یەكێتی: بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان ئەرکی خۆمان پێکدێنین

شاندێکی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی سەردانی نوێنەرایەتی کانتۆنەکانی باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریایان کرد لە باشوری کوردستان و دژایەتیی خۆیان بۆ ھەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک دەربڕی، ڕاشیانگەیاند: بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان وەک پێشمەرگە ئەرکی خۆمان پێکدێنین.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێکی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی نوێنەرایەتی کانتۆنەکانی باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریایان کرد لە شاری سلێمانی.

شاندەکەی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەمەھەژار و ئەندامێتیی ئارام قادر خەبات و حاجی قادر و ژمارەیەکی دیکە لە ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی،  لەلایەن هەریەک لە مەسعود حەسۆ، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتییەکە و سلێمان عەرەب، نوێنەری پەیەدە لە باشوری کوردستان، پێشوازییان لێکرا.

محەمەد حەمەهەژار، ئەندامی شاندەکەی یەکێتی، لەسەر ناوی حزبەکەی پشتیوانیی بۆ خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نیشاندا و وتی: هەر هێرشێک بۆسەر ڕۆژئاوا، هێرشە بۆسەر باشوری کوردستانیش، چونکە ئەگەر تورکیا لەو هێرشەدا بە ئامانج بگات، ئەوا داگیرکاریی لەسەر باشوریش درێژ دەکاتەوە، بۆیە ئەرکی هەموو کوردێکە هەڵوێست نیشان بدات.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی، ڕاشیگەیاند: ئێمە وەک پێشمەرگەیەک هەر ئەرکێکمان پێ بدرێت بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان، پێکیدێنین.

ش.ف