توێژەرێکی عێراقی پێشبینی گرنگترین ئەو گۆڕانکارییانە دەکات کە لە دوای هاتنی بایدنەوە چاوەڕوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، لەوانەش بەهێزکردنی میسر لە بەرامبەر تورکیا و بەهێزکردنی عێراق و ڕێگە گرتن لە پارچە پارچەبوونی.
دکتۆر جەواد کازم بەیزانی، بەڕێوەبەری پەیمانگای عێراقی بۆ خوێندنی کوردی، لەسەر ئەو گۆڕانکارییانەی کە جۆ بایدنی سەرۆکی نوێی ئەمریکا ڕەنگە بیهێننە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێ و دەڵێت، بایدن شێوەی مامەڵەکردنی لەگەڵ تورکیا و ئێران و کەنداودا بە شێوەیەک دەبێت کە پێچەوانەی سیاسەتی ترامپ دەبێت، بەڵام هەرچی بێت ستراتیژی دوور لە ئەمریکا وەک خۆی دەمێنێتەوە.
دەقی نوسینەکەی دکتۆر جەواد کازم بەیزانی بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز
لە گۆڕەپانی ئەمریکادا پێشکەوتنێک دروست بووە لەوانەش هەڵبژاردنی جۆ بایدنی دیموکرات بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، بەڵام لەوە گرنگتر شێوەی سیاسەتەکەی ئەوە کە پەیڕەوی دەکات کە کاریگەریی دەکاتە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەروەها دەزانین کە سعودیە و کوێت و بەحرەین پەیوەندییان لەگەڵ ترامپ هەیە کە ئەندازیاری ئاسایی بوونەوەی پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات و پاشان بەحرەین بووە و لۆبی کردووە بۆ ئەوەی پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و سعودیە سەر بگرێت و ڕۆڵی سەرەکی گەورەی بینیوە لە گۆڕینی ئاڕاستەی ڕای سودان سەرەڕای ڕەتکردنەوەی ئاساییکردنەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا.
کەواتە ئایا گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمریکادا ڕوودەدات؟
ئەوە دەزانین کە ترامپ باڵیۆزخانەی ئەمریکاشی گواستووەتەوە بۆ قودس، ئەمەش بەڵگەیە بۆ دانپێدانانی بە قودس بە پایتەختی ئیسرائیل، بە هەمان شێوە هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاواش ئەو ڕێگایەیان گرتووەتەبەر، هەروەها ترامپ گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکرد، بۆ ئەوەی سیاسەتی فراوانخوازبوونی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پراکتیزە بکات.
ترامپ بەهۆی فشارەکانی بۆ سەر هەندێک وڵات و بەتایبەت زلهێزانی وەک بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و هۆڵەندا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا توند کردبوو، بەتایبەت لەسەر ئەو هاوکارییە داراییەی کە بۆ ناتۆ دەکرێت، چونکە دەزانین زیاتر لە ٨٠٪ی ئەو پارەیەی کە لەهاوپەیمانی خەرج کراوە، ئەمریکییە، بۆیە ترامپ دەیویست ئەوروپا ڕێژەی بەشدارییەکانی بۆ هاوپەیمانێتییەکە زیاد بکات و هەمیشە هێرشی دەکردە سەر ئەوروپا بۆ باشترکردنی باری ئابووریی خۆی.
بەڵام ئەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی سوریا و عێراق!
هەروەها دەزانین بایدن ئەندازیاری پلانی دابەشکردنی عێراقە بەسەر سێ وڵاتی (کورد، شیعە – سوننە) دا، بەڵام دواتر لە ژێر گوشاردا ئەم سیاسەتەی گۆڕی، بەڵام لە پەیوەندیی لەگەڵ تورکیا ئیجابی نییە، شاهیدی ئەو هێرشانەین کە لەماوەی ڕابردوودا لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا کردویەتییە سەر ئەردۆغان، هەر ئەوەش وایکرد بایدن ناچار بکات داوای لێبوردن بکات.
