ئامەد شاهۆ، ئەندامی مەجلیسی (پژاک) ڕایدەگەیەنێت، دۆخی ئێستای گەلانی ئێران بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێت بێدەنگییەکەى ئێستا بشکێنێت و سنوورێک بۆ سیاسەتەکانی ژنکوژی، گەنج کوژی، کوردکوژیی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دابنێت، دەشڵێت: لە داهاتوویەکی نزیکدا گەردەلول و زریانی ناڕەزایەتیی گەلان سەرهەڵدەدات، کە لە قۆناغەکانی پێشتر جیاوازتر دەبێت و پێویستە ڕژێم باجی تاوانەکانی خۆی بدات.
ئامەد شاهۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەبارەی ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێران لە دژی ڕژێمی ئێران بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد ئەمە دەقەکەیەتی:
– لە سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و سەرباری ئەو هەموو گوشارە سیاسی و ئابوورییە لەسەر گەل هەیە، دەنگێکی بەرچاو لە گەل بەرز نابێتەوە، ئەوەشی بەرز دەبێتەوە زۆر ناوچەیی و لۆکاڵین و لە یەکتریش دابڕاون، لێکدانەوەى ئێوە بۆ ئەو دۆخە چییە؟
ئامەد شاهۆ: ڕاستییەک هەیە، کە هەرگیز نکۆڵیی لێناکرێت، لە شوێنێکدا گوشار و زۆرداری لەسەر کۆمەڵگە هەبێت ئەوا ناڕەزایەتیی مەدەنی و چالاکییە دیموکراتیکەکانی گەلیش ڕوودەدات، ئاڵای بەرخودان هەموو کات سەرکەوتوو بووە، بەڵام ئەمڕۆ جوگرافیای ئێران بەهۆی دەسەڵاتێکی دز و گەندەڵەوە کاول و وێران کراوە، هەوڵ دەدرێت تواناکانی ژیانی ئازاد و دادپەوەررانە لە ناو ببرێت، ڕژێمێک بە ناوی “ڕژێمی سێدارە”، “ڕژێمی مەرگ” گەندەڵ، دز و تاڵانکەر لەسەر کارە، ئەو کارانە توانای هەناسەدانى لەگەل و کۆمەڵگە بڕیوە و کۆمەڵگەی بەرەو مردن بردووە، بەڵام لە ئەنجامی ئەوەشدا ڕژێم لە ناو زۆنگاوی پیسی تاوانەکانی خۆیدا دەخنکێت.
گەلانی ئێران هەرگیز دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ڕژێمی ئێرانی داگیرکەریان قبوڵ نەکردووە و بۆ بە بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان تێکۆشاون و لە تێکۆشاندان، تەنوری ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێران هەموو کات بڵێسەى بەرز دەبێتەوە و بەپێی کات و شوێن ئاگری سەرهەڵدان گەش دەکات و ئەوەش دەسەڵاتی تووشی تەنگاوی کردووە، نمونەى ئەوەش خۆپیشاندانەکانی مانگی حوزەیرانی ٢٠١٠، مانگەکانی کانوونی یەکەم و کانوونی دووەمی ٢٠١٧ و مانگەکانی ئەیلول و تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ یە، کە بناغەى ڕژێمی هەژاند، ئەو خۆپیشاندانانە بۆ دەسەڵات وەک بومەلەرزەی کۆمەڵایەتی و سیاسی بوون، کە تاوەکو ئێستاش ڕژێم بە دەستییانەوە دەناڵێنێت و لە پێشکەوتن و فراوانبوونی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی گەل ترساوە، لەبەر ئەوەش هەموو ڕێگاکانی سەرکوتکردن و داپڵۆسین بەرامبەر بە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەکار دەهێنێت و هەوڵ دەدات ڕێگری لە جوڵە و شەپۆلی ناڕەزایەتیی گەل بگرێت.
دۆخی ئێستای گەلانی ئێران بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێت بێدەنگییەکەى ئێستا بشکێنێت و سنوورێک بۆ سیاسەتەکانی ژنکوژی، گەنجکوژری، کوردکوژی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دابنێت، چەند هۆکاری سەرەکی هەیە، کە لە هەموو شوێنێکدا کاریگەرییان لەسەر دروستبوونی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان هەیە و ئەو کاریگەرییانەش بەمشێوەیەن، بەکارهێنانی ڕێبازە دڕندانەکان بەرامبەر بە خۆپیشاندانەکان لەلایەن چەکدارەکانی ڕژێمەوە، بەکارهێنانی هەمووجۆرە توندوتیژییەک لە بەرامبەر ناڕەزایەتیەکان و سەرکوتکردن و داپڵۆسینی گەلان بە پاساوی نایاسایی و ناڕاست و ناڕەوا، لەهەمانکاتدا کاریگەریی دەستوەردانی دەرەوە لە خۆپیشاندانەکانی گەلان دا و لە ڕێ دەرچوونی ئاراستەى خۆپیشاندانەکان و ڕەواکردنی سەرکوتی گەل لەلایەن ڕژێمەوە لە گۆڕێدا هەیە. خۆپیشاندانەکان لە پێشەنگ و پێشەنگایەتیکردنیش بێبەش بوون، لەبەر ئەوەش ڕژێم بە فێڵ و فریو و توندوتیژی خۆپیشاندانەکانی سەرکوت کرد، هەروەها خۆپیشاندانەکان گشتی نەبوون و داوای هەموو خۆپیشاندانەکان یەکگرتوانە نەبوون، لە دیاریکردنی ئامانجە چارەنووسسازەکاندا لاوازی هەبوو و بەپێی تواناکانی ڕێکخستن و خۆپاراستن گەل ئامادە نەکرابوو.
