کوێستان ئەکرەم سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندییەکی زۆرباش لەنێوان ئەوان و شارەوانی قەندیلدا هەیە و توانیویانە ئەزمونێکی باشی کارکردن لەوان وەربگرن، دەشڵێت: لەگەڵ ستافێک لە سەرۆک شارەوانیەکان، کەلایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبرێن ویستمان سەردانى ڕۆژئاواى کوردستان بکەین، بەڵام بەهۆکاری سیاسی ڕێگە نەدرا سەردانەکە ئەنجام بدەین، لەکاتێکدا گرنگە ئەو پەیوەندیانە هەبن.
کوێستان ئەکرەم سەرۆکى شارەوانى هەڵەبجە، لە چاوپێکەوتنێکى تایبەتەدا لەگەڵ ئاژانسى ڕۆژنیوز لەبارەى ڕۆڵ و گرنگى ژنان لە بەڕێوەبردن و ئیدارەدانى پارێزگاکەیان، وەڵامی چەندین پرسیاری دایەوە.
دەقی چاوپێکەوتنەکە:
– ئەو ژنانە کێ بوون، کە لەمێژووی پارێزگاى هەڵەبجەدا ڕۆڵى دیار و بەرچاوییان هەبووە؟
کوێستان ئەکرەم: لە هەڵەبجە لە سەدەی ١٩ وە ژن توانیویەتی فەرمانڕەوایی بکات و زۆر سەرچاوەی مێژوویش دەڵێن، عادیلە خانم ئەوکاتەی قائیمقامى هەڵەبجە بووە فەرمانڕەوایی بەسەر سنوورەکەدا تا خانەقین، سنە و بانە هەبووە، کە دەڵێن، فەرمانڕەوایی واتە بەگرنگزانینی نووسراوەکانی و کارپێکردنیان، عادیلە خانم لەبواری کارگێڕیی و سیاسەت و کۆمەڵایەتییدا توانیویەتی کاربکات و پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیی زۆرباش لە هەڵەبجە دروست بکات، بە نمونە توانیویەتی پەیوەندییەکی زۆرباش لەنێوان جولەکە و موسڵمان دروست بکات، هەر لە سەردەمی ئەودا باڵەخانەی زۆرجوان لە هەڵەبجە هەبووە، کە لەهیچ شوێنێکی دیکەى عێراقدا نەبووە.
ڕۆژنیوز – پێوێستە ژنان چى بکەن، تاوەکو ڕۆڵى بەرچاوییان هەبێت لەبەرەوپێشچوونى کۆمەڵگەدا؟
کوێستان ئەکرەم: ژن لە هەر پێگەیەك بێت ڕکابەرایەتیی هەیە، چ کۆمەڵایەتیی چ سیاسیی و ئیداریی، بەڵام دەبێت ژن باوەڕی بەخۆی بێت بۆ ئەوەی بتوانێت سەرجەم ئەو کۆت و بەندانە و ڕێگرییانە تێپەڕێنێت، کە دێنە بەردەمی، بۆ نمونە عادیلە خانم لەسەدەی ١٩دا بووەتە کەسێکی سەرکردە و بەدەیان کێشە و گرفتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بۆ دروستبووە، بەڵام هەر بەردەوام بووە و سەرکەوتوش بووە.
– خۆت لەکاتى بەدەستهێنانى پۆستى سەرۆکى شارەوانى هەڵەبجەدا ڕووبەڕووى هیچ ئاستەنگیەک بویتەتەوە؟
کوێستان ئەکرەم: من وەک خۆم کاتێک گەشتومەتە ئێرە وەك کەسایەتی خۆم، کە مێژوویەکم هەیە دەتوانم بڵێم هەموی ئەزموون و خەبات و ململانێ و ڕکەبەرایەتى بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیومە بە ئاشتیی و دۆستانە ڕووبەڕووی کێشەکان ببمەوە، چونکە هەرگیز لەگەڵ ئەوە نەبووم، کە کێشە بەکێشە وەڵام بدەمەوە، خودى وەڵامدانەوەى هەڵە بە چاکە و ئاشتیی گەورەترین سزایە بۆ بەرامبەرەکەت و لەو چوارچێوەشدا توانیومانە لە هەڵەبجە ڕێچکەیەکی باش بشکێنین، کە ئەوەش بریتیە لەوەى زیاتر لە زۆربەى ناوچەکانى دیکەى عێراق و هەرێم ژنان لێرە پۆستەکانیان بە دەستەوەیە.
