مامۆستایەکی زانکۆ، بردنە دەرەوەى پارە لەلایەن بەرپرسانی پەدکەوە بە گەورەترین کارى ئابڕوبەرانە ناودەبات و پەرلەمانیش بە کەمتەرخەم دەزانێت و دەڵێت:”بەهۆى لاوازیى پەرلەمانەوە پارتى تەخشان و پەخشان بە داهاتى حکومەتەوە دەکات”.
دەقی چاوپێکەوتنەکە:
-هۆکارى بردنە دەرەوەى سامانى هەرێمى کوردستان و کڕینى موڵکى گرانبەها لەلایەن بەرپرسانەوە لە وڵاتانى جیهان بۆچى دەگەڕێننەوە؟
“دەیانەوێت لە هەر ئەگەرێکدا، پەناگەیەکیان هەبێت”
نەبەرد کەریم: ڕاپۆرتەکانى کۆمپانیاى دیلۆیت و ئەو پارانەى، کە لە بانکەکانى دەرەوە بەتایبەت بانکى لوبنان بلۆککراوە و بابەتى بردنە دەرەوەى سامانى هەرێم لەلایەن بەرپرسانى حزبێکى دیاریکراوە بۆ ئەمریکا و ئیمارات، کۆى ئەم بابەتانەی یەک شتمان پێدەڵێن: کە سیاسەتێکى ناتەندروستانە لە هەرێمى کوردستاندا پەیڕەو دەکرێت و خۆشیان درکیان بەو ڕاستیە کردووە، کە ئەوە سیاسەتێکى ناتەندروستە، بەڵام دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە لەهەر ئەگەرێک لە نزیک یان لە دوور، کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە ئەوا وڵاتانى دیکە پەناگەیەکی زەبەلاحیان بەسەرجەم خزمەتگوزارییەکانەوە هەبێت.
-ڕۆڵى حکومەت و پەرلەمانى هەرێمى کوردستان لە دۆخێکى وادا چییە و پێویستە چی بکەن؟
“پەرلەمان دەستی پارتی واڵا کردووە”
نەبەرد کەریم: دۆخێکى لەو شێوەیە بەهۆى بۆشایی چاودێرى حکومەتەوەیە و بەشێکى دیکەشى پەیوەندیى بە ڕۆڵى کارکردنى پەرلەمانەوە هەیە، کە دەبوایە بەشێوەیەکى باشتر چاودێریى کارەکانى حکومەتى بکردایە، بەتایبەتى لە بوارى خەرجى و داهاتەکاندا، لەکاتێکیشدا پەرلەمان بەو کارە هەڵنەستاوە ئەوا دەستى پارتى واڵا کردووە، کە تەخشان و پەخشان بە داهاتى خەرجیەکانى حکومەت بکات، بۆ نمونە ڕێککەوتنى نەوت و غاز دەکرێت بەبێ ئاگادارى پەرلەمان و حکومەت، تەنانەت ئەو ڕێککەوتنانە قەوارەى هەرێمى کوردستانیان خستووەتە مەترسییەوە، جگە لەوەى دژى یاسا و دەستوورى عێراقن، لە هەمانکاتدا هەرێمیش ڕووبەڕووى نائارامىی و دارایی دەکاتەوە، ئەوەشى لە ئێستادا ڕوودەدات پەرلەمان و حکومەت بەرپرسى یەکەمن لە ڕوودانى.
-بەم سیاسی و بەرپرسانەى ئێستاى هەرێمى کوردستان گۆڕانکاریى دارایی دەکرێت؟
نەبەرد کەریم: ئەگەر بمانەوێت شیکارییەک بۆ داهاتووى دارایی هەرێمى کوردستان بکەین، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت بەم کەسانەى، کە لەئێستادا سێکتەرى داراییان لایە، ئەوا ناتوانین بڵێین: داهاتووى لایەنى دارایی هەرێمى کوردستان ڕوونە.
– بردنە دەرەوەى سامان لەلایەن بەرپرسانەوە، چیمان پێدەڵێت؟
“حکومەتى هەرێم هیچ دیدگایەکى بۆ سیستمى دارایی نییە”
نەبەرد کەریم: بردنە دەرەوەى پارەى کوردستان و دانانى لە بانکەکانى جیهاندا ئەو هەڵە گەورەیە نیشان دەدات، کە حکومەتى هەرێمى کوردستان هیچ دیدگایەکى بۆ سیستمى دارایی نییە و ئەوەشى لە ئێستادا لە هەرێمى کوردستان ڕوو دەدات، لە هیچ سیستەمێکى دارایی جیهاندا بوونى نیە، لەکاتێکدا بانکەکانى ناوخۆ پارەى تێدا نەبێت و مووچەخۆران ڕووبەڕووى پێنەدانى مووچە ببنەوە بەو هۆکارە، بەڵام پارە لە بانکى دەرەوە دابنرێت.