بێدەنگیی کاتیی گەل بەو مانایە نییە، کە دەستیان لە مافە ڕەوا و دیموکراتیەکەکانیان هەڵگرتووە، بە پێچەوانەوە ئەوە دوایین شانسە، کە گەلانی ئێران بە ڕژێمی ئێرانیان داوە، کە بۆ چارەسەریی بنەڕەتی و کێشەکانی گەلان هەنگاوی کرداری هەڵبگرێت، بەشداریی کەم و لاوازی گەل لە هەڵبژاردنی ١١هەمین خولی پەرلەمانی ئێراندا، لەدەستدانی ڕەوایی ڕژێم بوو، گەورەترین ناڕەزایەتیی گەلان، کە لە دژی ڕژێمی ئەنجامدرا، چاوەڕێ دەکرێت هەمان هەڵوێست لەلایەن گەلەوە بۆ هەڵبژاردنی ٢٠٢١ی سەرۆک کۆماریی ئێران دووبارە بکرێتەوە، بەڵام ڕوون و ئاشکرایە، کە ڕژێم گوێ لە داواکانی گەلان ناگرێت، لەبەر ئەوەش لە داهاتوویەکی نزیکدا گەردەلول و زریانی ناڕەزایەتیی گەلان سەرهەڵدەدات، کە لە قۆناغەکانی پێشتر جیاوازتر دەبێت و پێویستە ڕژێم باجی تاوانەکانی خۆی بدات.
– بۆ ئەوەى گەل بە شێوەیەکی گشتی و هەمەلایەنە بکەوێتە جوڵە، پێویستی بە چ جۆرە زمانێک هەیە؟
ئامەد شاهۆ: ئەوانەى خاوەنی خاک، نیشتمان، کولتور و ناسنامەن، گەلانی ناوخۆی ئێرانن، بەڵام ئەمڕۆ دەسەڵاتێک بە ملهوڕی و زۆرداری سیاسەتێکی ناڕەوا بەسەر گەلانی ئێراندا دەسەپێنێت و گەلان لە ڕاستیی خۆیان دوور دەخاتەوە، لەو دۆخەدا مرۆڤایەتی، هەستی ئازادی و دیموکراسی پێشناکەوێت. ئەو ڕژێمە لە هەڵبژاردنی خولی ١١هەمین پەرلەماندا لە ناو گەلاندا ڕەوابوونی خۆی لە دەستدا، دەسەڵاتێک لەسەر کارە، کە هێژای بەڕێوەبردنی گەل نییە، خاوەنی عەقڵییەتی پیاوسالارە، کە ژیانی ئازادی لە ژنان تێکداوە و ئێرانی کردووەتە شوێنی ژنکوژی، کە ڕۆژانە ژنان دەکوژرێن و ناچاری خۆکوژی دەکرێن. کۆمەڵگە لە ڕێگەى سوپای بێکارانەوە تەزاندووە و بێ بەرهەمی کردوون، هەروەها میلیتاریزەی کردووە و بە دروستکردن و نۆکەری و دەستدرێژی تەمەنی دەسەڵاتەکەى خۆی درێژ دەکاتەوە، واتە ڕژێمێکی چاوسوورکەرەوەی و پاکتاوکەر دەیەوێت بە زۆرداری دەسەڵاتی خۆی بەسەر گەل و کۆمەڵگەدا بسەپێنێت، ڕژێمیش بۆ ئەوەى بتوانێت گەلان ڕادەستی سیاسەتی خۆی بکات، ئامڕازەکانی سەرکوتکردن و داپڵۆسین، خستنە ناو قەفەس، گوریسی لەسێدارەدان و ئاشی تواندنەوەى خستووەتە کار و ڕۆژانە ورەی ئازاد و تاکەکانی کۆمەڵگە دەهاڕێت.
