عادل عوسمان
کاتێک مێژووی ئەم ناوچەیە دەخوێنیتەوە و شرۆڤەی دەکەیت، پێویست دەکات لەسەر چەند ئاستەوە شرۆڤەی بکەیت:
یەکەم: کۆمەڵگەی سروشتیی و ڕەگە کلتورییەکەی.
دووەم: سەردەمی دروستبوونی دەسەڵات و کارتێکەرییەکانی.
سێھەم: سەردەمی مێژووی نوسراو و پاشا و میر و دەسەڵاتدارەکانی.
چوارەم: ئەم ناوچەیە وەک سووتاوی (کوردستان) بەرداشی ناکۆکی و شەڕەکانی عوسمانی و سەفەوییەکان و زلھێزان و ئیمراتۆریەتە مەزنەکان.
پێنجەم: لەسەردەمی نوێ، مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی جیھان و نەخشەی نوێ و پێگە و ناسنامەی کورد، لەو داڕشتنەوە نوێیەدا.
باسەکەی ئێمە زیاتر لە چوارچێوەی وەڵامی پێنجەم دەستنیشانکردندایە.
مێژووی نووسراو ئەگەر بەچاوی ڕەخنەگرانەوە سەیری نەکەیت و خۆت بدەیتە دەست باسەکانی، ئەوا دەتگەیەنێتە دووبارەبوونەوەی مێژووی کۆن! وەک چۆن بەردەوامە. ئەویش کوشتن، باڵادەستی، پارچەبوون و بەقوربانییکردن و لەکۆتاییدا لەناوچوون، ئەویش بۆچی و کێ لەناودەچێت؟.
مێژووی ئەم ناوچەیە لایەنێکی مێژووی پێکدادانی بەرژەوەندیی چینە دەسەڵاتدارەکانی ئەم ناوچەیەیە بۆ دەستبەسەرداگرتن و قازانج، نەک بەڕێوەبردن و بەشداریی کۆمەڵایەتیی. کێشەکە لێرەوە دەست پێدەکات. کە کوردستان و بەتایبەت باشووری کوردستان لەژێرکاریگەریی تەوژمە ھێرشکاریی، دەسەڵاتدارەتیەکاندا بەرەو کوێ؟ وەڵامی ئەو پرسیارە لە ڕەگە کلتوریەکەی کوردانەوە، دەدۆزرێتەوە. نەک لەدوو توێی مێژوە نووسراوە داگیرکارییەکاندا.
بەوھۆیەی ئەو مێژووەی نووسراوە کۆمەڵگە و خەڵک، تەنیا بۆ سوپابوون بۆئەوانی تر، خۆبەکوشتدان لەشەڕەکانی دەسەڵاتدارەکاندا، کارکردن بۆ لەسەرپێ مانەوە و دانی باج و پیتاک بۆ گیرفان و خەزێنەی دەسەڵاتدارەکان بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکانیان بەکارھێنراون. واتە ھەژاریی بۆ خۆ و قوربانیی ژیانی دەوڵەمەندیی بۆ دەسەڵاتدارە جیاوازەکان.
ئەوانیش لەکوێوە ئەم دەسەڵاتدارێتیەیان پایەدار و بەردەوام کردوەو. لەڕێگەی کۆمەڵگەی نەزان، ناڕێکخراو و تەسلیمبوو، ناھۆشیار بە پێگەی خۆی لە سیاسەت و بەڕێوەبەرییدا. کاتێک شیکردنەوە لەسەر کۆمەڵگە دەکەیت، دەبێت لایەنەکان و پێکھاتەکانی ئەو کۆمەڵگەیە بناسیت. ئەگەر نەناسیت، بەئێستاشەوە ئەوا دەکەوینە ھەمان ھەڵەی شیکردنەوەی پێکدادانی ھێزە باڵادەستەکان و بەقوربانییکردن و بەقوربانی بوونی خەڵک لەپێناوی دەسەڵاتدارە جیاوازەکان و گەمژەبووندا.
