یەکێتی لە پەراوێزی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمدا

خوولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵێک ئاڵنگارییەوە دەستبەکاربوو، بەرزبوونەوەی کێرڤی پارتی لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاڕادەیەک گۆڕانی دروستکرد لە هاوکێشەی سیاسی و ئێستا بە ئاشکرا ڕەنگیداوەتەوە لە هەرسێ دەسەڵاتەکانی هەرێمدا.


هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی لە ٧ی ئەم مانگەدا، دیوێکی ململانێکانی پارتی و یەکێتی دەرخست، بەوپێیەی بەبێ ئامادەبوون و سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنەکەی، پارتی توانی بە هاوکاری پێکهاتەکان هەنگاوەکانی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر ئەو پەرلەمانتارە تەواو بکات.

یەکێتی کە لەم خولەدا بە ٢٤ کورسی پەرلەمان لە دوای پارتییەوە بەراورد بە خولەکانی ڕابردوو قورسایی زۆری لە دەستداوە، لە لایەکەوە نەیتوانیوە هاوشێوەی پارتی کۆدەنگی و زۆرینە بۆخۆی مسۆگەر بکات، لە لایەکی دیکەوە دانانی جێگرێکی پارتی بۆ سەرۆکی پەرلەمان، تاڕادەیەک لەمپەری سیاسیی بۆ دروستکردووە.

پارتی بە ٤٥ کورسی پەرلەمانی و ١١ کورسی کەمینەکانەوە توانیویەتی زۆرینەی پەرلەمانی بۆخۆی مسۆگەر بکات، بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر و بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان لەکاتی ئامادەنەبوونی لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا، ئەو پەیامەی بە گوێی یەکێتی دا، کە هەرچەندە سەرۆکی پەرلەمانی لە دەست نییە، بەڵام بڕیارەکانی لە سەروی سەرۆکەوەیە و دەبێت بە ناچاریش سازشی بۆ بکات.

خوولی ڕابردووی پەرلەمانیش پارتی بە هەمانشێوە دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی بۆ خۆی یەکلا کردەوە، پاش ئەوەی ڕێگەی نەدا سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، لەو نێوەندەشدا یەکێتی بە هەمانشێوە هەم کەمینە و هەم بە تەنیا مایەوە لە پەرلەمان.

لە ئاستی دەسەڵاتەکانی حکومەتیش لەم کابینەیەدا تیمی یەکێتی هەر لەسەرەتاوە نیگەرانی خۆیان بەرامبەر مامەڵەکانی مەسرور بارزانی نیشاندا و ژێربەژێر بڕیاری کشانەوەیان لە حکومەت دا، بەڵام سەرکردایەتی یەکێتی دواجار هاتە ژێر باری واقیعە سیاسییەکە و بڕیاری مانەوە و درێژەدانیان بە کارکردن لەگەڵ مەسرور بارزانی و تیمەکەی دا.

ناڕەزاییەکانی تیمی یەکێتی لە کابینەی نۆیەم بۆ پەلوپۆکردنی دەسەڵاتەکانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و سەندنەوەی دەسەڵاتەکان لە سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئامانج ڕەحیم و دانانی ڕاوێژکار بە پەنای هەر وەزیرێکی یەکێتیەوە دەگەڕایەوە.

لە گەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی کۆرۆناش، سەرۆکی حکومەت بەوە تۆمەتبار کرا کە جیاوازی کردووە لە نێوان پارێزگاکان و نەناردنی کۆمەک و هاوکاری بۆیان، هەرچەندە قوباد تاڵەبانی وەک سەرۆکی لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم دیاریکراوە، بەڵام وەک دەبینرێت بە ئێستاشەوە بڕیارەکان لەوبارەیەوە لەلایەن وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمەوە دەدرێن "کە پشکی پارتییە" و ڕۆڵی قوباد تاڵەبانیش لەو نێوەندەدا تا ئێستا ڕوون نییە.

ئێستا ڕیواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانییە و بڕیاریداوە بەشداری کۆبوونەوەکانی پەرلەمان نەکات، وەک خۆی دەڵێت تا ئەوکاتەی شکۆ بۆ دامەزراوەی پەرلەمان دەگەڕێتەوە، بە ئاشکرا نیگەرانی دەردەبڕێ لە ئاست ئەو هەنگاوانەی هێمن هەورامی جێگری کە لە ئامادەنەبوونی ئەودا ناویەتی، لە کاتێکدا پارتی دەڵێت هەنگاوەکان پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان نین.

لە دوای دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرانی ناڕازی دهۆک لەلایەن هیزە ئەمنییەکانەوە، سەرۆکی پەرلەمان ناڕەزایەتی نیشاندا بەرامبەر حکومەتی هەرێم و وتی، "کوردستانیان لە هەمووان تووڕەن، ناڕەزایەتییەکانیان سنوور ناناسێت، ئەرکی دەسەڵاتی سیاسییە گوێڕادێریان بێت و وەڵامی ئەرێنی بۆ داواکانیان هەبێت".

ئەم پەیامەی ڕێواز فایەق لە دوای هەڵپەساردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دێت لەلایەن خۆی و فراکسیۆنەکەیەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەروەها یەکەم لێدوانی توندیەتی لە دوای دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەی.

لەبارەی نیگەرانیەکانیەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە هەولێر تیمی پارتی له حكومەت سەردانی یەکێتییان کردووە، شاندەکەی یەكێتیی بەڕوونی هۆكاری ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسی و دەرەنجامەكانی ئێستای حكومڕانییان بە شاندەكەی پارتی گەیاندووە.

سەرچاوەیەکی سیاسی بەرپرس لە یەکێتی لەم بارەیەوە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، یەکێتی نیگەرانییەکانی ١٠ ساڵی ڕابردووی بەرامبەر پارتی هەڵگرتووەو لە کۆبوونەوەی داهاتوودا کە بڕیارە دوای جەژن ئەنجام بدرێت، بەو حزبە ڕادەگەیەنن.

بەوتەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی، واقیعی ئێستای هەرێم وا دەخوازێت پارتی بەبێ یەکێتی هەنگاوی جیاواز نەنێت کاریگەری بکاتە سەر هاوکێشەی سیاسی، ئەوەشی ئاشکرا کرد، یەکێتی چیتر قبوڵی ناکات پارتی لە ئامادەنەبوونی ئەودا تاکلایەنانە بڕیار بدات و ئەو ڕێککەوتنە سیاسیەش کە لە نێوانیاندا هەیە، دەبێ پێداچوونەوەی پێدا بکەن و خاڵ لەسەر دێڕ بە دێڕی ڕێککەوتنەکانیان دابنێن.

سەرکردایەتی نوێی یەکێتی ئێستا پێیانوایە چیتر سیاسەتی بەركەناركردنی هێزو لایەنە سیاسییەكان و سیاسەتكردن و عینادیکردن بۆ پارتی ناچێتە سەر و دۆخی هەرێم تا لە ڕووی سیاسییەوە سەقامگیر نەکرێت ناتوانرێت حکومەت خزمەتگوزاری بە خەڵک پێشکەش بکات.

پارتی لەم خولەی حوکمڕانیدا، بە کۆمەڵێک پۆست و پلەی هەستیارەوە، دەستی بەسەر زۆربەی جومگەکانی حوکمڕانی هەرێمدا گرتووە، لە وانەش:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی حکومەت

جێگری سەرۆکی پەرلەمان

سەرۆکی داواکاری گشتی

وەزارەتەکانی ناوخۆ و داد و سامانە سروشتیەکان

دیوانی چاودێری دارایی

دیوانی ئەنجومەنی وەزیران

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە.

س.ح