یوسرا ڕەجەب: لەناو پەرلەمانی عێراق بەئاشکرا داوای نەمانی هەرێم دەکرێت

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوە دەخاتەڕوو، کە "هەندێک فراکسیۆن و کەسایەتیی لەناو پەرلەمانی عێراق بە ئاشکرا داوای نەمانی ستاتۆی هەرێمی کوردستان دەکەن"، دەشڵێت: فراکسیۆنە کوردییەکان لەبری ئەوەی بێنە لای یەک، هەندێکیان شەڕی پشک دەکەن.


خۆپیشاندانەکانی عێراق دوو هەفتەیە درێژەی هەیە و دۆخی عێراقی خستووەتە بەردەم چەند پێشهاتێک، کە دیارترینیان پرسی هەموارکردنەوەی دەستوورە، یوسرا ڕەجەب، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز هەڵسەنگاندن بۆ مەترسییەکانی هەموارکردنەوەی دەستوور و گۆڕینی سیستمی حکومڕانیی بۆ سەرۆکایەتیی دەکات، هاوکات ڕەخنەش لە پەرتەوازەیی فراکسیۆنە کوردییەکان دەگرێت.

یوسرا ڕەجەب ئەوە ناشارێتەوە کە دەستێکی دەرەکیی لەپشت خۆپیشاندانەکانەوە هەیە و دەڵێت: داواکارییەکانی خۆپیشاندەران ڕەوایە و مافی خۆیانە، بەڵام دەوڵەتانی دەوروبەر و نێودەوڵەتیی ئەم دۆخەیان قۆستووەتەوە بۆ ئەوەی دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق بکەن.

ئەوەش دەخاتەڕوو، کە گۆڕینی سیستمی حکومڕانیی بۆ سەرۆکایەتیی و هەموارکردنەوەی دەستوور، بۆ ئەوەیە کە گورزی سیاسیی قورس لە کورد بووەشێندرێت، دەشڵێت: هەوڵدەدرێت کە دەستکاری ماددەی ١٤٠ بکرێت لە بەرژەوەندیی عێراق و سەرۆکایەتیی کۆمار لە دەستی کورد دەربهێندرێت، دەستی دەرەکیش لەپشت ئەم هەوڵانەوەیە و بەشێکن لەو پیلانانەی، کە لە هەرچوار پارچەی کوردستان دژ بە گەلی کورد هەیە.

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکراشی دەکات، کە "کوتلە و کەسایەتیی دیار هەن لەناو پەرلەمانی عێراق بە ئاشکرا داوای نەمانی هەرێم دەکەن، عێراقیش تەنها یەک هەرێمی هەیە، ئەمەش مەبەستەکانی زیاتر ڕوونکردووەتەوە لامان کە مەبەستیانە ئەو مافانەی گەلی کورد کە لە دەستووردا چەسپێندراوە نەیهێڵن".

یوسرا ڕەجەب ڕەخنەش لە پەرتەوازەیی فراکسیۆنە کوردییەکان دەگرێت و دەڵێت: ئێمە لە حاڵەتێکداین کە هەرێمی کوردستان نەمێنێت، کەچی هەندێک لە فراکسیۆنە کوردییەکان شەڕی پشکیانە، تا ئێستاش داوایان لێدەکەین کۆببینەوە و تاوتوێی ئەم پێشهاتانە بکەین و ڕێگاچارەی بۆ بدۆزینەوە، بەڵام فراکسیۆنەکان ئامادەییان تێدانییە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش تاکلایەنە هاتنە بەغدا و لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆبوونەوە.

هەروەها دەشڵێت: سیاسەتی ناحەکیمانەی پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان ئێمەی گەیاندووەتە ئەم دۆخە، پێداگریی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر نەناردنی نەوت بۆ عێراق و وەرگرتنی بەشە بودجە لە عێراق، خەڵکی باشوری عێراقی زیاتر تووڕەکردووە، ئەمەش وایکردووە زۆرینەی فراکسیۆنە عێراقییەکان بڕیاریانداوە بەشە بودجەی هەرێم نەنێرن.

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئاماژەیش بە هۆکارەکانی تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عێراق دەکات و دەڵێت: ئەو حزبانەی کە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، نەیانتوانیوە بەشێوەیەکی باش خزمەتی هاوڵاتیانی عێراق بکەن، لەماوەی ١٦ ساڵی ڕابردوو جگە لە نەهامەتی هیچیان بۆ خەڵکی عێراق نەهێناوە، خەڵک لە هەموو ڕوویەکەوە بێبەشە لە خزمەتگوزاریی، جگە لەوەش بێکاریی بەڕێژەیەکی زۆر بڵاوبووەتەوە، نەتوانراوە سوود لە وزەی ناوخۆیی وەربگیرێت، بۆیە ئێستا ناڕەزایەتییەکان پەنگی خواردووەتەوە و خەڵک ڕژاونەتە شەقامەکان.

س.ح