ئەم کۆمەڵگەیە بەکلتورە سروشتیی و دێرینەکەی، بە دەوڵەمەندیە ئابورییەکەی، بە سەرچاوەی ئاوە شیرین و سروشتە پڕ دەوڵەمەندییەکەی، بە ئافراندنی یەکەمین کۆمەڵگەبوون و شارستانی بوون ناسراوە و بووەتە ھۆکاری چاوتێبڕینی ئەم و ئەو ھێزی باڵادەستی ئاواکراو لەسەر قازانج و دزی بەھای کۆمەڵایەتیی.
لێرەوە کێشمەکێشەکانی نێوان دوو شارستانیەت لە گۆڕەپانی خاکی کوردستاندا چڕو قوڵ بووەتەوە و ھەرکەس و لایەک، ھێز و گەلێک پەیوەستدار دەکات. بۆیە لەدەرەوەی ئەو کێشمەکێشە حەقیقیە کۆمەڵایەتییە، ئەوەی دەکرێت و دەنووسرێت مێژووی شەڕو پێکدادانی پێکھاتە جیاوازەکانی ناو دەسەڵاتە لەدەرەوەی ئەو کاریگەرییانەی لەسەر کۆمەڵگەی ھەیە.
جوگرافیای کوردستان لەسەردەمە سەرەتاییەکانی کێشمەکێشی دەسەڵات – کۆمەڵگەدا گۆڕەپانێکی گرنگی لێدان و داگیرکاری بوە. ئەم گۆڕەپانە پانتاییەکی جوگرافی گەورەو فراوانی ھەبوەو لەژێر چاوتێبڕین و داگیرکاریدا بوە. بۆیە ھەمیشە ھێزە دەرەکیەکان لەسەر بچوککردنەوەی پانتاییە جوگرافیەکەی ھێرشکاریان بەڕێخستوەو گەلەکەشیان پاکتاوکردوەو ھەوڵی گۆڕینی دانیشتوان و پارسەنگی ژمارەی دانیشتوانیان کردوە. واتە بەقەولی وتوان؛ دیمۆگرافیای کۆمەڵایەتیان گۆڕیوەو ئەگەریش بەرگریەک ھەبووبێت، یان ھەلومەرجەکە دەستی دابێت. ئەو کوشتارگەی قڕکردنیان ئاواکردوەو گەلی ناوچەیان پاکتاوکردووە.
لەسیاسەتی نوێی مۆدێڕنیتەی سەرمایەدارییدا، بەجارێک سڕینەوەی گەلی کورد بووە بڕیارو یاسا و ھەلومەرجی یاسایی بۆ ئامادەکراو، کوشتارگەکانی بۆ ڕێکخرا. ئەو سیستەمەی ئاواکرا، بەناوی سیستمی جیھانیەوە، ناو و ناسنامەی کوردی تێدا نەبوو، نیە. خاکەکەشی دابەشی سەر چوار دەوڵەت کراو چەمک گەلێکی دروستکراوی بۆ پاکتاو بۆ دڕێژراو دروستکرا، بەناوی کوردستانی عیراق، تورکیا، ئێران و سوریاش لەژێر لێوانەوە باسی دەکراو، عێراقەکەش بەھەندێ مافی کلتوری بۆ سیستەمی پاکتاو و قڕکردن ئامادەکرابوو، ئامادەکراوە.بۆچی باشووری کوردستان بەوشێوەیە؟.
بێگومان کۆمەڵگەبوون لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، تۆرۆسەوە ئاواکراوە. تەقینەوەی ژمارەی دانیشتوان و توانەوەی بەستەڵەکەکانی کۆن، ئەو گەلەی شاخە بەرزەکانی بۆ پێدەشتەکان داکشاند. ئەم دابەزینە، زیادەیەکی خستە سەر کلتوری دەسکەوت و ئافراندن. گەشەکردنی پێداویستیەکانی خوردو خۆراک، بەرھەمی زیادی بەدوای خۆیدا ھێنا. زھنیەتی دەستبەسەرداگرتنی بەرھەمی زیادە، سیستەمێکی جیاوازی لەناو کلتوری سروشتی کۆمەڵگەدا دروستکرد. بەپێی ئەو سیستەمە پێداویستیەکانی بەڕێوەبردنی ئەو سیستەمەش ئاواکرا، لە ھێز، بەسوپابوون و زھنی بون بۆ قبوڵ کردنی ئەوھەلومەرجەنوێیە. ئەم سیستەمەی ئاواکرا، دەسەڵات – دەوڵەت و بەڕێوەبەری و دەوروبەرانی خۆیشی بۆ ئاوا کردوە. بۆیە دەوڵەت شارەکان، سوپاکان، کاھین و بیریارەکان و ھێزی بۆ جێبەجێکردنی ئەو ھەلومەرجە نوێیە ئامادەکردوە. بۆ جێبەجێکردنیش، کۆمەڵگەی سەردابەشی چینایەتی و پێکھاتەی جیاوازکردوە.
