دووشەممە, 3 سبت 2018 – 16:43 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیان بڵاویانکردووەتەوە، ئاماری چالاکییەکانی مانگی ئابی هێزەکانیان ئاشکراکردووە.
لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەی یەپەگەدا باس لەوەکراوە: لە مانگی ئابدا لە سەرانسەری ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە لە هەر شوێن و کاتێکی پێویستدا بە ئەرکی پاراستنی خاک، گەلی ناوچەکە و دەستکەوتەکانی شۆڕش هەستاون، هەروەها هێزەکانمان لە ئاستێکی باڵا و کاریگەردا چالاکییان لەدژی سوپای تورکی داگیرکەر ئەنجامداوە.
بەگوێرەی ئامارەکە، شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە لە مانگی ڕابردوودا ١٨چالاکیی وەک تەقینەوە، چالاکیی بەقەناس، هەڵکوتانە سەر و بۆسە-یان ئەنجامداوە.
لە ئەنجامی ئەو چالاکییانەشدا، ٥٧ سەرباز و چەتەی سەر بە سوپای تورک کوژراون کە دوانیان سەرچەتە بوون، هەروەها ٤٠ سەرباز و چەتەی دیکەش برینداربوون.
هەر بەگوێرەی ئامارەکە، لەو چالاکییەندا شەڕڤانان دەستیان بەسەر چەندین پارچە چەک و بەڵگەی سەربازییدا گرتووە و ٤ ئۆتۆمبێلی سەربازیی و ٣ ماتۆڕسکیلیشیان تێکشکاندووە، گورزیشیان لە ٢ ئۆتۆمبێلی سەربازیی وەشاندووە.
هەر بەگوێرەی ئامارەکەی یەپەگە، لەو ماوەیەدا سوپای تورک ٤ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە ناوچە جیاجیاکانی عەفرین بەبەشداریی هەزاران سەرباز و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئەنجامداوە و سەرجەمیان لە ماوەی کورتدا بەبێ ئەنجام کۆتاییان هاتووە.
یەپەگە ئەوەشی ڕاگەیاندووە، کە لە چالاکییەکانی مانگی ڕابردوویاندا، ٦ شەڕڤانیان شەهیدبووە، بەشێوەیەک دوو شەڕڤانیان لە بەرخۆدانی دژی سوپای تورکدا شەهید بوون و چوار شەڕڤانی دیکەیان لەئەنجامی ڕووداوی هاتووچۆ و نەخۆشیدا شەهیدبوون.
ب.ل