کەمال ڕەئوف، ئاماژە بەوە دەکات، کە پەدەکە ناوی حکومەتی هەرێم بەکاردێنێت بۆ پەردەپۆشکردنی پیلانەکانی لەگەڵ تورکیا و دەشڵێت، ئەگەر ئەم شەڕە دروستببێت، گەنجەکانمان و خەڵکی ناڕازیی دەچنە پاڵ هێزەکانی پەکەکە و دەبنە چەکداری ئەوان، چونکە تۆ بەرامبەر پەدەکە وەک هێزێکی کوردیی شەڕناکەیت، بەڵکو بەرامبەر تورکیا شەڕدەکەیت کە هاوبەشی پەدەکەیە.
کەمال ڕەئوف، چاودێری سیاسیی و ڕۆژنامەنووس، لەبارەی سەردانەکەی مەسروربارزانی، بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا و هاكان فیدان، سەرۆكی دەزگای سیخوڕیی توركیا، وەڵامی چەند پرسیارێکی ڕۆژنیوز دەداتەوە.
دەقی چاوپێکەوتنە:
-تێڕوانینتان لەسەر ئەو سەردانە چۆنە؟
“جێگای پرسیار و گومانە”
کەمال ڕەئوف: خودی سەردانەکە لەم کاتە هەستیارەدا، دوای ئەوەی کە پێشتر ڕاگەیەندرا کە تورکیا بەنیازی ئەوەیە لەشکرکێشی بکات بۆسەر باشووری کوردستان، هەروەها لە ڕووی پرۆتۆکۆڵی شێوازی دانیشتن و تیمەکەی سەرۆکی هەرێم هەمووی جێگای پرسیار و گومانە.
-دەوترێت کۆبوونەوەکە بۆ پرسی ئابوریی بووە، ئێوە چی دەڵێن؟
“بۆ پێداچوونەوەی پلانی هێرشکردن بوو”
کەمال ڕەئوف: گوایە ئەمە سەردانێکە بۆ کێشەیەکی ئابووریی، بەڵام ئاماژەکان زیاتر بۆ ئەوەیە کە ئەو پلانەی دەوڵەتی تورک هەیبوو بۆ هێرشکردن بۆسەر باشووری کوردستان لە کۆبوونەوەدا جارێکی تر پێداچوونەوەی بۆ کراوە، ئەمەش دوای ئەوەهات کە پلانەکە لەلایەن کەجەکەوە ئاشکراکرا، ئەمەش بووە هۆی دواکەوتن و گۆڕانکاریی بەسەر پلانەکەدا،
-ئامانجی دەوڵەتی تورک لەم هێرشە چییە؟
“داگیرکاریی هەمیشەیی”
کەمال ڕەئوف: هیوادارین کە وانەبێت و هیچ پارتێکی کوردیی نەچێتە ناو ئەو پلانەی تورکیاوە، چونکە ئامانجی تورکیا ئەوە نییە هێرش بکاتە سەر هێزێکی دیاریکراو، کە هەمیشە پەکەکە کراوەتە بیانوو، بەڵکو دەیانەوێت لە عێراق ئاشووبێکی گەورە دروستبکەن، بەناوی پاراستنی تورکمانەکان و خەڵکی خۆیانەوە لەشکرکێشی بکەن بۆ داگیرکردنێکی هەمیشەیی، هێرشی ئەم جارە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
-پەرچەکرداری وڵاتانی ناوچەکە بۆ ئەم هێرشە چی دەبێت؟
“ئەم هێرشە یەکسانە بە هاتنی سوپای ئێران”
کەمال ڕەئوف: ڕەنگە لایەنە کوردییەکان ئەو وردبینییەیان نەکردبێت، کە هاتنی سوپای تورکیا یەکسانە بە هاتنی سوپای ئێران و جوڵەی حەشدی شەعبی، چونکە دواجار عێراق دەوڵەتە و دەتوانێت کارتەکانی بەکاربهێنێت بەرامبەر هەرێم، ئەگەر پەدەکە بیانەوێت سەرپێچی بکەن و بە پشتیوانی تورکیا بەردەوامیی بە پرۆژەی ڕادەستکردنی غازی سروشتی هەرێم بدەن بە تورکیا، عێراقیش کارتەکانی بەکاردەهێنێت، کە زەرەرمەندی یەکەم لەم شەڕە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێت و ئەم قەوارەیە ئەگەر نابووت نەبێت بە تەواوەتی بچوکتر دەبێتەوە.
