سەرۆکی خولی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، تیرۆرکردنى زەکى چەلەبى وادەکات تاک بەتاکى ئەم نیشتیمانە هەست بە ئارامیی و ئاسایشى خۆى نەکات، دەشڵێت: دەسەڵاتدارانى سلێمانى بەرپرسیارن لە دۆزینەوەى بکەرانى ئەو کردەوە تیرۆرستییە و دادگایکردنیان و لەو ڕێگەشەوە ئارامى دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانى.
دکتۆر یوسف محەمەد، سەرۆکی خولی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دوێنێ سەردانی کەسوکاری زەکی چەلەبی، پەنابەری سیاسیی باکووری کوردستان و خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیزی کرد و لە لێدوانێکیشدا بۆ ڕۆژنیوز وتی: بێگومان تاوانکاریی لە سلێمانى ڕووى لە زیادبوون کردووە، بەڵام تاوانى تیرۆرى و هەوڵى کوشتنى کەسایەتییەکان پێویستى بە هەڵوەستە لەسەرکردنە، چونکە ئاسایشى سلێمانى دەخاتە ژێر پرسیارێتیەوە، هەربۆیە پێویستە دەسەڵاتدارانى سلێمانى زۆر بە جددیى هەوڵى دۆزینەوەى بکەرانى ئەم توانە قێزەونە بدەن و دەستگیریان بکەن و بیاندەنە دادگا و سزا بدرێن، تا جارێکى دیکە ئەمجۆرە کارانە دووبارە نەبێتەوە.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا یوسف محەمەد ڕایگەیاند: ئەوەى بەرامبەر زەکى چەلەبى کراوە، بۆ ئێمە زۆر جێگەى داخە، چونکە ئەو هاوڵاتییە لە باکوورى کوردستانەوە هاتووە و لێرە سەرقاڵى کار و ژیانى خۆى بووە، بەڵام بینیمان بەوشێوەیە تیرۆر کرا.
سەرۆکی خولی پێشووی پەرلەمانی هەرێم ئاماژەى بەوەشکرد: ئەو هەوڵانە وادەکات، کە تاک بەتاکى ئەم نیشتیمانە هەست بە ئارامیى و ئاسایشى خۆى نەکات، هەربۆیە دەیڵێمەوە بەرپرسانى سلێمانى بەرپرسیارن لە دۆزینەوەى بکەرانى ئەم کردەوە تیرۆرستییە و دادگاییکردنیان و لەو ڕێگەشەوە ئارامیى دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانى و جۆرێکیشە لە دڵنیاییدانەوە، کە ئەم جۆرە کارانە دووبارە نابێتەوە.
یوسف محەمەد ڕاشیگەیاند: سلێمانى نەک هەر پەناگەیەکى ئارام بووە بۆ ئازادیخوازانى هەموو پارچەکانى کوردستان، بەڵکو بۆ ئازادیخوازانى عێراقیش لەکاتێکدا لەسەروبەندى خۆپیشاندانەکانى ساڵى ٢٠١٩ دا دەکەوتنە بەر مەترسى هەڕەشە دەهاتنە سلێمانى.
لە کۆتاى قسەکانیدا ئەو ئەندامەى پێشترى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق وتى: لە مێژووى کوردایەتییدا سلێمانى پێگەیەکى ئێجگار گرنگى هەیە و دەتوانم بڵێم چەقى بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلى کوردستانە، هەربۆیە تیرۆکردنى زەکى چەلەبى هەوڵدانە بۆ تێکدانى ناسنامەى سلێمانى، لەکاتێکدا ئەم پارێزگایە دەمێکە فشارى زۆرى لەسەرە، کە بەو ڕۆڵەى خۆى هەڵنەستێت، هەربۆیە پێویستە بەرپرسانى سلێمانى ڕێگریى بکەن لە سەرکەوتنى ئەو جۆرە فشارانە.
شەوى ١٧ ى ئەم مانگە زەکی محەمەد چەلەبی، پەنابەری سیاسیی باکووری کوردستان و خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیز لە شاری سلێمانی، دەستڕێژیی گوللـەی لێکرا و پاش مانەوەى بۆ ١٧ کاتژمێر لەژێر چاودێریى وردى پزیشکییدا، دوانیوەڕۆی ١٨ی ئایار بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
ئ.م