پێنجشەممە, 13 سبت 2018 – 17:17 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە، لەبارەی زنجیرە چالاکییەکی هێزەکانیان، کە لەماوەی ڕابردوودا لەچوارچێوەی قۆناغی دووەمی بەرخۆدانی سەردەم لە عەفرین ئەنجامیان داوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا وردەکاریی و ئەنجامی ئەو چالاکییانەی خستەڕوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە یەکینەکانمان لەدژی بارەگایەکی چەتەکانی سوپای تورک لە ناوەندی شارۆچکەی جندرێس-ی عەفرین چالاکییەکیان ئەنجامداوە، لە ئەنجامی پێکدادانی دەستەویەخەدا ٦ چەتە برینداربوون، کە یەکێکیان سەربازی تورک بووە.
یەپەگە ڕاشیگەیاندووە، کە هەر لە هەمان ڕۆژدا، یەکینەکانیان لە گوندی عومەرا-ی سەر بە شارۆچکەی ماباتای عەفرین لەدژی ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی چەتەکان چالاکییەکیان ئەنجامداوە، لە ئەنجامدا دوو چەتە کوژراون و چەندین چەتەی دیکەش برینداربوون.
ئەوەش خراوەتەڕوو: یەکینەکانمان لە گوندی بەربەنێ-ی ناوچەی ڕاجۆی عەفرین چالاکییەکیان لەدژی چەتەیەکی سەر بە گروپی فەیلەقی شام ئەنجامداوە، لەو چالاکییەشدا چەتەکە کوژراو دەست بەسەر چەکەکەشیدا گیرا، کە لەجۆری (AK-47) بووە.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە هەمان ڕۆژدا یەکینەکانی یەپەگە لە گوندی زەیتوونەکێ-ی سەر بە شارۆچکەی شەرا چالاکییەکیان لەدژی ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی سوپای تورک ئەنجامداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا زانیاریی ڕوون لەبارەی ئەنجامی چالاکییەکەوە بەدەست نەگەیشتووە.
ب.ل