کەمال چۆمانی
دەسەڵاتی سیاسیی زۆر لێهاتوانە مەلا توندڕەو و سەلەفییەکان کە رێککەوتنی لەگەڵ هەن، رادەسپێرێت دژایەتی نەورۆز بکەن. لەو پرۆسەیەدا دوو ئامانجی هەیە:
– ئامانجی یەکەم؛ کۆمەڵێک مەلا و سەلەفیی پۆپیولیستی تر کە سەر بە دەسەڵات نین هێرشدەکەنە سەر نەورۆز، دەسەڵات ئەوانە دەستنیشاندەکات تا ئێستا یان داهاتو بیانکاتە ئامانج.
– ئامانجی دووەم؛ خەڵکێکی بێئاگا لەبری بەخشینەوەی مانایەکی شۆڕشگێڕانە بە نەورۆز، سەرقاڵی هێرشی پێچەوانە دەبن بۆ سەر مەلا و سەلەفییە توندڕەوەکان کە لەژێرەوە لەگەڵ دەسەڵات دان.
ئەنجامەکەی ئەوەیە خەڵک پەیامە راستەقینەکەی نەورۆز لەبیردەکات کە خۆشی دەربڕین و بەخشینی مانایەکە بەو بۆنەیە وەک ئەفسانەیەک دژ بە زۆرداری. سەلەفییەکان زیاتر کۆمەڵگا بەرەو خۆیان رادەکێشن لە بەرانبەریشدا دەسەڵات بۆ کورت مەودا سەرنجی رەخنەگرانی سۆشیەڵ میدیا و دژبەرانی زۆرداری و ستەمکاری لەسەر خۆی لادەبات.
ئەی چی بکەین؟
– دەبێ لە وویستە شاراوەکانی دەسەڵات زیرەکتر بین. دەستەڵاتی زۆردار شەرمی بە هیچ شتێک نییە، تەنانەت لەگەڵ داعشیش رێکدەکەون -وەک رێککەوتون لە رابردودا- تەنها بۆ بەردەوامیدان بە پاوانخوازیی خۆیان بەسەر سەرچاوەکانی دارایی، وزە و دەستەڵات.
ئەو مەلا و سەلەفییانەی کە لەلایەن دەستەڵاتەوە ئاراستەناکرێن، یان سەر بە دەستەڵات نین، لە پەنجەی دەست تێناپەڕن. ئەوانیش، زۆر ئاسایییە لە کۆمەڵگادا هەبن. کۆمەڵگا رەنگاوڕەنگە. ئەو مەلا و سەلەفیی و توندڕەوانە ئەگەر ئیهمال بکرێن، وەڵامنەدرێنەوە، بەتەواوی پەراوێزبخرێن لەلایەن میدیاکانەوە، بە ماوەیەکی کەم ووندەبن. ئەوان هیچیان نییە ببەخشن جگە لە رق و دووبەرەکیی ناو کۆمەڵگا.
ئەوەی بکەوێتە ناو ئەو گەمەیە خزمەت بە دەستەڵات دەکات.
نزیکەی تەواوی خەڵکی کوردستان نەورۆز پیرۆز دەکات. پێویست ناکا کاردانەوەمان بۆ شتێک هەبێ کە لەلایەن دەستەڵاتەوە ئاراستە دەکرێ، بەڵکو تەنها بەردەوامیدان بەو دیدە رەخنەیییەی دژ بە زۆرداریی و ستەمکاریی دەستەڵات بەسە. هەر بۆنەیەکیش لە رۆحی خۆی دانەبڕین و ئەگەریش دەرفەتێک هەبوو، وەک نەورۆز، بیقۆزینەوە بۆ دژایەتیی ستەمکاری و زۆرداری نەک خۆخەریککردن بە گەمەکانی دەستەڵات.
– تێبینی: مانگێکی تر جەژنی رەمەزانە. ئەوکاتیش دیسان ئیسلامییەکان و هەندێک مەلای سەلەفی دەکەونە وەڵامدانەوە و کاردانەوەی دوو سێ کەسی بەناو بێبڕوا و عەلمانیی. ئەو دوو لایەش ووزە لە یەکتر وەردەگرن، بۆ ئەوەی ئەمیان هەبێ، دەبێ ئەویشیان هەبێ. بۆ ئەوەی هەردووکیشیان هەبن، پێویستە جوێن بدەن و سوکایەتی بە یەکتر بکەن.