یەکێتی ئاڵاکە تەنها لەسەر مەکتەبی سیاسی و مەڵبەند دەهێڵێتەوە

یەکێتی لە کەرکوک ئاڵای هەرێمی کوردستان لەسەر کۆمیتە و بارەگاکانی دادەگرێت و تەنها لەسەر بارەگای مەکتەبی سیاسی و مەڵبەندی ٢ی حزبەکە دەیهێڵێتەوە.


لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان لەلایەن یەکێتییەوە لەسەر مەڵبەند و کۆمیتەکان لە کەرکوک کاردانەوەی لێکەوتەوە، ئێستاش بڕیار دراوە لەسەر کۆمیتەکان ئاڵاکان لابدرێن.

فەخرەدین محەمەد، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی ٢ی یەکێتی لە کەرکوک بۆ ڕۆژنیوز ڕایگەیاند: "سەرەتا کە ئاڵا هەڵکرا بڕیارەکە بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان تەنها لەسەر بارەگای مەکتەبی سیاسی و مەڵبەند درابوو، دواتر کۆمیتەکانی یەکێتی ئاڵای کوردستانیان هەڵکرد".

ڕاشیگەیاند: "دوای ئەوەی کۆمیتەکانیش ئاڵایان هەڵکرد لە ئێستادا بڕیار دراوە، کە ئاڵای سەر کۆمیتەکان دابگیرێت و تەنها لەسەر بارەگای مەکتەبی سیاسی و مەڵبەند بمێنێتەوە".

سەبارەت بە هۆکاری داگرتنەوەی ئاڵاش، فەخرەدین محەمەد وتی: "بڕیارەکە پەیوەندی بە یەکلاکردنەوەی بابەتەکە نیە لە دادگا وەکو باسی لێوە دەکرێت لە زۆربەی  میدیاکانەوە، بەڵکو ئێمە یەکەمجار بڕیارمان دابوو ئاڵا لەسەر دوو بارەگامان هەڵبکرێت ئەویش مەکتەبی سیاسی و مەڵبەند بوو".


ک.ک