کێشمەکێشی ئەم جیاوازییانە، بەدرێژایی مێژوویەکی دور کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کردوە. ھێزی دەسەڵات لەڕێگەی خۆتۆکمەکردن و خۆئامادەکردنەوە ھەمیشە لە بواری ھێرش و داگیرکاری مەعنەوی و مادیدابوەو بۆئەو مەبەستە کەمکاری نەکردوەو دونیایەک ھەلومەرجی ماددی و مەعنەوی بۆ سەرکەوتن ئامادەکردوەو ھەمیشە لەخۆ نوێکردنەوەدابوە. لایەنی بەرامبەریش،واتە کۆمەڵگە کەمکار، پاسیڤ و خۆ ئامادەنەکەر، یان ئەگەر خۆشی ئامادەکردبێت، لە ئاستی وەڵامی جددی بەو کێشمەکێشە گەورەیەدا نەبوە. بۆیە دەسەڵات – دەوڵەت ھەمیشە بەئامادەکاریەوە بۆ سەرکەوتن و دەستبەسەرداگرتن کاری کردوەو مێژوو کات و گۆڕەپانی دیاریکردوەو ھێزی خۆی تێدا تاوداوە.
بێگومان نائامادەیی کۆمەڵگەو خۆبەڕێکخستن نەکردن و نائامادەیی زھنی و پێشنەخستنی خۆوتێنەگەیشتن لەو کێشمەکێشە، بۆشایی قوڵی دروستکردو بوە ھۆی سەرکەوتن بۆ سیستەمی شێرپەنجەیی دەسەڵات – قازانج. ئەم سیستەمە ئاواکراوەی دەسەڵات – دەوڵەت کاریگەری لەسەر دامێن و پێدەشتەکانی زاگرۆس، تۆرۆس کردوەو لەنیوان چەمکی سروشتی بوون و دەسەڵاتدارەتیدا توشی سەرەگێژەو ناڕۆشنی بوە. میزۆپۆتامیا کە بەرھەمی گەشەکردنی کلتوری کۆمەڵگەیەو لەھەناویدا، سیستەمی دەسەڵات لەسەر بەھای زێدەی بەرھەم ئاواکرا، کەریگەری لەزھنیەتی ئەم ناوچەیە کردوەو دەکات و ھەتا ئێستەش بەردەوامە. ھەتا لەم کاریگەریە زھنیەی کۆمەڵگە – دەسەڵات تێنەگەین ناتوانین خوێندنەوەیەکی دروست بۆ ناکۆکیەکانی ناوچەو ئاڵۆزیەکان و نامۆبونەکانی ناوکوردان بگەین.
لەئەنجامی گەشەکردنی شارو کاریگەرییەکانی زھنیەتی شارگەرایی، کۆمەڵگەی سروشتی و گوندی خستە تەنگاوو زھنیەتێکی جیاواز لەپاڵ زھنیەتی کۆن دروستبوو. زھنیەتی نوێ خاوەنی ھێز – ھێرش بوو. بۆیە کۆمەڵگەی خستە ژێر کاریگەری خۆی و ئاڵۆزی و نامۆیی زھنی – کۆمەڵایەتی دروست کرد. ئەم کاریگەریە لەپێدەشت و گەورەبوونی شارەکاندا زیاتر کاڕیگەردەبوو بۆئەوە دەچوو کەمرۆڤەکان لەژێر چەپۆکی ھەژمونیەتی دەسەڵاتدا بژین و ناچار بە قبوڵ کردنی ئەو چەمکە نوێیانە بکرێن. دەسەڵات، پۆلیس، ئایین، مامۆستاو بەڕێوەبەرانێک بۆ ئەو مەبەستە گۆش کرابوون و ئامادەکرابوون. لەم نێوەندەدا ھزر و ھێز دەوری کاریگەریان لەسەپاندنی سیستەمی دەسەڵات – دەوڵەت – قازانجدا ھەبوەو کۆمەڵگە پەرتەوازە، نامۆو پارچەبوەکانی ناچاری قبوڵکردن کردوە.
