یەکێتی: دەبێت به‌غدا و كه‌ركوك و هه‌رێم یه‌ك پاكێج بێت

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ڕایگه‌یاند، یه‌كێتی دەتوانێت له‌ زووترین كاتدا کاندیدەکانی یەکلابکاتەوە، یه‌كلا بكاته‌وه‌، به‌ڵام چاوه‌ڕوانی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌یانن له‌گه‌ڵ پارتی، ڕاشیگەیاندووە: یەکێتی سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌غدا و كه‌ركوك و هه‌رێمی كوردستان یه‌ك پاكێج بێت و كێشه‌كانیان ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا چاره‌سه‌ر بكرێن.


هەرچەندە زیاتر لە جارێک یەکێتی و پارتی ڕێککەوتنی نێوانیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم ڕاگەیاندووە، کە دواجاریان ٥ی ئەم مانگەبوو واژۆی ڕێککەوتنەکەیان بە فەرمی کرد، بەڵام بەپێی قسەی بەرپرسانی یەکێتی تا ئێستاش ناکۆکی لە نێوان ئەوان و پارتیدا ماوە.

بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بەماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاندووە:" یه‌كێتی كاتی زۆری ناوێت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كاندیدانی بۆ پۆسته‌كانی په‌رله‌مان و حكومه‌ت، به‌ڵام چاوه‌ڕوانی هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌مانین له‌گه‌ڵ پارتی".

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و مه‌سعود بارزانی بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌رده‌وامیی هه‌یه.

بڵێسە جەبار فەرمان وەک ئاماژەدانێک بە ناکۆکی نێوان حزبەکەی و پارتی، ڕایگەیاندووە:"یه‌كێتی سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌غدا و كه‌ركوك و هه‌رێمی كوردستان یه‌ك پاكێج بێت و كێشه‌كانیان له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌دا چاره‌سه‌ر بكرێن".

س.ح