یەکێتی: پشتیوانیی خەباتی باکوری کوردستان دەکەین

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە "بەخۆشحاڵییەوە" پێشوازییان لە شاندی هەدەپە و کەجەدە کردووە و جەختیش دەکاتەوە، کە پشتیوانیی خەباتی سیاسیی و مەدەنیی باکوری کوردستان دەکەن و لایەنگری هەوڵی ئاشتیانەن بۆ چارەسەری پرسی کورد لە باکوری کوردستان.


دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی هەدەپە و کەجەدە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەرەیەک لە لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکی تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکرات-کەجەدە، بەجیا کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا.

لەتیف شێخ عومەر خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی شاندەکە دەربڕی و وتی: بەخۆشحاڵییەوە شاندێکی باڵای هەدەپە و کەجەدە هاتن و سەردانی مەکتەبی سیاسییان کرد و میوانی ئێمە بوون، ئێمە لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ شاندەکەدا جەختمان لەوەکردەوە، کە ئێمە وەک حزبێکی سیاسیی پشتیوانیی خەباتی سیاسیی و مەدەنیی کوردانی باکوری کوردستان دەکەین، هەر لە کۆنیشەوە ئێمە لایەنگری هەوڵی ئاشتیانەین بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە باکوری کوردستان، لەو پێناوەشدا جەنابی مام جەلالیش هەوڵی گەورەی داوە، ئێمەش لەسەر ئەو ڕێبازە پشتیوانی هەموو هەوڵێکی ئاشتیانەین بۆ چارەسەری ئەو پرسە.

وتەبێژی یەکێتی دەشڵێت: بەبێ چارەسەری کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەکە ئارامیی بەخۆیەوە نابینێت، بۆیە هەموومان لەگەڵ ئەوەین کە خەباتی مەدەنیی و دیموکراسیی و یەکسانیخوازیی گەلەکەمان بەردەوامبێت، بۆ بەرپابوونی ئاشتی و دەستگرتن بە چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکەمان.

هەروەها بەردان ئۆزتورک، هاوسەرۆکی کەجەدە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، وتی: ئێمە دەمانەوێت لە تورکیا بەرەی دیموکراسیی پێکبهێنین، لە ئاستی کوردستانیش یەکێتیی نەتەوەیی پێکبهێنین، ئەگەر ئێمە یەکێتیی نەتەوەییمان بەرامبەر هێرشەکان پیشان نەدەین، ئەوا ئەم کێشەیە تا سەدەکانی دیکە درێژەی دەبێت.

ئاماژەی بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیش کرد لەسەر خاکی باشوری کوردستان و وتی: پێشتر تەنها دوو بارەگای دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان هەبوو، بەڵام ئێستا زیادیکردووە بۆ ٣٦ بارەگا، ناوی داگیرکارییەکانیان کردە 'ئۆپەراسیۆنی چنگ'، بەڵام ئەمە ڕاست نییە، لە هەرکوێیەک کورد خۆی ڕێکخستبێت، هەوڵیانداوە ئەو ستاتۆ و خۆڕێکخستنە تێکبدەن، دەیانەوێت ئەم ستاتۆیەش هەڵبوەشێننەوە، ئامانجی هاتنەکەی ئێمەش بۆ ئەوەیە کە ئەم بۆچوونانەمان لەگەڵ حزبەکاندا باسبکەین.

س.ح