بڕوا ئەسعەد
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی کۆمۆنیستی ئێران باس لەوەدەكات، دەوڵەتان هەرچۆن دژی یەكبن، بەڵام لە دژایەتی كردنی كوردا یەك دەنگن و دەڵێت: بە سوود وەرگرتن لە بارودۆخی ناوچەكە توركیا هێرشی دەستپێكردووە، بۆیە دەبێت لایەنە سیاسییەكان ئەو هاوچارەنووسییەی هەیانە گەورەی بكەن و هیچ دەرفەتێک بۆ ئەو داگیرکەران نەهێڵنەوە.
لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز، جەمال بزورگ پور، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ڕێكخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران – کۆمەڵە، هەڵوێستی حزبەكەی لەسەر هێرشە داگیركارییەكانی دەوڵتی تورك ئاشكرا دەكات و پێشنیاری خۆیان بۆ بەگژداچوونەوەی داگیركارییەكان لەم قۆناغەدا دەخاتە ڕوو.
بزورگ پور، ئامانجی پشت هێرشە داگیركارییەكانی دەوڵتی توركی ئاشكراكرد و وتی: لە بەهاری ٢٠٢٣دا، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەدەچێت لە تورکیادا، ئەم حیزبی دەسەڵاتە لە تورکیادا، هەوڵ دەدات بەم جۆرە زیهنی خەڵک بە شەڕ سەرقاڵ بکات، بەجۆرێک ئەم ناڕەزاییەتیانە دابمرکێنێتەوە، لە لایەکی دیکەوە پشتیوانی خەڵک بۆ خۆی بۆ ئەو خەیاڵانەی هەیەتی دەستەبەر بکات، دەوڵەتی تورکیا هیچ کاتێک ڕازی نابێت بە کیانێکی کوردی، بە نموونە لە ڕۆژائاوای کوردستان بینیمان بە ئاگر و خوێن بەربەرەکانێ دەکات، هەروەها لە باشووری کوردستانیش بە هەمانشێوە.
پوختەی چاوپێکەوتنەکە:
–بۆچونتان چییە لەسەر هێرشی نوێی داگیركاریی دەوڵەتی تورك بۆسەر باشووری كوردستان؟
جەمال بزورگ پور: ئەو هێرشە داگیرکارییەی سوپای داگیرکاری تورک بۆ سەر باشووری کوردستان، بە هەڵە دەزانین، لە ڕاستیدا ئەو ئاڵوگۆڕانەی لەناوچەکەدا هاتووەتە پێشەوە، بەهۆی ئەو بارودۆخە شێواوییەی هەیە، بەتایبەت لەدوای شەڕی ئۆکراین، بەربەرکانێی زلهێزەکانی جیهان لەوێدا بۆ دابەشکردنی سەرلەنوێ دەەسەڵاتی خۆیانە لە ناوچەکەدا، دەوڵەتی تورکیاش بە هەلی زانیوە، کە لەو بارودۆخە سوود وەربگرێت بە چەند مەبەستێک، یەکەمیش دەیەوێت لە کێشمە کێشمانەی ناوچەکەدا جێگە و پێگەیەکی دیاری کراوی هەبێت بەتایبەت لەگەڵ ئێران، کە عێراق بە جێگە و نفوسی خۆی دەزانێت، تەنها شتێکە بە پەلاماردان بۆ سەر باشووری کوردستان پێگەیەکی بەهێزتر پەیدا بکات لە داهاتووی نەخشەی سیاسی لە ناوچەکەدا.