-ئەگەر ئەو پارانە لە بانکەکانی ناوخۆ بوونایە، جیاوازیی چیبوو؟
“مووچەخۆران ڕووبەڕووی قەیران نەدەبوونەوە”
نەبەرد کەریم: ئەگەر ئەو پارانەى براونەتە دەرەوە، ئەگەر لەناو بانکەکانى هەرێمدا بوونایە، ئەوا حکومەتى هەرێمى کوردستان هیچ کات ڕووبەڕوى نەبوونى پارەى نەختینەىی لەناو بانکەکاندا نەدەبوەوە و لە هەمانکاتیشدا جوڵەیەکى دارایی گونجاو دروستدەبوو، هەروەها هاوڵاتیان و موچەخۆرانیش ڕووبەڕووى قەیرانى نەبوونى پارە نەدەبوونەوە، بەڵام بەرپرسانى هەرێم بە ئەنقەست بانکەکانی کوردستانیان بەتاڵ کردووە.
-بۆچی بەمەبەست؟
“هەبوونی سیستم بەرژەوەندییان دەخاتە مەترسییەوە”
نەبەرد کەریم: ئەوەى لەئێستادا ڕوودەدات، دەرخەرى ئەوەن، کە ئێمە نەمانتوانیوە لە ساڵى ١٩٩٢ ەوە تا ئێستا سیستەمێکى رێک و پێکى کارگێڕیى و دارایی و سیاسیى و یاسایی بۆ هەرێمى کوردستان بنیات بنێین، کە پێموایە هەندێک جار بە مەبەست نەویستراوە ئەو سیستەمە بوونى هەبێت، چونکە بوونى ئەو سیستەمە ژیان و بەرژەوەندیى دارایی ئەوان دەخاتە مەترسیەوە و دەسەڵاتى هەرێمى کوردستان دەسەڵاتێکى ستەمکارە و لە نەبوونى ئەو سیستەمە کارگێرییە گونجاوەشدا ئەمەى ئێستا بەرهەم هاتووە، کە ئەوان خاوەنى دەیان و سەدان ملیۆن دۆلارن.
-جگە لە کڕینی موڵک و ماڵ لەدەرەوە، بەرپرسانی پەدەکە پارەی خەیاڵیی بۆ شەخسیش خەرج دەکەن لەدەرەوە، سەرنجی ئێوە؟
“زۆر زۆر نایاساییە”
نەبەرد کەریم: لەم ڕۆژانەدا چەندین دۆسیە ئاشکرابووە، کە بەرپرسانى هەرێمى کوردستان سەرقاڵى پێدانى پارە و مووچەى زەبەلاحن بە کاراکتەر سیاسییەکان لە وڵاتانى دەرەوە، لەکاتێکدا ئەگەر ئەو هەنگاوە بۆ پاڵپشتیکردنى هەرێمى کوردستان بێت لەلایەن ئەو کەسانەوە ئەوا زۆر زۆر نایاساییە، چونکە هیچ ڕێککارێک نییە، کە پارە بدرێت بە یاریدەدەرى ئەندامێکى پەرلەمانى بەریتانیا، لەکاتێکدا حکومەتى هەرێم لە بانگەشەکانى بۆ بە دەستهێنانى پاڵپشتى وڵاتان بۆ هەرێم سەرکەوتوو نەبووە، بۆ نمونە لە ١٦ ى ئۆکتۆبەر بینمان، کە هەرێم ڕووبەڕووى گەورەترین مەترسى بووەوە، بەڵام هیچ وڵاتێک ئامادە نەبوو بەرگرىی لە کوردستان بکات.
لە هەرێمى کوردستاندا هیچ سیستەمێکى بانکى بوونى هەیە؟
نەبەرد کەریم: نەخێر لە هەرێمى کوردستان هیچ سیستمێکى بانکى بوونى نییە، ئەوەى لەئێستا و ڕابردوودا بوونى هەیە تەنها کۆکردنەوەى داهات و دابەشکردنەوەى بووە، لەکاتێکدا هەرێمى کوردستان باشترین سەرچاوەى هەبووە تا بکرێتە سێکتەرێکى پیشىەسازیی و کشتوکاڵیی و گەشتوگوزاریى، چونکە دەیان شوێنى گەشتیاریى و شوێنەوارى لە کوردستان بوونى هەیە، بەڵام نەتوانراوە سەرچاوەى داهات زیاد بکرێت و ئەوەشى لە هەرێم هەیە، لە هیچ یاسایەکى ئابوورییدا جێگەى نابێتەوە، چونکە لە هەرێم کەسانێک هەن، کە لە ماوەى سێ بۆ چوار ساڵدا دەبنە خاوەن سامانێک، کە ئەگەر لە گەندەڵترین وڵاتیشدا بێت ئەوا لانیکەم ماوەى ٢٠ ساڵیان پێویستە تا دەگەن بە ئەو سامانە، بەڵام لە پارێزگاى سلێمانى بازرگان هەیە لە کەمتر لەماوەى پێنج ساڵدا بووەتە خاوەنى پێنج ملیار دۆلار ئەوانەش دەرخەرى ئەوەن لە کوردستان هیچ جۆرە سیستمێکى بانکى بوونى نیە.
