"یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی ‌چاره‌سه‌رێکی گرنگە بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی داگیركه‌ران"

هاوڵاتیانی شاره‌دێی ڕزگاری، سەر بە ئیدارەی گەرمیان، پێیانوایه‌، به‌ دروستبوونی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی كورد، ده‌توانرێت ڕێگیری له‌داگیركاری توركیا بۆ سه‌رخاكی باشوور بکرێت، هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ن حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان واز له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بێنن و ئه‌و یه‌كێتییه‌ دروست بكه‌ن.


به‌هۆی په‌رته‌وازیی نێوماڵی كورد و نۆكه‌رایه‌تی بۆ ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركه‌ر له‌ لایه‌ن به‌شێك له‌ حیزبه‌كانی باشوری كوردستان و چاوساغی و هاوكاریكردن بۆیان، توركیا به‌رده‌وامه‌ له‌داگیركاری خاكی كوردستان و ڕۆژ به‌ڕۆژ هه‌نگاوی زیاتر ده‌نێت، هاوڵاتیانی شاره‌دێی ڕزگاری سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، دروستبوونی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی به‌گرنگ ده‌زانن بۆ ڕاگرتنی داگیركاری.

نیگار عومه‌ر، هاوڵاتی لەبارەی پرسی داگیرکاریی بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد و وتی: له‌ ڕابردوودا كورد یه‌ك ده‌نگ و یه‌كهه‌ڵویست نه‌بووه‌ و هه‌میشه‌ ماڵی په‌رته‌وازه‌ بووه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ قوربانی زۆریداوه‌، ئیستاش به‌هه‌مانشێوه‌ كورد یه‌كده‌نگ نیه‌، له‌به‌ر ئه‌و ناكۆكییه‌ی نێوان لایه‌نه‌ كوردییه‌كان، دوژمنانی كورد به‌رده‌وامن له‌ هێرشكردن و په‌لاماردانی خاكی كوردن، ئه‌م دۆخه‌ی ئێستاش ئه‌وه‌ ده‌سله‌مێنێت، كه‌ كورد پێویستی به‌وه‌یه‌ یه‌كگرتوو بێت و گرنگیشە به‌ زووی یه‌كێتیه‌كی كوردانه‌ی به‌ھێز دروست بێت.

محه‌مه‌د مه‌جید، هاوڵاتییەکی دیکەیە و بۆچوونی خۆی بەمشێوەیە خستەڕوو "باشترین چاره‌سه‌ر بۆ ڕیگیریكردن له ‌داگیركاری توركیا بۆ سه‌ر خاكی باشووری كوردستان و پارچه‌كانی دیكه، یه‌كگرتنی هێزه‌ كوردستانیه‌كانه‌، پێكه‌وه‌ یه‌كڕیزی نێوماڵی كوردی دروست بكه‌ن و ڕووبه‌ڕووی داگیركاریی ببنه‌وه‌، گرنگیشه‌ ئه‌و حیزبانه‌ی نۆكه‌رایه‌تی بۆ وڵاتانی دراوسێ ده‌كه‌ن له‌م یه‌كگرتنه‌ به‌شداربن و واز له‌ كاری دۆستایه‌تی كردنی دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان بهێنن.

لەسەر پرسیی داگیرکاریی هاولاتییەکی دیکە بە ناوی بورهان ئه‌حمه‌د، وتی: له‌ ئێستادا داگیركاری بۆ سه‌ر  هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، بۆیە گرنگه‌‌، سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان دوور له‌ هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، یه‌كێتیه‌كی نه‌ته‌وه‌یی به‌هێز دروست بكه‌ن، تا پێكه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی ئه‌و داگیركارییه‌ی توركیا ببنه‌وه‌، كه‌ ده‌یه‌وێ له‌ژێر ناو و بیانوی جیاجیا خاكی كوردستان داگیربكات، بۆیه‌ به‌گرنگتری ده‌زانم بۆ دروستبوونی ئه‌و یه‌كێتیه‌ كوردانه‌، واز له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبیه‌كانیان بهێنن و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نشتیمانیه‌كان پێش بخەین، چونكه‌ ته‌نها یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌مانپارێزێت له‌داگیركاری.

ک.س