وەستانەوە لەدژی سیستەمی نوێ قورس و بێ ڕێبەری و پێشەنگ بوەو نەیتوانیوە لەقەدەری دەسەڵات – ھێز بێت. مێژووی دێرینی کوردان، مێژووی بنەماڵەو ئیمارەتە پڕ لەناکۆکیە ناوخۆییەکان و دەسەڵاتخوازی بوە. بۆیە سیستەمی باڵادەستی نوێ زۆربەی کاتەکان بە زیندوو کردنەوەی ناکۆکیە ناوخۆییەکانی بنەماڵەو فەرمانڕەواییەکان ئامانجەکانی پێکھێناوە. بەخوێندنەوەی ئەو دۆخە ناکۆک و ناتەبایە، دەگەینە ئەو ئەنجامەی تێکشکان و سەرکەوتنەکانی کوردان بۆچی دوبارەو کورت مەودایە. لەئەنجامی خوێندنەوەی ئەو مێژوە کۆنەدا، تێکۆشانی گەلی کورد بەو ئەنجامەگەیشت. بە ئەداتەکانی خێڵ، بنەماڵە ،ناکۆکی و بێ کاریگەرکردنی تاک و کۆمەڵگە دۆخی نامۆیی و ئاڵۆزی کوردان کەلەژێر کاریگەری ھزری سروشتی و دەسەڵاتدایە چارەسەر نابێت. ھەتا لەم کاریگەریە نەرێنیەش تێنەگەیت و کۆمەڵگە نەکەیتە خاوەنی خۆیی و کۆمەڵگەبوون پێش نەخەیت و پێناسەی کۆمەڵگەبوونی نوێ نەکەیت، ناتوانیت، نەبەرەوپێش بچیت، نەژیانێکی ئەخلاقی و ئازاد بژیت.
بێگومان لەم دۆخەدا باس لەکۆمەڵگەبوون، واتە ئەوشەڕەی پێویست دەکات لەبەرامبەر سیستەمی دەوڵەت – دەسەڵات بەڕێوەی ببەیت و زۆر بەوریایی و پێداگری و خۆنەویستێەوە ئامادەکاریە؛ مەعنەوی، ڕۆحی، ڕێکخستنی، سیاسی، ڕەگەزی و پاراستنی بۆبکەیت و لە قەدەری سیستەمی مۆدێڕنیتەو بڕیارە پاکتاوکەرە شەڕەنگێزەکەی بێیت. شەڕی شۆڕشگێڕی، توندوتیژی، سڕینەوە، کوشتن و لەناوبردن نیە. بەڵکو ڕێکخستن بوونی کۆمەڵگە، بەڕێوەبردن، بەشداری و پێکەوەییە. ھەتا جیاوازیەکانی توندوتیژی و کۆمەڵگەبوون بەدیارنەکەوێت و کۆمەڵگە لەسەر ئەو زھنیەتە خۆی بەڕێکخستن نەکات، ئەوا؛ نەدەبێت بەھێز، نەدەبێتە خاوەنی خۆی و ئەوکات ئەو سیستەمەی ڕێکخستن تر بێت، بەھێزترو سەرکەوتوو تر دەبێت.
لێرەوەیە بۆکوردان خۆزێکخستن کردن لەسەر چەمکە زھنیەکانی کۆمەڵگەبوون گرنگە و ئاسۆی پارچەبوون، لەبەریەک ھەڵوەشان و تێکشکان کۆتایی پێ دێنێت و ئاسۆی سەرکەوتن و خاوەن دەرکەوتن لەخۆ بەھێزەوە نیشان دەدات و کۆمەڵگەی ئازادی خۆی کەلەسەر باوەڕی ئازاد بنیات دەنێت و ڕێگە لەستەم، چەوسانەوە و باڵادەستی دەگرێت و دەتوانین بەم ڕۆحەوە بڵێین: کلتوری ژیانی ئازاد، کلتوری ژنی ئازادە.