دووشەممە, 15 يون 2020 – 22:02 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
شەوی ڕابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک هێرشیان بۆسەر شەنگال و مەخمور و برادۆست و قەندیل و چەندین ناوچەی دیکەی باشوری کوردستان ئەنجامدا، مەڵبەندی ٤ی یەنەکە لە شاری دهۆک ڕاگەیەندراوێکی لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: جارێکی دیکە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی باشوری کوردستانیان کرد، دڵەڕاوکێیان لەناو هاوڵاتیاندا بڵاوکردەوە، پێش شەش ساڵ هاوڵاتیانی شەنگال بەدەستی تیرۆرستانی داعش توشی کارەساتێکی جەرگبڕ بوون کە ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند، بەداخەوە کە ئەمڕۆش بە شێوەیەکی دیکەو لەسەر دەستی دەوڵەتی تورکیا بەپێش چاوی هەموو جیهانەوە زۆردارییان بەرامبەر دەکرێت و بۆردوومان دەکرێن.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەوەکەدا هاتووە: وەک مەڵبەندی ٤ی یەکێتی لە دهۆک ناڕازی بوونی خۆمان لەبەرامبەر ئەو هێرشانە ڕادەگەیەنین، بە توندی ئەو بۆردوومانانە شەرمەزار و ڕسوا دەکەین، لەبەر ئەوەی پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانە و دەبێتە هۆکاریی سەرهەڵدانەوە و بەهێزبوونەوەی تیرۆرستانی داعش، هەروەها دەبێتە هۆی نەگەڕانەوەی هاوڵاتیانی شەنگال بۆسەر موڵک و ماڵی خۆیان.
لە کۆتایشدا هاتووە: داوا لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان و حکومەتی عێراق دەکەین، هەموو ڕێگایەک بگرنەبەر بۆ ڕاگرتی ئەو بۆردوومانانە، سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دابنێن.
د.ع