یونس عومەر داوا لە گەنجانی باشور دەکات مانبگرن

یونس عومەر، ئەو گەنجەی لە شارۆچکەی پینجوێن دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە مانی لە خواردن گرت، داوا لە گەنجانی باشوری کوردستان دەکات بەشداری مانگرتن دژی گۆشەگیریی ببن.


یونس عومەر ناسراو بە یونس سوراوی، گەنجێکی دانیشتنووی شارۆچکەی پێنجوێنی سەر بە پاریزگای سلێمانی، لە دوێنێوە لە ماڵەکەی خۆیدا، مانگرتنی دژ بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە ڕاگەیاند.

یونس سوراوی، لە پەیامێکدا ئاماژە بەوە دەکات، کە بۆ پشتگیری بەرخۆدانی لەیلا گوڤەن و تەواوی مانگرتووانی ئازادییخواز، بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ" مانگرتنی لەخواردن ڕاگەیاندووە، هەروەها دەڵێت: داواکارم لە هەر چوارپارچەی کوردستان و گەنجانی باشوری کوردستان بێن بەشداریی لە مانگرتنی دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ببن.

پێشریش ئەندازیار هەرێم مەحمود و هونەرمەند جومعە کەریم و سەردار مەلیحە، مامۆستا، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانەوە، مانگرتن لەخواردنیان دژ بە گۆشەگیریی سەر ئۆجالان ڕاگەیاندبوو.

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی ١١٦ ڕۆژە لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆکی کەجەدە و پەرلەمانتاری هەدەپە لە دژی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان، مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاندووە، بۆ پشتیوانیکردنی ئەو مانگرتنەی گوڤەنیش، ناسر یاگز، ئەندامی نوێنەرایەتیی هەدەپە لە هەولێر ١٠٣ ڕۆژە مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاندووە.

هاوکات لە باشور، باکور و ڕۆژئاوای کوردستان، زیندانەکانی تورکیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، کەنەدا و دەیان وڵاتی دیکەی ئەوروپا، مانگرتن لە خواردن دژ بە گۆشەگیریی سەر ئۆجالان بەردەوامە.

د.ع