–پێتانوایە هیچ هۆکارێکی ناوخۆیی لەپشت هێرشەکانەوە بێت؟
جەمال بزورگ پور: تورکیا ئێستا ڕووبەڕووی دۆخێکی نالەباری ئابووریی بووەتەوە و داڕمانێکی ئابووریی پێوە دیارە، ناڕەزایەتی لە ناوخۆی تورکیا دژی ئاکەپە دەستیپێکردووە، بەتایبەت لە بەهاری ٢٠٢٣دا، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەدەچێت لە تورکیادا، ئەم حزبی دەسەڵاتە لە تورکیادا، هەوڵ دەدات بەم جۆرە زیهنی خەڵک بە شەڕ سەرقاڵ بکات بەجۆرێک ئەم ناڕەزاییەتیانە دابمرکێنێتەوە، لە لایەکی دیکەوە پشتیوانی خەڵک بۆ خۆی بۆ ئەو خەیاڵانەی هەیەتی دەستەبەر بکات، دەوڵەتی تورکیا هیچ کاتێک ڕازی نابێت بە کیانێکی کوردی، بە نموونە لە ڕۆژائاوای کوردستان بینیمان بە ئاگر و خوێن بەربەرەکانێ دەکات، هەروەها لە باشووری کوردستانیش بە دوای ئەو ئاڵۆزییەی هاتووەتە پێش لە ناوچەکە، هەوڵدەدات لە هەمان کاتدا دەسەڵاتی زۆرتر لە هەرێمی کوردستان پەیدابکات، پەکەکە ببێت یاخود نەبێت، دەوڵەتی تورک دژایەتی خەڵکی کورد و مافی ڕەوای خەڵکی کورد لە هەرچوار پارچەکە دەکات.
–لەبەرامبەر هێرشەكانی دەوڵەتی توركدا بێدەنگییەكی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیی هەیە، بەڵام بەپێچەوانەوە كورد لە ناوخۆیدا پەرتەوازەیە، ئەوە بۆچی؟
جەمال بزورگ پور: ئەو دەوڵەتانەی داگیرکەری کوردستانن، لەمێژە هاوپەیمانییەکی نەپچڕاوییان هەیە و دژی خەڵکی کوردن، سەڕەڕای ئەوەی ناکۆکیان پێکەوە هەیە و بەرژەوەندییەکانیان لەناوچەکەدا جیاوازە، بەڵام کە دێتە سەر بابەتی کورد هەموویان هاودەنگن، لەگەڵ ئەو گۆڕانی بارودۆخەی خۆیاندا ئەوان دیسان هەوڵدەدەنەوە بەربەرەکانێ بۆ دۆزی گەلی کورد بکەن و هاوکاری یەکدی بکەن، لە ڕۆژی ئەمڕۆدا کە جیاوازی هەیە لەگەڵ ڕابردوو، ئەم دەوڵەتانە لاوازتربوون، جێگای خۆیەتی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکانی کوردستان، بەهۆی هاوچارەنووسیەک کە هەیانە، هاوپشتی خەباتی یەکتربن، هەوڵبدەن لە ڕێگایەک ئەو هاوپشتییە بەهێزبکەن، ئەو دۆخەی ئێستای تورکیا لە ناوچەکەدا هاتووەتە پێشەوە و پەلاماری خۆی دەستپێکردووە، دەیەوێت لە هەموو وەسیلەیەک سوومەندبێت، بە بڕوای من دەبێت خەڵکی کوردستان لە هەر چوارپارچەکە، ئەو هاوچارەنووسیە گەورەبکەن، بەتایبەت هێزە سیاسییەکان بە پشتبەستن بەو هاوچارەنووسییە، هیچ دەرفەتێک بۆ ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانە نەهێڵنەوە.
–ئایا پەكەكە ئامانجی هێرشەكەی دەوڵەتی توركە وەک ئەوەی بەپرسی هەندێک حزبی باشوور باسی دەکەن، یان ئەوە تەنیا بەهانەیە؟
جەمال بزورگ پور: ئەو دەوڵەتانەی وەکو دەوڵەتی تورکیا و ئێران هیچ ڕەسمیەتێک بە حکومەتی هەرێمی کوردستان نادەن، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات ئەوان لە بنەڕەتدا دژایەتی دەکەن، ئێستا هاسەنگییەکە بە جۆرێکە، بەڵام ناتوانن و خەریکن نەخشەی بۆ دەکێشن، هەر ئەوەی بە ئیشتیهای خۆیان ئارەزووی خۆیان بیانەوێت هێزدەنێرن و داگیریدەکەن و ژیان لە خەڵک تێکدەدەن و ناوچەکان چۆڵدەکەن، هەروەها بۆردوومانی دەکەن و باخ و ڕەزی خەڵکی دەسوتێنن، هەموو ئەمانە پێمان دەڵێت، کە ئەم دوو دەوڵەتە بەتایبەت دەوڵەتی تورکیا هیچ جۆرە مافێک بۆ هەرێمی کوردستان دانانێت، بۆ ئەوە کارەش دەستی ناپارێزێت، بە هەموو شێوەیەک سوودمەند دەبێت بو ناوی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، بە ناوی پەکەکەوە ئەو تاوانانە بەرنەپێشەوە، دەنگۆی ئەوە هەیە بە گازی کیمیاوی بەکارهێنابێت، بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ پەکەکە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕابردووی ئەم حکومەتە لە بەربەرەکانێ لەگەڵ خەڵکی کورد-دا، بە ئاشکرا بۆمان دەردەکەوێت زۆر تاوانی دیکەشیان کردووە دژی خەڵک و مافی کورد.
