یەکێتی و پارتی شاندی هاوبەش بۆ دانوستان پێکدەهێنین

یەکێتی و پارتی هاوپەیمانێتی سائیروون و فەتح-یان بە ئەرێنی ناوبرد و ڕایانگەیاند، هەڵوێستی هاوبەشیان گەڵاڵە دەكەن و بەزووترین كات، شاندی هاوبەش، بۆ دانوستان پێكدێنین.


دوێنێ سێشه‌ممه‌ موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری‌ ڕه‌وتی‌ سه‌در له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامەنووسی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ‌ هادی‌ عامری‌ سه‌رۆكی‌ لیستی‌ فه‌تح ڕایگه‌یاند، كه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌ك له‌نێوان لیستی‌ سائیرون و لیستی‌ فه‌تح پێكهێنراوه‌.

لەوبارەیەوە درەنگانی شەوی ڕابردووش یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو هاوپەیمانێتیەیان بە ئەرێنی ناوبرد و ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: مەكتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی ئەو هەنگاوە بە ئەرێنی دەزانن و پێمان وایە، سەرەتای نەخشە رێگایەكی سیاسی و هاوپەیمانی باشە، لەپێناوی دەربازبوون لەم دۆخە بنبەستە سیاسییە، بێگومان یەکێتی و پارتی، هەڵوێستی هاوبەشیان گەڵاڵە دەكەن و بەزووترین كات، شاندی هاوبەش، بۆ دانوستان پێكدێنین.

ئاماژە بەوەشدرابوو: لە هەمانكاتدا ئومێدەوارین، سەرجەم لایەنە كوردستانی و عیراقییەكان، خاڵە هاوبەشەكان بەسەر خاڵە ناكۆكەكاندا زاڵ بكەین و پێكەوە بەرپرسیارێتی حكومەتێكی سازاوی نیشتمانی بۆ ڕاپەراندنی ئەركە هاوبەشەكان پێك بهێنین و یەك ڕیزی نیشتمانی بپارێزین.

س.ح