کەواتە هیچ شتێک لە ئیدارەی ئەمریکا یان سیاسەتی دەگۆڕێت؟
من پێموایە گۆڕانی بەرچاو بەخۆیەوە نابینێت، بەڵام گەڵاڵەکان وەک خۆیان دەمێننەوە، هۆکاری ئەوەش کە ئەمریکا دەوڵەتی دامەزراوەییە، ستراتیژی درێژخایەن پەرەپێدەدات کە ڕێگە نادات گۆڕانکارییەکی کتوپڕ لەپێکهاتەی ستراتیژیدا بکات، بەڵام ڕەنگە گۆڕانکارییەک لە پەیوەندی نێوان ئەمریکا و دەوڵەتانی کەنداودا ڕوو بدات، چونکە بایدن مەیل دەکات بە ئەنجامدانی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، هەروەها دەیەوێت لەگەڵ چین_دا گفتوگۆ بکات بەبێ ئەوەی ئەو فشارە بەکار بێت کە ترامپ بەکاری دەهێنا، هەروەها بۆ وڵاتانی ئەوروپاش هەمان مەیلی هەیە.
بەڵام وەک زانراوە، کە ڕوسیا دووژمنی دێموکراتەکانی ئەمریکایە و چینیش دووژمنی ستراتیژی ئەوانە، بەڵام ئەم دووژمنکارییە بە ڕوونی نیشان نادەن، ڕەنگە لەم ناوچەیە گۆڕانکارییەک بێتە پێش، بەڵام لاوەکی دەبێت و نەک وەک ئەوەی لە ئیدارەی ترامپ دەرکەوت، لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی گرژی دەکرێت لە پەیوەندی لەگەڵ کەنداو، بەڵام بێ ئەوەی لەیەک دوور بکەونەوە.
دەربارەی عێراقیش ئایا ڕاستە بایدن کار بۆ دابەشکردنی دەکات؟
دیموکراتەکان لە بەریتانیاوە نزیکن و بایدنیش لە بەریتانیاوە نزیکە، هەربۆیە ئامۆژگاری بەریتانییەکان ئەوەیە کە بایدن و دیموکراتەکان کار بۆ دابەشکردنی عێراق نەکەن، چونکە عێراق بۆ ئەوان سامانێکی گەورەی هەیە لە باکورەوە بۆ باشور، بۆیە ئەم قازانجە گەورەیە داراییە ناتوانرێت سازشی لەسەر بکرێت.
کۆنترۆڵکردنی یەک عێراق ئاسانترە لە کۆنترۆڵکردنی سێ بەش، چونکە بەشی باشوور بەرەو سەرهەڵدان و ڕاپەڕین دەچێت و بەشی باکوریش لە بەرامبەر یەک نییە و دابەش بووە بەسەر دوو ئیدارەی دژ بەیەکدا، یەکێکیان سەر بە تورکیایە و بەشێکی تریشی بۆ ئێران و سێیەمیشیان یاخییە، ئەم ناتەباییەی نێوان دوو هێزی کوردی جێگەی نیگەرانییە لەلای ئەمریکا، بۆیە هاوکێشەکە لەم حاڵەتەدا پاراستنی یەکپارچەیی عێراقە.
ئەی دەربارەی سوریا؟
هێزێکی کوردی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەیە و پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئەرێنی مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.
بەگشتیی هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوونادات، بەڵام من پێموایە ئەمریکا ڕەنگە میسر لەسەر حسابی تورکیا بەهێز بکات یان تورکیا لەسەر حسابی ئێران بەهێز بکات، ڕەنگە ئەم سیاسەتە پاڵی پێوە بنرێت بۆ بەریەککەوتنی ناڕاستەوخۆ بە پاڵپشتیکردنی گروپێکی تر، بۆیە ڕەنگە ئەم ململانێیە لەم هەرێمەدا ڕوو بدات، ئەمانە هەموو ئەگەرەکانن.
دۆخەکە سەبارەت بە ئێران و تورکیا دەگۆڕێت و لە کۆتاییدا ئەوروپاش بەپێی پێویست و بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی، دەست دەکات بە فشار خستنە سەر تورکیا و ڕووسیا.
ی. ک