چوؤرشەممە, 27 يون 2018 – 16:06 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، بەبۆنەی تێپەڕاندنی بەربەستی %١٠ی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیدا، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی پەروین بوڵدان و سەزای تەمەللـی، هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە و سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی زیندانیکراوی هەدەپە کرد.
لە پەیامەکەدا، وتەبێژی یەکێتی وێڕای پیرۆزباییکردن بەبۆنەی تێپەڕاندنی بەربەرستی %١٠ی دەنگەکان، هیواشی خواستووە: دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن و سەرکەوتنەکانی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە و ئامادەیی نوێنەرەکانتان لە هۆڵی پەرلەمانی تورکیا، ببێتە هەوێنی بەهێزبوونی دیموکراسیی و سەقامگیری سیاسیی و دووبارە ژیانەوەی پرۆسەی ئاشتیی و گفتوگۆی ڕاستەقینەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی تورکیا، بەئامانجی کۆتاییهێنان بە کێشە و ململانێ سیاسییەکان، لەسەر بنەمای رێزگرتن لە ماف و داخوازیەکانی سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکان.
هەروەها، هاتووە: هیوا خوازین، ببێتە قۆناغێکی نوێ لە خەباتی سیاسیی و مەدەنیی و لەیەکترگەیشتن و کرانەوەی زیاتر و پرەنسیپی برایەتی و پێکەوەژیانی گەلانی تورکیا، وێستگەیەک بێت بۆ ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی لە نێویاندا پەرلەمانتاران و ھاوسەرۆکانی پێشووی ھەدەپە.
ب.ل