– لەو پۆستانەى لاى ژنانە توانیویانە خزمەت بە ژنان بکەن یان ڕۆڵیان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
کوێستان ئەکرەم: پێگەی ژن لە هەر پلە و پۆستێکی ئیدارییدا بێت ئەوە بۆخۆی بەهێزی ژن و کاریگەرییەتی لەو بوارەی، کە کارى تێدا دەکات، بەداخەوە ئێمە لەم کاتەدا، کە بووین بە بەرپرسی یەکەمی فەرمانگەکان بە تایبەت من، کە لە ٢٠١٦وە سەرۆکی شارەوانیم، وەك پێویست نەمتوانیووە خزمەتی هاوڵاتیان بکەم و بەدەمیانەوە بم، ئەوەش بەهۆى ئەوەى لە سالى ٢٠١٥ و ٢٠١٦ دا قەیرانی دارایی بەرۆکی هەرێمی کوردستانى گرت و دواتر شەڕی نەگریسی داعش، کە کاریگەریی خراپى لەسەر هەموومان دروستکرد، کە وایانکرد نەتوانین کارى بەرچاو بکەین بەڕاستیی شارەوانی واتە خزمەتکردن و بودجە بەداخەوە هیچ کام لەوانەمان لەئێستادانیە.
– ئەگەر بودجەى پێویست نییە بۆ دروستکردنى پڕۆژە، ئیتر گرنگى شارەوانى لەچیدایە؟
کوێستان ئەکرەم: پێمخۆشە باسی ئەوە بکەم، چونکە زۆرکەس دەڵێن، ئەگەر بودجە نییە بۆدەست لەکارناکێشنەوە، لەکاتێکدا بەدەست لەکارکێشانەوەی ئێمە گرفتەکە چارەسەر نابێت، چونکە دەیان کەسی دیکەش بێتە شوێنی من، ئەگەر بودجەی لەبەردەست نەبێت ئەوا هەمان کارى ئێستا دەکرێت، ناکرێت فەرمانگەیەکی خزمەتگوزاریی، کە ڕۆژانە بەدەیان و سەدان هاوڵاتی کاری دەکەوێتە شارەوانی هاوبەشی ئاوە کێشەی دووکانە ….هتد فەرمانگەیەك دابخەین لەبەرئەوەی بوجەیەکمان لا نیە، کۆڵانێکی پێ قیرتاو بکەین و ئەوە گرفتی سەرەکی ئێمەشە نەک هەر هاوڵاتیان من خەڵکی هەڵەبجەم و ماڵم لێرەیە بەشەو و ڕۆژ سەردانى هاوڵاتیان دەکەم و شارەزای هەموو شوێنێکم هەموو گرفتێکى هاوڵاتیانیش گرفتی منە، لەوەش خۆشترنیە، کە بتوانی کارێكى بەرچاو بۆ هاوڵاتیان بکەیت، بەڵام بەداخەوە بەهۆی قەیرانی دارایی و سیاسیەوە نەمانتوانیووە کاریگەری خۆمان بسەپێنین.
