"یەکێتی ٣٩ ناوی بۆ پارێزگاری کەرکوک داوەتە پارتی"

عەدالەت عەبدوڵا، چاودێری سیاسی، دەڵێت: یەکێتی هەتا ئێستا ٣٩ ناوی بۆ پارێزگاری کەرکوک ناردووە بۆ پارتی، بەڵام پارتی هەموویانی ڕەتکردووەتەوە، ئاماژە بەوەش دەکات، کە یەکێتی لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەو ناوانە متمانەی بە پارتی نەماوە، بۆیە بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانی کرد تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم.


یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پێداگریی لەسەر دیاری کردنی کاندیدێک دەکات بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک، پاریی دیموکراتی کوردستان- عێراق، بۆ وەڵامی یەکێتی، ڕێککەوتننامەکەی نێوانیانی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە هاوکات لەگەڵ هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت، کەسێک بۆ پارێزگاری کەرکوک هەڵدەبژێرێت بە خواستی یەکێتی و بە ڕەزامەندی پارتی، واتا بەپێی ڕێککەوتننامەکە هێشتا کات ماوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک.

عەدالەت عەبدوڵا، چاودێری سیاسی و ڕاوێژکاری مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی، لەمیانی بەشداریی کردنی لە بەرنامەی 'پرس' لە ڕادیۆی دەنگی وڵات لەوبارەیەوە وتی: ڕاستە بەپێی ڕێککەوتننامەکەی نێوان یەکێتی و پارتی هێشتا کات ماوە بۆ دیاری کردنی کەسێک بۆ پارێزگاری کەرکوک، بەڵام یەکێتی متمانەی بە پارتی نەماوە، لەبەر ئەوەی تا ئێستا ٣٩ ناوی ناردووە بۆ پارتی بۆ ئەوەی پارتی یەکێک هەڵبژێرێت بۆ پارێزگاری کەرکوک، بەڵام پارتی هەمووی ڕەتکردووەتەوە.

دەشڵێت: یەکێتی لەبەر ئەوەی متمانەی بە پارتی نەمابوو، بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانی کرد تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم.

عەدالەت عەبدوڵا، ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە پەراوێزی مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێمدا، چەند کۆبوونەوە و گفتوگۆیەک لەنێوان یەکێتی و پارتیدا کراوە، ئەمجارە پارتی بەڵێنی داوە کە ڕەزامەندی لەسەر کاندیدێک دەربڕێت و ئەو کێشەیە چارەسەربکرێت.

د.ع