بۆ ئەوەى ڕەنگاورەنگی و فرەیی گەلانی ئێران بە نیگار و ڕەنگی دیموکراسی و ئازادی بڕازێندرێتەوە و چەرخ و فەلەکی دەسەڵات ڕاوبوەستێنرێت، تێکۆشانی هاوبەشی گەلان پێویستیی هەنوکەیی و ئەمڕۆی ئەم قۆناغەیە، بۆ دەستپێکردنی تێکۆشانی هاوبەشیش پێویستی بە پرۆژەی هاوبەش هەیە، کە گوزارشت لە داواکانی هەموو لایەنەکان بکات، ئێمەش وەک بزووتنەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و بۆ دەستپێکردنی چەخماخەی ئەو تێکۆشانە هەڵمەتی “بەڵێ بۆ دیموکراسی، نا بۆ سێدارە”مان دەستپێکردووە. واتا کلیلی چارەسەریی هەموو کێشەکانی ئێران بەندە بە پێشکەوتنی دیموکراسییەوە، تاوەکو لە ئێران هزری دیموکراسی پێشنەکەوێت، ئەوا کۆتایی بە سیاسەتی دژە مرۆیی ڕژێم نایەت و ئاسایش و ئارامیی ناوخۆیی ئێرانیش بەدی نایەت، لەبەر ئەوەش پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دەرفەتی خەباتی هاوبەشی گەلان بە ئەرکی مێژووی و سەردەمی خۆی دەزانێت و ئاستی تێکۆشان بەهێزتر و گەورەتر دەکات.
بۆ ئەوەى گەلانی ئێران و بە تایبەتی گەلی کورد بە کۆدەنگی لە دژی ڕژێمی ئێران بوەستنەوە و ڕاپەڕن، پێویستی بە بەرزکردنەوەى ئاستی هۆشیاریی نەتەوەیی و دیموکراتیک هەیە. دەبێت و زۆر گرنگە گەلان هەموو حسابات و سەرمایەگوزارییان لەسەر هێزی جەوهەریی خۆیان بێت، بۆ تەزاندنی داگیرکەری و ڕووخاندنی فاشیزمی مەزهەبی، دەبێت بەرەی دیموکراتیکی گەلان لە سەر هێڵی سێیەم، کە هێڵی تێکۆشانی دیموکراتیکی گەلانە بەهێزتر و بەفراوانتر بکات، ڕێکخستنکردنی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای هۆشمەندیی نەتەوەی دیموکراتیک، گڕکان و کانگای کوڵای دژ بە دەسەڵات گوڕتر و زیاتر دەکات و لە ئازادی نزیکیان دەکاتەوە”.
– بۆ بونیاتنان و دروستکردنی ئەو زمانە چی دەکرێت، یان دەبێت چی بکرێت؟
ئامەد شاهۆ: ئەڵقە و زنجیرەی دیموکراسی، یان تێکۆشانی دیموکراتیکی گەلان لە دژی داگیرکەریی و فاشیزم چەند بەرفراوان بێت، ئەوا بەو ڕادەیەش زنجیری کۆیلەتی لە ئێران دەپسێت و بەرەو ئازادی هەنگاو دەنرێت، لەبەرئەوەی سەدەی ٢١ سەدەی ئازادیی ژنان و گەلانە، ئیدی هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت هزر و ڕامانی ئازادی لە سێدارە بدات و کەلەپچەی بکات، دەبێت گەل لە دژی ئەو لافاوە بوەستنەوە، کە دەوڵەمەندیی ئێران تاڵان دەکات و دەرفەتەکانی بە ڕێکخستنکردن و پێویستیی بنەڕەتیی ژیانی گەلانی لە ناوبردووە، سفرەى گەلی بەتاڵ کردووە، سوپای بێکارانی گەورەتر کردووە و ڕێژەى خۆکوژی، کوشتنی ژنان، منداڵ و گەنجانی زیاتر کردووە، دەبێت دەرفەتی تێکۆشان و ڕووبەڕووبوونەوە دژ بە دەسەڵاتی فێڵباز، ساختەکار، گەندەڵ، مافیا و بکوژ بەهێزتر بکرێت تاوەکو بتوانن کۆتایی بە تاڵانیی دەوڵەمەندیی گەلان بهێنن و شەقامەکان لە چەکدارە مافیاییەکان پاک بکەنەوە.
بۆ ئەوەى دەرفەتی خەباتی هاوبەش لە دژی ڕژێمی ئێرانی داگیرکەر بەرەو پێش بڕوات، پێکهێنانی بەرەی دیموکراتیکی گەلانی ئێران و یەکێتی و یەکڕیزیی هێزە کوردەییەکان پێویستە، بۆ بە ئەنجام گەیشتنی ئەوەش پێویستە کۆبوونەوە، کۆنفرانس و سیمینار لەسەر بابەتە هەستیارەکان ڕێکبخرێت تاوەکو زمان و ڕێبازێکی هاوبەشی تێکۆشان لە دژی ڕژێم پێشبخرێت، وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بۆ سنووردارکردنی داگیرکەری و پێشخستنی دیموکراسی هەر ئەرک و بەرپرسیارییەکی مێژووی بکەوێتە ئەستۆمان، بۆ بەدیهێنان و دابینکردنی ژیانێکی ئارام و بەختەوەر و دامەزراندنی سیستمێکی ئازاد و دیموکراتیک، ئێمە بە ورە و بڕوای شۆڕشگێڕی و فیداکاریی گەلەوە، ئامادەی ئەنجامدانین.
ک.س