ئارام داستان
دەسەڵاتی ٣٠ ساڵەی باشووری کوردستان لە لایەن دوو حزبەوە، ئەزموونێکی نالەباری رێوەبەری نیشان داوە کە بەردەوام پەرە بە گەندەڵی دەدات. سەروەت و سامانی ئەم نیشتمانە بۆ ئاوەدان کردنەوەی نیشتمان بە کارنەهاتوو و لە ژێر سێبەری سیاسەتی داگیرکەران نە تەنها هەستی نەتەوایەتی هاوچەرخ پەرەی پێ نەدراوە، بە پێچەوانەوە بەردەوام هەوڵ بۆ دروستکردنی مشەخۆر و کەسایەتی گەندەڵ دراوە.
سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێم کە لە سێبەری هزری پارتی دیموکرات بەڕێوەدەچێ چ لە بواری سیاسیی و چ لە بواری ئابووریی بەپێی داخوازیەکانی کۆمەڵگای کوردستان دانەڕێژراوە. ئەم شێوازەی سیاسەت کردنە نەیتوانیوە عەقڵیەتی ماڵباتی و خێڵەکی تێپەڕێنی و بەردەوام لەژێر کاریگەریی سیاسەتی داگیرکەران و سەرمایەی جیهانی بەڕێوە چووە و خەونی بە دوبەی کردنی هەولێری بینیوە. بەم سیاسەتەی کە لە بواری ئابوورییەوە پەیڕەوی کردوە، بە شێوازێکی بێ سەروبەر دهرگای بۆ کەرتی تایبەت کردووەتەوە و خزمەتگۆزاریەکانی وەکو، پەروەردە و تەندروستیی، کارەبا و ئاو و…هتد دراون بە کەرتی تایبەت. بەم جۆرە دۆخێک ڕەخسێندراوە کە ئەوەی خاوەن پارە نەبێت توانای نیە لەو خزمەتگۆزاریانە بەهرەمەند ببێت. بەردەوام شار گەورە دەبێت و خەستەخانەی تایبهت و باڵاخانەکان بەرزتر دەبنەوە، بەڵام خەڵکی هەژاریش توانای چوونی بۆ نەخۆشخانەکان نییە و لە شەقامەکان لهبهر سەرما رەق هەڵدێ.
دەسەڵاتی ماڵبات بە پاوان کردنی سامانە سروشتییەکان و بازرگانییکردن، هەموو دەرفەتە ئابوورییەکانی خۆسته ژێر دهستی خۆی. وەهای کردوە هیچ کەس نەتوانێ بێ رەزامەندی ئەوان و بەشداری کردنی بەرپرسێک تەنانەت کارگەی دۆشاوی تەماتەش دابنێ. بەم جۆرە سەروەت و سامانی نیشتمان لە دەستی بەشێکی بچووکه کە پێک هاتووە لە خزم و کەسووکاری دەسەڵاتداران پاوان کراوە. ئەوان خۆیان لە هەموو شتێ سوودمەندن، بەڵام گەنجان و ژنان و سهرجهم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بێبەری كراون لە هەموو شتێک. مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران نادرێ و کەسووکاری شەهیدان و ماڵباتی ئەنفال کراوەکان لەوپەڕی هەژاریدا بەسەر دەبەن.
دهتوانین خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ وهكو سەرهەڵدان لە بەرانبەر دوو مژاری سەرەکە دیاری بكهین:
یەکەم: بێدادی و نایەکسانیێ، كه كهوتۆته ناوناخی ئهم دهسهڵات و بۆته بهشێك له كولتوری ژیانیان.
دووهەم: پەراوێز کردنی گەل لەلایەن دەسەڵاتەوە، چونكه ئیرادهی گهل بۆ بهڕێوهبردنی دیموكراتیانه نابین و خۆی لهسهرووی خهڵكهوه تهماشا دهكهن.