–تا چەند هەڵووێست دژ بەو داگیرکارییانە گرنگە؟
جەمال بزورگ پور: ئێمە لێرەدا دەبێت ئاگاداری پیلانی دووژمنانی خۆمانبین، نابێت بە زەرەری هێزێکی دیکە و بەشێکی دیکەی کوردی بشکێتەوە، بەتایبەت دەوڵەتی تورکیا دژی هەرێمی کوردستانە، هەروەها بۆ داگیرکردنی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدایە نەخشە دادەڕێژێت، بۆیە جێگای خۆیەتی هەموومان هەڵوێستمان هەبێت.
–لەسەر ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر پەكەكە لە هەرێمی كوردستان چی دەڵێن؟
جەمال بزورگ پور: خەڵکی کورد داگیرکارنییە و نەبووە، لە هەرچوارپارچەکە هەمیشە خەڵکی کورد بەرگریی لە خۆی کردووە، ئەوە دەوڵەتانی داگیرکەربوون هێڕشیان هێناوەتە سەری، لە کوێ بیستراوە خەڵکی کورد پەلاماری وڵات و خاکێکی دیکە بدات، یان تەگەرە بخەینە سەر ڕێگەیان، بۆیە دووژمنەکانمان بە هەموو شێوازێک کەڵک وەردەگرێت، بەگشتی ڕەوا نییە ڕێگری لە هاوکاری هێزێکی کوردی بکرێت، چونکە وەک وتم هەموومان هاوچارەنووسین، ئیمە وەکو حزبی کۆمەڵە خۆمان بە پشتیوانی خەبات و تێکۆشانی ڕۆژئاوا و باکوور و باشووری کوردستان دەزانین، ئەوەی پێمان وابێت پێویستە بەرژەوەندی ئەوان و بەهێزکردنی بزووتنەوەکەیان و هەوڵ و تێکۆشانیان بۆ سەلماندنی مافەکانیان پشتیوانی دەبێت بیکەین و ئەرکە لەسەر شانمان.
–وەك كۆمەڵە هەڵوێستنا چییە لەم قۆناغەدا؟
جەمال بزورگ پور: ئیمە وەکو کۆمەڵە بەیاننامەیەکمان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئەو هێرش و پەلاماردانەمان مەحکوم و شەرمەزار کردووە، داوامان کردووە هەموو خەڵکی ئازادیخواز بە هەرشێوەیەک بۆیان دەکرێت، دژی ئەو هێرش و پەلاماردانەبن، هەروەها تێبکۆشن سەرنج و ڕای گشتی بەرامبەر بەم هێرشە ناڕەوایە بۆسەر هەرێمی کوردستان، کە پەکەکە بەهانەیەکە، ئەوە بە گوێی دونیا بگەیەنن لەبەردەم سەفارەتخانە و کونسوڵگەری و شوێنە گشتیەکاندا کۆبونەوە بکەن، داوامان لە خەڵکی کوردی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، دژی ئەم پەلامارەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستانی دەکات دەنگ هەڵبڕبن، هەروەها چاوەڕوانیشین هیزە سیاسیەکانی کوردستان لە هەرچوارپارچەکەدا هەڵوێست وەربگرن و هێڕشەکان شەرمەزاربکەن، بەتایبەت لێرە نەخشە و جێگای هێزە سیاسیەکان لە باشووری کوردستان بەرچاوە، چاوەڕێی ئەوەدەکەین ئەوانیش هەوڵویستیان هەبێت، بەتایبەت حکومەتی هەرێـمی کوردستان بەرامبەر بەو هێرشە ئاشکرایە ڕابوەستێت و سنورێک دابنێت بۆ ئەو پەلامار و هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا.
س.س