-پێتوایە لە هەرێمى کوردستان قەیرانى دارایی بوونى هەبێت، وەک ئەوەی بەرپرسەکان دەیڵێن؟
“دروستکراو بووە”
نەبەرد کەریم: لە هەرێمى کوردستان لە ساڵى ٢٠١٤ ەوە تا ئێستا شتێک هەبووە بەناوى قەیرانى دارایی، بەڵام ئەوەى کە بوونى هەبووە دروستکراو بووە، چونکە مەبەستێک لە پشتیەوە هەبووە، لەکاتێکدا بەرپرسانى هەرێم عێراق وەک ستەمکار وێنا دەکەن، بەڵام ئەو بەغدایە، لە پاش ساڵى ٢٠٠٣ تا ساڵى ٢٠١٤ زیاتر لە بڕى ١٣٠ ملیار دۆلارى ڕادەستى هەرێمى کوردستان کردووە وەک بودجە و هەر ئەوانیش لەساڵى ٢٠١٣ بە هەرێمیان وت نەوتى خۆتان بۆ خۆتان هەڵگرن و ئێمە داهاتتان بۆ دەنێرین.
-ئابووریی سەربەخۆ چی بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بەخشی؟
“قوڕیان کرد بەسەر خەڵکی هەرێمدا”
نەبەرد کەریم: بەرپرسانى هەرێمى کوردستان لەژێر ناوى ئابووریى سەربەخۆ قوڕیان کرد بەسەر هاوڵاتیاندا و حزبەکانیان کردە خاوەن ملیاران دۆلار، داهاتى هاوڵاتیان کەم دەکات، بەڵام داهاتى حزبەکان لەناو ئەوانیشدا داهاتى بنەماڵەکان بەشیوەیەکى بەرچاو زیاد دەکات، کەواتە ڕاگەیاندنى ئابووریى سەربەخۆ لە سوودى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان نەبووە، داهاتى حزبەکانى کوردستان بەراورد بە ساڵى ٢٠١٤ دەیان هێندە بەرزبووەتەوە، بڕى پارەکانیان لەبانکەکانى وڵاتانى دەرەوە و هەروەها پڕۆژەکانى وەبەرهێانیان ڕووى لە هەڵکشان کردووە لەبەرامبەریشدا داهاتى هاوڵاتیان دەیان هێندە دابەزیوە، هەموو ئەوانش دەیسەلمێنن لە هەرێم شتێک بوونى نیە ناوى قەیرانى دارایی بێت.
ئەم جۆرە لە سیاسەتکردنى ئابوریی لەلایەن بەرپرسانەوە، هەرێم بەچى ئاڕاستەیەکدا دەبات؟
“خراپتر دەبێت”
نەبەرد کەریم: ئەگەر هەرێمى کوردستان ئەو سامانە سروشتیەى، کە هەیەتى لە دەستی ئەو کەسانەدا بمێنیتەوە، کە هەرێمیان لە ماوەى ٣٠ ساڵى ڕابردوودا بەڕێوە بردووە، من دڵنیایی دەدەم، کە داهاتووى هەرێمى کوردستان خراپتر دەبێت و باشتر نابێت، چونکە کەسانى ناو حزب هەیە لە حکومەت دەوڵەمەندترە، بەڵام ئەگەر ئەو سامانەى هەرێم بخرێتە دەستێکى ئەمین و عەقڵانیتر، ئەوا لە ساڵى داهاتوودا سەرجەم قەیرانەکان تێدەپەڕێنین، چونکە هەرێمى کوردستان خاوەنى سامانێکى زۆرە.
-لەڕووە یاساییەکەیەوە، ڕێگا پێدراوە پارەی هەرێم ببرێتە دەرەوە؟
نەبەرد کەریم: بردنە دەرەوەى پارە بۆ هەندێک وڵات لەوانەیە ڕێگە پێدراوبێت، ئەوەش لەکاتێکدایە بردنى پارەکە بۆ بانکێک بێت، کە کرابێتە سەنتەرى بانکى جیهان، بەڵام لە وڵاتە دیکتاتۆرییەکاندا، کە دەسەڵاتداران دڵنیان ڕۆژێک دەسەڵاتیان کۆتایى دێت، ئەوا هەربۆیە سامانى خۆیان، کە لەبنەڕەتدا هی هاوڵاتیانە و ئەوان قۆرخیانکردووە بۆ خۆیان دەیبەنە دەرەوە ئەوەش لەپێناو ئەوەى لەکاتێکدا، کە هەڵهاتن لەڕێگەى ئەو پارەوە درێژە بە ژیانى خۆیان بدەن لە نمونەى ئەوانەش ئەو وڵاتانەن، کە لەپاش بەهارى عەرەبى ڕووخان و لەحاڵەتى ئەوەى، کە هاوڵاتیانى ناوخۆ گیرۆدەى چەندین قەیران بن و بەرپرسانیشى پارە ببەنە دەرەوە و لە ئەگەرى ئاشکرابوونى ئەو پارانەش ئەوا گەورترین کارى ئابڕوبەرانەیە.
ئ.م