"یەکێتی ناوماڵی کورد پیلانگێڕییەکان پوچەڵ دەکاتەوە"

هاوڵاتیانی باشوری کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە هەرچوار پارچەی کوردستان پیلانگێڕیی لەسەر کورد هەیە و تاکە ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی ئەو پیلانگێڕییانەش یەکێتیی ناوماڵی کوردە، پێشیان وایە: بازرگانییەکان وایکردووە ناوماڵی کورد بە پەرتەوازەیی بمێنێتەوە.


لەبارەی گرنگیی پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کورد و ئەو هۆکارانەی کە ناوماڵی کوردیان پەرتەوازە کردووە، هاوڵاتیانی باشوری کوردستان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

مەلا حەسەن، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی حەمرین-ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات: بەدرێژایی مێژوو پەرتەوازەیی کورد بووەتە هۆی ئەوەی کە وەک پێویست قەوارەی سەربەخۆی خۆی نەبێت، هەرکاتێک کورد یەکیگرتبێت بەرهەمی ڕەنجی شەهیدانی چنیوەتەوە و توانیویەتی ببێتە خاوەن دەستکەوت، دەوڵەتانی ناوچەکەش بەردەوام لە پیلانگێڕیدان بۆ لە ناوبردن و ژێردەستەکردنی گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان.

مەلا حەسەن باسی لەو هێرش و داگیرکارییانە کرد، کە لە هەرچوار پارچەی کوردستان لەدژی کورد بەڕێوەدەچن و، وتی: لە ڕۆژئاوای کوردستان بەناوی دروستکردنی ناوچەی ئارام و لە ڕۆژهەڵات بەهەمان شێوە کورد زوڵم و زۆری لێدەکرێت، لە باشور داگیرکاریی و تەعریب هەیە، لە باکوری کوردستان نوێنەرانی ڕاستەقینەی کورد لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە و قەیوم دەخرێتە جێیان، ئەمانە هەمووی پیلانی نێودەوڵەتین و بەداخەوە کوردیش کەمتەرخەمە لە بەرەنگاربوونەوەی پیلانگێڕییەکان.

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرین-ی یەکێتی پێشیوایە: تاکە ڕێگا بۆ ئازادبوون، یەکێتیی ڕیزەکانی نەتەوەییە، هەوڵدانە بۆ لێکنزیکبوونەوەی هێڵی نەتەوەیی لە هەرچوار پارچەی کوردستان، کە تاوەکو ئێستاش نەمانتوانیوە هێزە مەعنەوییەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیلانەکان یەکبخەین.

هەروەها، محەمەد حەمەساڵح، نووسەر و وەرگێڕ دەڵێت: ئەو دۆخەی کە ئێستا لە باشوری کوردستان دەگوزەرێت، دوورکەوتنەوەیە لە پرسە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان، ئەنجامی بازرگانییەکان بەمجۆرە شکاندوویەتییەوە، چونکە بازرگانیی وادەکات کە دەبێت پابەندی کۆمەڵێک فەرمان بیت.

جەختیش دەکاتەوە: ئەرکی هەموو خەڵکە کە هەوڵ بۆ بەدیهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کورد بدەن، نابێت دەستەوسان بین و چاوەڕێ بکەین ئەم کارەمان لەسەر سینییەکی زێڕین بۆ بهێندرێت، دەبێت هەموومان کاری بۆ بکەین و خەڵک لە مەترسییەکانی پەرتەوازەیی هۆشیاربکەینەوە، چونکە ئەگەر یەکنەبین چاوەڕوانی هەڵدێر دەکەین.

هەر لەوبارەیەوە، نیاز جاف، سەرۆکی ڕێکخراوی نێرگزی خانمانی کورد دەڵێت: کورد هەتا یەکبێت هێشتا کەمە، کورد یەکێکە لەو نەتەوانەی کە تاوەکو ئێستا قەوارەیەکی یەکگرتووی سەربەخۆی نییە، یەکگرتوویی دەمانگەیەنێت بەوەی کە قەوارەیەکی سەربەخۆ و زمانێکی ستانداردمان هەبێت.

س.ح