یوکسەکداغ  لەبەر سوکایەتی کردن بە ئەردۆغان سزادرا

فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی گشتی پێشووی هەدەپە، کە لە چوارچێوەی داوای 'بێڕێزیکردن بەرامبەر سەرۆک کۆمار' دادگایی دەکرا، سزای ماددی بەسەردا سەپێنرا، ئەویش بەدادگای وت: فکرێک و ڕاستییەک بە دەیان ساڵیش لە زیندانەکاندا بمێنێتەوە، ناتوانرێت سزا بدرێت.


ئەمڕۆ دانیشتنی بڕیاردان لەسەر داوای 'بێڕێزیکردن بەرامبەر سەرۆک کۆمار' کە لە دژی فیگەی یوکسەکداغ هاوسەرۆکی گشتی پێشووی هەدەپە درابوو، بەڕێوە چوو، یوکسەکداغ لە ڕێگای سیستمی دەنگ و ڕەنگەوە بەشداریی لە دانیشتنی حەفتەمین دادگای سزاکانی ناوچەی ئاسلیی شاری وان کرد، لە دانیشتنی دادگاییەکەدا پارێزەری تەییب ئەردۆغان سەرۆکی گشتی ئاکپارتی بەشداربوو.

یوکسەکداغ لە دانیشتنەکەدا وتی، فکرێک و ڕاستییەک بە دەیان ساڵیش لە زیندانەکاندا بمێنێتەوە، ناتوانرێت سزا بدرێت، ئەم ڕێبازە بە دەیان جار لە مێژوودا تاقی کرایەوە، بەڵام هیچ کاتێکیش سەرکەوتوو نەبوو، بگرە گەل هەمیشە لە پشتی پارتەکەی مایەوە، ڕاستییەکان هیچ کات ون نابن و سزا نادرێن، ئێمە لە دژی زاڵمەکان لە خۆڕاگریدا دەبین، ئەگەر ئێمە خۆڕاگر نەبین، ئەوان سەردەکەون، ئێمە و گەلەکەمان هەمیشە خۆڕاگر دەبین و ئەوان ژێر دەکەون، کۆشک ڕۆژێک هەڵدەوەشێتەوە و ئەوانەی حکوم دەکەن، لە ژێریدا دەمێننەوە.

لە ئەنجامی دادگاییەکەدا لیژنەی دادگاکە بەبڕی هەزار و ٧٤٠ لیرەی تورکی سزای یوکسەکداغدا سەپاند.

شایەنی باسە، لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٧وە فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە، دەستگیرکراوە، بە چەندین دۆسیە تۆمەتبارکراوە، کە یەکێکیان سوکایەتیکردنە بە سەرۆک کۆماری تورکیا.

د.ع