هەینی, 12 يون 2020 – 07:27 ڕۆژنیوز – هونەر فارس
https://youtu.be/i6qte3SoZ0U”>
ڕۆژ بە ڕۆژ دەستدرێژی و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشور و ڕۆژئاوای کوردستان لە زیادبووندایە، ئەمەش جگە لە داگیرکردنی خاکی کوردستان بووەتە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی سەدان هاوڵاتی، ناڕەزایەتیی هاوڵاتیانیش دژ بەو داگیرکارییە تادێت لەزیادبووندایە و گرنگی یەکێتی نەتەوەییش تادێت زیاتر دەبێت چالاکوانان و ئابووریناسانی شارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان لەوبارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
حاجی عوسمان عەلی، ئابووریناس لە شاری کفرییە، پێیوایە: سەرجەم ئەو پێکدادانە ناهەموارە نێودەوڵەتییانەی کە لەجیهاندا ڕوودەدەن هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵدان بۆ پتەوکردنی ئابووری، تورکیاش پشێوی نێوماڵی کورد بەدەرفەت دەزانێت و دەیەوێت لەڕێگەی هێرش و داگیرکارییەکانی بۆ سەر خاکی کوردستان، لایەنی ئابووری خۆی بەهێز بکات، هەر لەبەر ئەوەیە ڕۆژانە دەیبینین سنورەکانی خاکی کوردستان دەبەزێنێت و هاوڵاتیانی سڤیل و بێتاوان دەکاتە قوربانی لەڕێگەی هێرش و پەلامارە سەربازییەکانییەوە.
وتشی: حزبە کوردییەکان لەبەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان تا ئێستا نەیانتوانیوە کۆنگرەیەکی نەتەوەیی و کیانێکی سەربەخۆی خۆیان پێکبهێنن، هەرلایەنێکیان هەوڵ بۆ پتەوکردنی پێگەی خۆیان و پڕکردنی گیرفانیان دەدەن، هەروەها وڵاتانی دراوسێش هەرکات ئیشیان پێمان نامێنێت پشتمان لێدەکەن و پەلاماری کورد و کوردستان دەدەن، ئەمانەش بەربەست دروستدەکەن بۆ ئەوەی کوردستان ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینێت.
ئەو ئابووریناسە وتیشی: بۆ ئەوەی لەم قەیرانە سیاسی و ئابورییە ڕزگارمان ببێت پێویستمان بە بەستنی کۆنگرەیی نەتەوەییە، پێویستە پەرلەمان لەژێر ڕکێفی حزبدا بێتە دەرەوە و بگەڕێینەوە خاڵی سەرەتا بۆ ئەوەی بتوانین سنورێک بۆ دەستدرێژییەکانی وڵاتانی داگیرکەر دابنێین.
هەر لەسەر ئەو پرسە کامەران مەجید، چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی، وتی: بەستی کۆنگرەیی نەتەوەیی لەهەموو ساتێکدا زۆر گرنگە بۆ کورد، بەڵام بەپیلانی وڵاتانی بەرژەوەندی خوازی وەکو تورک هەموو جارێک ئەو هەوڵانە لەبار دەبرێن، ئەمەش بۆخۆیی دەرئەنجامی ئەو پەرتەوازەیەیەی نێو حزبە کوردییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستانە کە لەبەر بەرژەوەندییەکانیان ڕێگردەبن لەبەردەم ئەم کۆنگرە پڕ شکۆ و پڕ بەرژەوەندییەی کوردستاندا.
وتیشی: یەک دەنگی کورد دەست و پێی تورکیا دەبەستێتەوە و چیتر ناتوانێت سنوری کوردستان ببەزێنێت و خەڵکی سڤیل شەهید و برینداربکات، بەڵام بەداخەوە سیخوڕەکانی کورد شار بەشار و دێ بەدێ پێش جەندرمەی داگیرکەری تورک دەکەون بۆ ئەوەی جێگای گەریلاکانی کوردیان بۆ ئاشکرا بکەن، بێگومانین لەوەی گەر خیانەتی لایەنە کوردییەکان نەبێت تورک ناتوانێت دەستدرێژی بکاتە سەر خاکی کودستان.
ک.س