لە مێژووی ئازادیخوازی گەلان بزووتنەوە خوێندکاریەکان کاریگەریێکی زۆریان لە گۆڕانکاری کۆمەڵگادا هەبوو. بزاڤی خوێندکارانی فەڕانسە لە ساڵی ١٩٦٨ کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پێش خستنی چەمکی دیموکراسی ئهوروپا هەبووە. لەوێش خوێندکاران لە بەرامبەری نابەرابەری و دەسەڵاتداری راپەڕینیان کرد. جووڵانەوەی خوێندکارانی هەرێمی كوردستانیش کە لە زۆربەی زانکۆکانی هەرێم پەرەی سەندووە تێکۆشانە لە دژی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و گەندەڵی و نایەکسانی. خۆپیشاندانی خوێندکاران دهتوانێ ببێته هۆكاری پێشخستنی ئازادی و دیموكراتی و فهراههم كردنی ههلی كار و دابهشكردنی سهروهت و سامانی وڵات به یهكسانی. لە هەمان کاتدا ئەگەر بە شێوازێکی درووست و بێ بەلا ڕێ بردندا هەڵسووکەوتی لەگەڵ بکرێت دەتوانێت لە بنیات نانی ماکانیزمەکانی بەرێوەبردنی هەرێمی کوردستان کاریگەری باشی هەبێت.
ئەگەرچی خوێندکاران سەرەتا بە داخوازی گهڕانهوهی مافی دەرەماڵە دەستیان پێکرد، بەڵام ئەم هەڵسانە هەڵگری داخوازی هەموو چین و توێژە پەراوێزخراوهكانی کۆمەڵگایە. بەر دەرگای زانکۆی سلێمانی بووەتە مەکۆی ئەم سەرهەڵدانانە و ئەو خوێندکارانەش دانیشتووی زۆرێک لە شار و ناوچەکانی دیکەی هەرێم و لە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگاوە هاتوون. بەم جۆرە دهتوانین بڵێین، بەر دەرگای زانکۆی سلێمانی نوێنهرایەتی پلاتفۆرمی داخوازیەکانی کۆمەڵگا دەکات.
پارتی سەبارەت بە لارێ بردنی کۆمەڵگا ئەزموونێکی زۆری هەیە و بەردەوام هەڵدەدات بە دروستکردنی هۆکاری دەرەکی خۆی لە بەرپرسیاریەکان بدزێتەوە. چە ئەو کاتەی بە هەموو ئەو دەنگە نارازیانەی کە سەبارەت بە بەرێوە نەبردنی ریفراندۆم لە لایەن کەسایەتی و رێکخستنە سیاسەکان وترا گوێ کەسی نەکرد و دوایش کە رفراندۆم شکەستی هێنا هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ کەسانی دیکەو و خۆی لێ دەرخست. یان کاتێک گەنجان لە بەر نەبوونی ئازادی و گەندەڵی و نایەکسانی کۆچ بۆ دەرەوە دەکەن بێ ئەوە بە خۆیدا بچێت و چارەسەری پێش بخات یەکسەر پەکەکە تاوانبار دەکات و ئەمڕۆیش بەو ئەزموونەی کە لە دهوڵهته داگیرکەرهكان و رژێمه دیكتاتۆرهكان وەری گرتوو، رووبەرووی خۆپیشاندەران دەبێتەوە. بەردەوام بەبیانووی دەستێوەردانی دەرەکی و دەسنیشان کردنی پهکهکه وەك هۆکاری ئەم خۆپیشاندانانە، هەوڵ دەدەن خۆیان لە داخوازی خوێندکاران بدزنەوە. لە هەمانکاتدا لە رێگای دەزگا سیخوڕیەکان سیناریۆ دروست دەکەن و دەرفەت بۆ سەرکوت کردن دەرەخسێنن. ئێستاش بە سناریۆی خستنه ژێر پێی ئاڵای هەرێمی کوردستان، دەیانەوێت رای گشتی بهلاڕیدا بدهن و رێگا بۆ سەرکوت کردنی خوێندکاران واڵا بکەن و رەوایی بە توندوتیژیەکانیان بدەن.
دیارە ئەم شێوازەی سەرکوتکردنە ئیدی گەل ناخڵەتێنێ، داخوازییەکان دیارن، لە وڵاتێکدا کە:
-خوێندکاران لە زانکۆ پارەیان لە گیرفان نییە، منداڵی دەسەڵاتداران لە پایتەختی هەندەران پیاسە دەکەن و شاهانە ژیان دەکەن.
-خوێندکاران بە باشترین نمرە لە هیچ زانکۆیێک وەرناگیرێن، بەڵام منداڵی ئەوان لە باشترین زانکۆکان دهخوێنن و ههتا بڕیاردهری زانكۆكانیشن.
-دەرچووانی زانکۆ لە هیچ شوێنێ دانامەزرێن، بەڵام منداڵی ئەوان کەس نازانێ چی خوێندووە بە بەرزترین پلە دادەمەزرێ.
