۆ ئەو بۆشاییە یاساییەی لەو چوار چێوەیە هەبوو پڕکرایەوە.
مەردان خدر، باسی لەوەشکرد، کە سەرۆکایەتی پەرلەمان لیژنە تایبەتمەندەکانی ڕاسپاردووە تا لە ماوەی ١٥ ڕۆژی داهاتوو ڕاپۆرتێک ئامادە بکەن و بهێنرسێتە هۆڵی پەرلەمان تاوەکو هەمواربکرێتەوە و بکرێتبە یاسایەکی هەمیشەیی.
جێگەی بیرهێنانەوەیە کە لە ١٦/٧/٢٠١٦ ماوەی کارپێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کۆتایی هات و ئەنجوومەنی دادوەری کوردستانیش بۆ ئەوەی دەسەلڵات بدات بە هێزەکانی ناوخۆ ڕاسیپاردن کار بە یاسای سزادانی عیراقی بکەن.
یاسای بەرنگار بوونەوەی تیرۆر لە دانیشتینی خولی دووەمی ساڵی ٢٠٠٦ پەسندکرا و لە ١٨ ماددە پێکهاتووە.
هەر لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا، پەرلەمان لە کۆی ٢٢ ماددە، هەشت ماددەی یاسای سەندیکای پارێزەرانی کوردستانی پەسەندکرد و بۆ درێژەدانیش بە گفتوگۆکردن لەسەر یاساکە سبەی پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی دیکە ساز دەکات.
بەختیار حەیدەر، نەقیبی پارێزەرانی کوردستان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕوونکردەوە، کە سێ ساڵ پێش ئێستا پرۆژەیاسای هەمواری یاسای سەندیکای پارێزەرانی کوردستان ئاراستەی پەرلەمان کراوە و تاوەکو ئێستا ماوەتەوە، وتیشی: لەم دواییانەدا ئێمە وەک سەندیکای پارێزەرانی کوردستان یاسایەکی دیکەمان ئاڕاستەی پەرلەمان کرد، بەڵام پەرلەمان بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی ئەم یاسایە بڕیاریدا یاسای سەندیکای پارێزەرانی کوردستان هەمواربکرێتەوە.
ش.ف