یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک دانوستان دەكات

یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بۆ یەكلاكردنی پۆستی پارێزگاری كەركوك، لەگەڵ لایەنی توركمانیی و عەرەبیی دەستی بە دانوستان كردووە، بەرپرسێکی ئەو حزبەش دەڵێت: دانوستانەكان ئەرێنیی بووە.


ماوەی هەفتەیەكە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شاری كەركوك، بۆ یەكلاكردنەوە و هەڵبژاردنی پارێزگایەكی كورد بۆ  كەركوك، دەستی بە دانوستان كردووە و لەگەڵ بەرەی توركمان و لایەنی عەرەبی، هەروەها، لە بەغداش هەوڵەکان دەستی پێکردووە و د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ هەردوولا کۆبووەوەتەوە.

لەبارەی ئەنجام و ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی ناو ئەو کۆبوونەوانە، فەخرەدین محەمەد، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی دووی یەكێتی لە كەركوك، بە رۆژنیوزی وت:" عەرەبی شیعە و سونە نایانەوێت پارێزگار بدرێت بە كورد، بۆیە دەبێت ئەم كێشەیە لەنێوان نەتەوەكانی كەركوك چارسەر بكرێت، بۆ ئەمەش یەكێتی لەگەڵ بەرەی توركمان و لایەن عەرەبی لە شارەكە كۆبووەتەوە".

بە وتەی فەخرەدین محەمەد، لە دانوستانەكاندا دابەشکردنی پۆستی پارێزگای كەركوك و سەرۆكی ئەنجومەن تاوتوێ كراوە و وتی:"بەپێی ماف بێت ئەوا، پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ توركمان و پارێزگار بۆ كوردە".

هەر لەوبارەیەوە، جەمال شكور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراكسێۆنی یەكێتی، بە ڕۆژنیوزی وت:"ئەنجامی كۆبونەوەكان ئەرێنیی بووە و بەردەوامیش دەبن".

جەمال شکور، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە لە کۆبوونەوەکاندا باس لەوە کراوە، کە  پۆستی جێگری پارێزگار بۆ عەرەب دانراوە، وتیشی:"لە کۆبوونەوەکاندا وتوومانە ئەگەر لایەنەکان دەنگ هەڵبژاردنی پارێزگایەكی كورد بدەن لە ئەنجومەن، ئەوا پۆستەكانی تریش بەپێی مافی نەتەوەكان دابەش دەكرێن".

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: ماوەی ساڵێكە كەركوك بێ پارێزگارە، چیتر لە بەرامبەر هەڵنەبژاردنی پارێزگایەكی كورد بۆ كەركوك بێ دەنگ نابین".

جێگای ئاماژەیە، هەرچەندە یەکێتی شەش کورسیی پەرلەمانیی لە کەرکوک بە دەست هێناوە، بەڵام بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق باس لەوە دەکەن، کە مادام یەکێتی پۆستی سەرۆک کۆماری جارێکی دیکە وەرگرتەوە، پێویستە پارێزگاری کەرکوک پ.د.ک، بێت.

هەروەها، مەلود چاوشئوغلو، وەزریری دەرەوەی تورکیا، کە ئێستا لە بەغدایە، لە بەرنامەیدایە لەگەڵ سەرۆک کۆمار و لایەنە تورکمانییەکان کۆببێتەوە و پێدەچێت، یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆکانیان قسەکردن بێت لەسەر پۆستە ئیدارییەکانی کەرکوک.

ش.ف