– کۆچبەران لە رێگاکان لە سەرما رەق هەڵدێن و لە دەریاکان دەخنکێن، ئەوان بە فرۆکەی تایبەت سەفەر دەکەن.
– ئەو قەڵەمانەی داخوازی ئازادی دەکەن و دژی داگیر کەران رادەوەستن راپێچی زیندانهكان دهكرێن و تیرۆریان دەکهن، بەڵام داگیرکەران سەربەستن و بە پۆستاڵەکانیان لهههرێم دهسوڕێنهوهو چیان بوێت دهیكهن.
– بهردهوام توندوتیژی لهبهرامبهر ژنان زیاد دهكات و ژنان دەکوژرێن و دەسەڵات داڵدەی بکوژان دەدات.
-دەسەڵات بەشێک لە نیشتمان رادەستی داگیرکەران دەکات و ئازادیخوازان سەرکوت دەکات.
-….
لەم بوارەدا دەکرێت بە سەدان نموونەی دیکەش دەست نیشان بکرێن، گەندەڵیەش گەیشتوەتە ئاستێک کە ئیدی بۆ کەس ناشاردرێتەوە.
کۆمەڵگای باشوور لە بەرامبەر ئەم شێوازە له دەسەڵاتداری ماندووبووە. لەوانەیە ٣٠ ساڵ كۆمهڵگا بەهۆی ساوابوون و هەندێک جاریش بە پاساوی ئەوەی دەسەڵاتێکی خۆماڵییە و دەکرێت بەخۆیدا بچێتەوە، بەرگەی نەهامەتیەکانی گرتوو، بەڵام چەندە سەیر دهکات ئەم دەسەڵاتە هەر چاوچنۆک دەبێ و زۆرتر پەیوەست بە گەندەڵی و چەوساندنەوە و سەرکوت کردن و داپڵۆساندی گەل دا دهڕوات. ئهمهش بۆمان دهسهلمێنێ كه سەرهەڵدانی گەنجان و خوێندکاران گووتنی «نا»یە بەم دەسەڵاتە و راوەستاندیەتی.
نابێ لە یاد بکەین هەرچەندە پارتی بە زۆرینەی دەنگ بووەتە خاوەن حکوومەت و نوێنەرایەتی ئەم شێوازەی دەسەڵاتداری دەکات. بەڵام ئەمە شێوازی دەسەڵاتداریەتی خۆسەپێنە کە هەڵقۆڵاوی هزری پاوانخوازیە و باوەڕی بە ئیرادهی گەل نییە و لە ڕوانگەی خۆسهپاندنهوه سەیری گەل دەکات و قەناعەتی بەوە نییە کە گەل توانای بەڕێوەبردنی دیموكراتیانهی خۆی هەیە. ئەم هزرە لە سەر ئەو باوەڕەیە کە دەبێ خودی خۆی دەستێک و یاسایەکی ژوورەوەی کۆمەڵگا بێت و کۆمەڵگا به زهبری هێز بەڕێوەبەرێت. لەم روانگەیەدا خۆبهڕێوهبردنی دیموكراتیانهی کۆمەڵگا بهئیراده و خواستی خۆی گرینگ نیە و دەبێ هەموو شتێ لە خزمەتی دەسەڵاتدا بێت. گرینگ تێگەیشتنە لەم هزرە کە هێزی بەڕێوەبردنی دیموكراتیانهی کۆمەڵگا لە کۆشک و تەلارەکانی دەسەڵات دەرناکەێ، بە پێچەوانەوە کۆمەڵگا لە نێو شەقام و کۆڵانەکاندا داهاتووی خۆی دەسنیشان دەکات.
خوێندکاران دەبێ بتوانن داخوازیەکانیان بۆ گۆڕانکاری لە شێوازی بەڕێوەبردنی دیموكراتیانه بەرز بکەنەوە و بە کۆ کردنەوەی داخوازی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە دەوری خۆیان، ببن بە بزاڤێکی سیاسی کۆمەڵایەتی. بۆ ئەم یەکەش پێویست دەکات رووناکبیران و چالاکوانانی سیاسی و هاوڕێ لەگەڵ خوێندکاران لە بواری هزریەوە بەشداری ئەم بزاڤە ببن هەر وەها چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە پێناوی داخوازیە رەواکانی خۆیان پشتگیری بەهێز لە خوێندکاران بکەن و تەنیا تەماشاوانی بوویەرەکان نەبن.