یەپەگە بەدیل گرتنی سێ چەتەی ئەڵمانی، تورک و کەنەدایی ڕاگەیاند

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە، ڕایگەیاند، کە یەکینەکانی دژە تیرۆر بە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت سێ چەتەی تورک، ئەڵمانی و کەنەدایی-یان بەدیل گرت.


ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل- یەپەگە، بەدیلگیرانی سێ چەتەی بیانی داعشی ئاشکرا کرد.

لە ڕاگەیەندراوی یەپەگەدا هاتووە: وەک هەمووان دەزانن تیرۆریستەکان لە وڵاتانی ئەوروپییەوە دەچنە ناو داعشەوە و ئەوە وەک دەرفەتێک بۆ ڕێکخستنی پیلانە تیرۆریستییەکانیان بەکاردەهێنن، ئێمە وەک هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە لەدژی ئەو چەتانە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوومان ئەنجامدا، لە چوارچێوەیەدا تیمە دژەتیرۆرەکانمان لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا سێ چەتەی تورک، ئەڵمانی و کەنەداییان بەدیل گرت.

لە بەردەوامیدا بەم شێوەیە ناسنامەی ئەو چەتانەی ئاشکراکردووە: دێرک ڕیچارد پلیەل، چەتەی ئەڵمانی لە ساڵی ٢٠١٥دا لە سنوورەکانی تورکیاوە بەشداری داعش بووە، محەمەد عەلەی خەڵکی کەنەدایە و وەک قەناس بەدەستێکی تایبەتی چەتەکانی داعش کاری کردووە، ئەو چەتەیە لە ڕەقە و دێرەزۆر و حەسەکە کاری تیرۆریستی کردووە، ئۆرگون ئۆرهان، چەتەی تورک کە لە رێگای ئینتەرنێتەوە پەیوەندی بە چەتەکانەوە کردووە و لە ساڵی ٢٠١٥دا لە سنوورەکانی تورکیاوە چووەتە سوریا و لەناو چەتەکانی داعشدا جێی گرتووە.

ش.ف