-بۆچی پەدەکە ناوی حکومەتی هەرێم بەکاردەهێنێت؟
“بۆ پەردەپۆشکردنی پیلانەکەی”
کەمال ڕەئوف: پەدەکە پێویستی بەوەبوو، کە ئەم شەڕە وەک شەڕی حکومەتی هەرێم پێناسە بکات و بیناسێنێت بۆ پەردەپۆشکردنی پیلانەکەی، بەڵام بەوپێیەی کە یەنەکە نەهاتە پێشەوە، پەدەکە نیگەرانە لەوەی کە بەتەنها ماوەتەوە، چونکە یەنەکە نەچووەتە ناو ئەوشەڕەوە و ڕەنگە بێلایەنی هەڵبژێرێت، بەمەش ناڕەزایەتی خەڵکی هەرێم بەرامبەر پەدەکە زیاتردەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا: پەدەکە چاوی لەوەیە کە پشێوییەکانی عێراق بتەقێتەوە و لەم نێوەندەدا دۆسییە ڕەشەکانی خۆی ون بکات، بۆ ئەمەش پێویستی بە هاوکاریی هەیە، بۆیە هاتنی تورکیا بە پشتیوانی خۆی دەبینێت، پێشبینی دەکەم، کە داعش جارێکی تر دروستبکرێتەوە لەلایەن تورکیاوە بۆ سەرقاڵکردنی هێزەکانی عێراق و ئێران و بەتایبەتی لە ناوچە نەوتییەکان.
ئایا ئەم سیاسەتەی پەدەکە هیچ ڕەهەندێکی دیکەی هەیە؟
“بەڵێ..
کەمال ڕەئوف: پەدەکە نیگەرانە لەوەی، ئەو هێزانەی دروستیکردووە وەک هێزی ڕۆژ کە سوپای تورک پڕ چەکی کردوون و ڕاهێنانی پێکردوون و خەرجییەکی زۆریان هەیە مانگانە، لە ڕۆژئاوای کوردستان جێگایان نەبوویەوە و بوونەتە بارێک بەسەر حکومەتی هەرێمەوە، دەیانەوێت بازاڕێک بۆ ئەم هێزانەش بکەنەوە و بیانخەنە شەڕەوە، ڕەنگە هێزی دیکەش دروستبکرێت، ئێستا دەنگۆی دروستبوونی دوو لیوای نوێ هەیە لە تورکمانەکان و سوننەکانی ناوچەی موسڵ و دەورووبەر، ڕەنگە ئەمانەش بکرێنە مەکینەی ئەم شەڕە.
-واتا پەدەکە بۆ مانەوەی خۆی خزمەتی ئەنجێندای دەرەکیی دەکات؟
“بەدڵنیاییەوە..
کەمال ڕەئوف: لەئێستادا چ ئێران و چ عێراق، هەرێمی کوردستان بەتایبەتی زۆنی زەرد وەکو بەشێک لە ئەجێندای بیانی دەبینن و بەمەترسیی دەبینن بۆسەر ئاسایشی ستراتیژیی و نەتەوەیی ئێرانی، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پەدەکە پێویستی بە هێزێکی دەرەکییە بیهێنێتە کوردستان نزیکترین هێزیش لێیانەوە تورکیایە، واتا پەدەکە بۆ مانەوەی خۆی و ئابوورییەکی نەوتیی بووەتە بەشێک لە شەڕی هەرێمایەتی، بەڵام پەدەکە بەرگەی ئەم ئەجێندا دەرەکی و هەرێمایەتییانە ناگرێت و بەزەرەری خەڵک و قەوارەی هەرێم و پەدەکەدا دەشکێتەوە.
ئەگەر ئەو شەڕە دروستببێت هەڵوێستی گەل چی دەبێت؟
“خەڵك چەک هەڵدەگرن و دەچنە پاڵ پەکەکە”
کەمال ڕەئوف: ئێستا هێزی ئۆپۆزسیۆنی نەرمی پەرلەمانی ڕەخنەگرانە هێزی نەماوە، تەنانەت مۆدێلیان بەسەرچووە، خەڵک هێزێکی دەوێت خاوەن چەک بێت و وەڵامدەرەوەی نادادپەروەرییەکان بێت، ئەگەر ئەم شەڕە دروستببێت بەشێک لە گەنجانی ئێمە و خەڵکی ناڕازیی دەچنە پاڵ هێزەکانی پەکەکە و دەبنە چەکداری ئەوان، ئەمە جگە لە ناڕەزایەتی گرنگییەکی نەتەوەیی-شی هەیە، چونکە تۆ بەرامبەر پەدەکە وەک هێزێکی کوردی شەڕناکەیت بەڵکو بەرامبەر تورکیا شەڕدەکەیت کە هاوبەشی پەدەکەیە.
ش.ف