یەکێتی بیر لە گۆڕینی بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە دەکاتەوە

كێشەكانی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە لەگەڵ كارمەند و پزیشكانی نەخۆشخانەکانی شارەکەدا بە هەڵپەسێراوی ماونەتەوە، سەرچاوەیەکیش باس لەوە دەکات یەکێتی لە سنورەکە نیگەرانە لەو ڕەخنانەی کە ئاڕاستەی بەڕێوەبەری تەندروستی پاریزگاکە کراون کە لە پشکی خۆیەتی و پێدەچێت بە لابردنی لە پۆستەکەی، ئاو بە ئاگرەکەدا بکات.


لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێك لەكارمەند و پزیشكانی تەندروستی هەڵەبجە گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتیان دژی ئەدای کارەکانی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە ئەنجامدا و ٤٥ پزیشكی پسپۆڕ لە بەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانەکانی سنوری بەڕێوبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە، لەوکاتەوە تا ئێستا مانیان گرتووە و نەچوونەتەوە سەر كارەكانیان.

هەڵمەت شەفیق، پەرستاری كارامە و بەرپرسی تیشكی گشتی لە نەخۆشخانەی هەڵەبجە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە نەیتوانیوە باڵانس و هاوسەنگی لە نێوان کارمەند و پزیشک ڕاگرێت و لە ماوەی دوو ساڵی دەست بەکاربوونیدا، تاكڕەوی لە بڕیار و کارەکانیدا ڕەنگیداوەتەوە.

ئەو كارمەندەی تەندروستی ئەوەشی وت، بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە بە گومانەوە سەیری ئەدای کارمەند و پزیشکان دەکات و لە چەندین لاوە سانسۆری خستوونەتەسەر، بەوتەی خۆی ئەو هەنگاوانە وایکردووە کارەکان بە ئاگاداری و هەماهەنگی بەڕێوەنەچن.

یەکێک لەو ڕەخنانەی کە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی هەڵەبجە ڕووبەڕووی بەڕێوەبەری تەندروستییان کردووەتەوە، گواستنەوەی کارمەند و پزیشکان بووە بەبێ ئاگاداری خۆیان، ئێستا کێشەکە بۆ پارێزگار و جێگری پارێزگار بەرزکراوەتەوە و بەڵێنی چارەسەکردنی کێشەکانیان پێداون و تەوەکو ئەوانیش کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بهێنن.

لە بەرامبەردا، دكتۆر ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە، هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی هەڵەبجە ڕووبەڕوویان کردووەتەوە بە ڕۆژنیوزی وت: کێشەکە لە ئەنجامی کاردانەوەی چەند ڕێکارێکی ئیداریدا سەریانهەڵداوە کە لە بەرامبەر دەوام نەکردنی بەشێک لە پزیشک و کارمەندان ئەنجامدراوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شارەکە.

دکتۆر ئازاد، سەبارەت بە گواستنەوەی بەشێک لە پزیشك و کارمەند و هێشتنەوەی بەشێکی دیکەیان ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی زیادبوونی بەشەکانی نەخۆشخانەکانی هەڵەبجەوە ناتوانن لە ئێستادا بەشێک لەو پزیشك و کارمەندانە بگوازنەوە، چونکە کێشە دروستدەبێت و لە ئێستادا فشاریان لەسەرە.

لەبارەی هەوڵەکانیشەوە بۆ چارەسەری کێشەکە بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە ڕاگەیاند، داوایان لە وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی کردووە هاوکارییان بن لە ئاڵوگۆڕی ئەو پزیشک و کارمەندانەی ماوەی یاسایی کارکردنیان تەواو کردووە، دووپاتیشیکردەوە کە بە هیچ شێوەیەک گواستنەوەی كارمەندی لە شوێنەکەی خۆی وەك سزا بەكارنەهێناوە.

دکتۆر ئازاد مستەفا، هۆشداریشی دایە ئەو پزیشک و کارمەندانەی کە نەگەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان و دەڵێت: لە ئەگەری ڕوداوێکی نەخوازراودا، ڕێكاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر و لە حاڵەتی گیانلەدەستدانی هەر نەخۆشێکیشدا دۆسیەی ئەو پزیشک و کارمەندانە ئاڕاستەی داواکاری گشتی دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی تەندروستی هەڵەبجە، کە نەیویست ناوی بهێنرێ بە ڕۆژنیوزی وت، بەرپرسانی یەکێتی لە سنورەکە بەڵێنی گۆڕینی بەڕێوەبەری تەندروستی شارەکەیان پێداون، بۆئەوەی کەرتی تەندروستی لە سنوورەکە بەهۆی ناکۆکی بەڕێوەبەرو کارمەندانی تەندروستی سنوورەکەوە ڕووبەڕووی ئیفلیجی نەبێتەوە.

ک.س