یەکێتی: ناکرێت دەنگ بە پارێزگاری موسڵ بدەیت و کەرکوک پشتگوێ بخەیت

بەپرسێكی یەكێتی لە كەركوك ڕایدەگەنێت، پێویستە هەرچی زووە پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک دابنرێت، هاوکات وەک تانەیەک لە پارتی دەڵێت: ناکرێت بەشداربیت لە هەڵبژاردنی پارێزگاری موسڵ دا و کەرکوک پشتگوێ بخەیت.


پارتی و یەكێتی ڕێكکەوتنێکی سیاسیی هاوبەشیان واژۆكردووە، كە بە وتەی بەرپرسانی یەکێتی، بەشێكی ڕێكەوتنەکە پەیوەستە بە دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ شاری كەركوك، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ ئاماژەیەكی ئەوتۆ بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد لە ئاردانییە.

عەلی محەمەد، كارگێڕی مەڵبەندی دووی یەكێتی لە كەركوك، وەک ڕابردوو جەخت لەوە دەکاتەوە، کە گرنگە زوو پاریزگار هەڵبژێردرێت و دەبێت یەکێتیش بێت، دەشڵێت: چوونكە یەكێتی زۆرینەی دەنگەكانی ئەم شارەی بەدەستهێناوە، هەر بۆیە ناكرێت كورد لە بەغدا سیاسەتێكی هەبێت و لە هەرێم سیاسەتێكیتری هەبێت، دەبێت هەمووان هاوبەش بین لە داڕشتنی سیاسەتی هەرێمی كوردستان، هەر بۆیە یەكێتی لەسەر ئەو بنەمایە ڕێكەوتنی لەگەڵ پارتیدا واژۆكردووە، پێمان وایە هاوکات لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم، هەوڵەكان بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دەستپێدەكات.

عەلی محەمەد پێیوایە ناکرێت چاوەڕوانی وڵاتانبین بۆ یەکلاکردنەوەی دۆخی کەرکوک و دەڵێت: ناكرێت چاوەڕوانی هەلومەرجێكیتری ناوخۆیی و نیوەدەڵەتی بین بۆ ئەوەی بارودۆخی كەركوك ئاسایی بێتەوە، بابەتی كەركوك بابەتێكە پێویستی بە چارەسەری ڕیشەیی هەیە كە داگیركراوە لەلایەن سوپای عێراقەوە، بەهەمان شێوە موسڵیش داگیركراوە، باشە بۆ موسڵ لە پڕۆسەیەكدا ئەنجوومەنی پارێزگا كۆدەبێتەوە و پارێزگارێك بۆ شارەكە هەڵدەبژێردێت، دەكرێت لە پارێزگای كەركوكیش ئەو پڕۆسەیە بەڕێوە بچێت".

ئەگەرچی کاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق نادیارە، بەڵام ئەگەرێک هەیە کۆتایی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت، لەسەر کاریگەریی هەڵبژاردن و دۆخی ئێستای کەرکوک، عەلی محەمەد وتی: ناكرێت ئێمە پارێزگارێكی كوردمان نەبێت و بەشداربین لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، دەبێت دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە، لایەنی ئەمنی شارەكە باش بكرێت و لایەنە ئیدارییەكەی بگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی، ئەمەش تەنها بە پارێزگارێك دەكرێت كە توانای هەبێت دۆخەكە بگۆڕێت.

ئەو بەرپرسەی یەکێتی، بەبی ناوهێنانی پارتی وتی: ناكرێت بۆ موسڵ كاركردن حەڵاڵ بێت بۆ كەركوك حەرام بێت، بۆیە ناكرێت حزبێك لە موسڵ پارێزگارێك هەڵبژێرێت و كەركوك پشتگوێ بخات.

ئەم قسەیە لە کاتێکدایە، هەمیشە پارتی و یەکێتی لە دۆخی کەرکوک یەکتر تۆمەتبار دەکەن، هەروەها لەم هەفتەیەدا، پارێزگار و جێگرێکی بۆ موسڵ هەڵبژێردران، کە بە هاوبەشی پارتی و لایەنە عێراقییەکان بوو، جێگرەکەش لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراقـە.

س.ح