یەکێک لەدایکانی ئاشتی گواسترایەوە بۆنەخۆشخانە

چالاکی دایکانی ئاشتی لە بازگەی ئاسایشی پارتی لەنێوان هەولێر-مەخمور لەدژی گەمارۆی سەر کەمپی مەخمور کەئەمڕۆ ٥٥ ڕۆژە، بەردەوامی هەیە، چالاکی دایکانیش ئەمڕۆ ١٠ ڕۆژە بەردەوامە، ئەمڕۆش بەهۆی فشارەکانی ئاسایشی پارتی کە ناهێلێت خواردن و خواردنەوە بۆ دایکان بچێت، دایکێک بەناوی سەربەت سالح بەهۆی خراپی تەندروستی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.


ئەمڕۆ ٥٥ ڕۆژە گەمارۆی سەر کەمپی مەخمور بەردەوامە، لەدژی ئەمەش گروپێک لە دایکانی ئاشتی ئەمڕۆ ١٠ ڕۆژە لە چالاکی دانیشتن دان لەبازگەی ئاسایشی پارتی لەنێوان هەولێر-مەخمور، بەڵام ئاسایشی پارتی ڕێگە نادات هیچ کەسێک سەردانیان بکات و ناهێڵێت هیچ خواردن و خواردنەوەیەکیش بۆ دایکان بچێت.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دایکێک بەناوی سەربەت سالح بەهۆی گەرمای زۆرو نەخۆشی و تەندروستی تێکچوو گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لەمەخمور.

د.مەدیا لەبارەی تەندروستی ئەو دایکە بەڕۆژنیوزی وت:" ئەمڕۆ بەهۆی فشارەکانی ئاسایش کە ناهێڵێت کەس خواردن و خواردنەوە بۆ ئەو دایکانە ببات، ئەم دایکە تەندروستی تێکچووە و هێنراوەتە نەخۆشخانە".

وتیشی:"ئاگادار کراینەوە کە دایکێک تەندروستی تێکچووە، ئێمەش وەک تیمی تەندروستی چوینە جێگای چالاکیەکە،بەهۆی ئەوەی ١٠ ڕۆژە لەبەردەم بازگەی پارتی لەبەر گەرما ی زۆر لەچالاکیدایە، نەخۆش کەوتووە".

ئەم دکتۆرە بانگەوازی کرد لە تەواوی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکی مرۆڤایەتی و ئەخلاقی خۆیان پێک بهێنن و لەبەرامبەر گەمارۆی سەر کەمپەکەیان بێدەنگی بشکێنن.

ب.ش