هەڤاڵ هەورامی
چەمكی “ژن، ژیان، ئازادی”، بە تەنیا دەربڕینی سێ “وشە” نییە، مێژووی ٧٠٠ ساڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو ڕاستییەی دەرخستووە، كە چارەسەری كێشەكانی ناوچەكە، بەبێ تێڕوانینێكی جیاواز لەو تێڕوانینە باوانەی كە هەبوون و هەن نابێتە وەڵامدەرەوەی كێشە و ئاریشەكانی كۆمەڵگە. كۆمەڵگەكانی ڕۆژهەڵاتی ناویین بەبێ هەماهەنگی دوالیزمی “ڕۆح و زانست” ناتوانن گوزارشت لە هەقیقەتی خۆیان بكەن. مەبەست لە ڕۆح، “ڕۆحگەرای”نییە، هەروەك ئەوەش مەبەست لە زانست “زانست گەرای” نییە. لایەنی ڕۆحی لە كۆمەڵگەكانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا. بە واتای “ئەخلاق” دێت، ئەخلاقیش بە واتای هەستكردن لە بەرپرسیارێتی دێت. هەرچی بواری زانستیشە، بەواتای لێگەڕین و زامن كردنی ژیانێكی ئارام و ئازاد دێت.
پاشكۆیەتی ڕۆژهەڵاتی ناویین بۆ تێنەگەیشتن و بەلاڕێدابردن و شێواندنی ئەم دوو چەمكە “ڕۆح و زانست” دەگەڕێتەوە. هەرچی لایەنی ڕۆحی هەیە قاڵبێكی “دۆگما”ی وەرگرتووە. زانستیش لەژێر هەژموونی دەسەڵاتدا، بۆتە ئامورێك بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كۆمەڵگە. واتە هەم لایەنی ڕۆح وەرگەڕێنراوە بۆ “ڕۆحگەرایی” هەم بواری زانستیش وەرچەرخێنراوە بۆ “زانستگەرایی”. گرێكوێرەی چەقبەستن و سەرنەكەوتنی شۆڕشە بەردەوامەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، لێرەدا خۆی مەڵاسداوە.
چەمكی ژن، ژیان، ئازادی لێدانە لەو دۆگماییەی كە هەرجۆرە چەق بەستنێكی “ڕۆحی و زانستی” بە ئەساس دەگرێت، وە لێدانە لەو زهینیەتەی كە دەخوازێت لە ڕێگەی كۆپی سیستەمی ڕۆژئاواوە، درێژە بە پاشكۆیەتی ناوچەكە بدات. ئەمە بە واتای دابڕانی ڕۆژهەڵاتی ناوین نییە لە دوونیا، وەك ئەوەی هێزە موحافیزكارەكان دەخوازن.
زانستی “ژنۆلۆژی” كە هەڵقوڵاوی هزی ڕێبەر ئاپۆیە، گوزارشت لەو قەیرانی “دووبارە خولانەوەی” زهینیەتە دەكات لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا. چەمكی ژن، ژیان، ئازادی گوزارشت لە شكاندنی ئەو كۆیلایەتییە دەكات كە لە كەسایەتی ژندا، هێندە قوڵە كە كۆی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی كۆیلایەتیەكی قوڵ كردۆتەوە. لە بەرانبەر ئەو كۆیلایەتییەی ژندا، ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: ” لەپێناو ژن و ژیانی ئازاددا پێویستە، شۆڕشی ژنیش، قوڵترین و بەرفراوانترین شۆڕشی ئازادی و یەكسانی بێت”. ئەوەی دەبینرێت لەمڕۆدا چەمكی ژن، ژیان، ئازادی بەشێكی زۆری كۆمەڵگەكانی دوونیای تەنیوە، هەر لە كوجەو شەقام و یاریگا و…هتد. ئازادی ژن واتە دەركەوتنی قۆناغێكی جیاوازی ژیان بۆ كۆی سێكتەرەكانی ژیان.
ڕ.ڕ