– پەیوەندییتان لەگەڵ ئەو ژنانەى دیکە، کە لە هەڵەبجەدا پۆستە ئیدارییەکانیان بەدەستەوەیە چۆنە؟
کوێستان ئەکرەم: پەیوەندییەکی باش لەنێوانمان هەیە، بەڵام لەڕووی ئیدارییەوە کارەکانمان جیاوازە بەجۆرێک سەرۆکایەتی زانکۆ سەر بە خوێندنی باڵایە پەیوەندیی بە کاری ڕۆژانەی منەوە نیە، بەڵام پەیوەندییمان هەیە بۆ نمونە سەرۆکایەتی زانکۆ پێویستی بەزەوی هەیە بۆ پرۆژەیەك ئێمە هاوکاری دەبین، زۆرجاریش بەهۆی پەیوەندیی ژنانەوە هاوکاری یەکترین، هەرچەندە کاری منیش نەبێت بەس گرفتەکە هەموومانی گرتووەتەوە ئەویش وەك پێویست کارمەندی نییە منیش هاوکاری دەبم لە ناردنی کارمەندی کارگوزاردا و هەموو بەرپرسە ژنە ئیدارییەکان لەڕووى ئیش و کارەوە پەیوەندییەکی باشمان هەیە، ڕەنگە نەتوانین تەداخولی کارى یەکتر بکەین، بەڵام هەماهەنگی لەنێوانمانداهەیە و بەدەمی یەکترەوەین لە کاروچالاکیەکاندا .
– لەو پڕۆژانەی شارەوانی هەڵەبجە پێشکەشى کردوون هیچ پڕۆژەیەکیان بۆ ژنان تێدابووە؟
کوێستان ئەکرەم: بەداخەوە ئێمە ئەونە گرفتی خۆمان هەیە گرفتی ناوشار گرفتی ئاوەڕۆ و کۆڵانە قیرنەکراوەکان، کە نەگەشتووینەتە ئەوەی باس لەوە بکەین، بەڵام من وەك چالاكوانێکی بواری ژنان دەتوانم بڵێم شانازیی بەچەند کارێکەوە دەکەم، کە بۆ ژن کردوومە، کە تونیومە سپۆنسەری بۆ پەیدابکەم لەوانە توانیومە گۆڕی عادیلە خانم لە عەبابەیلێ بدۆزمە و لەسەر ئەرکی خۆم مەزارگەیەکی بچوکی بۆ دروستکەم، پەیکەرێکی بۆ دروست بکەم، کە سپۆنسەرم بۆ پەیدا کردووە لە باخی گشتی پەیکەرێکم بۆ داناوە و توانیومە باخچەیەکی بچوك بەناوی باخچەی ڕۆشنا، کە کچێکی گەنجی جوانی هەڵەبجەیە لەرووى دەرونیەوە ناساخە پێویست بوو باخچەیەك بکەین بەناوییەوە لەبەردەم ماڵەکەیاندا.
– کام کارى دیکەتان لە هەڵەبجە کردووە، کە وەک دەستکەوت تەماشاى بکەیت؟
کوێستان ئەکرەم: لە باخچەی شارەوانی باخچەیەکم بۆ خاتوو دانیاڵ میتەران دروستکردووە، کە بە دۆست و دایکی کورد دادەنرێت و کاتێك لە ساڵی ١٩٩٢دا سەردانی هەڵەبجەی کردووە و ئەو هەموو وێرانەی بینیووە، بەداخەوە پەیکەرێکی جوانیان بۆ دروستکردبوو، بەڵام ئیسلامیە توندڕەوەکان پەیکەرەکەیان شکاندبوو، وەك ژنێك، کە سەرۆکی شارەوانیم پێم شەرم بووە پەیکەرێکی ژن بەشکاوی لەم شارەدا بێت و لەسەر ئەرکی ژنانی کوردی خولی یەکەمی پەرلەمانی عێراق پەیکەرێکی جوانمان بۆ دروستکرد لە باخچەی شارەوانیش دامناوە بۆ ئەوەی پارێزراوبێت.
-پەیوەندیتان چۆنە لەگەڵ شارەوانیەکانی دیکە بەتایبەت ئەوانەی، کە ژن بەڕێوەیان دەبەن بۆنمونە سلێمانی و قەندیل؟
کوێستان ئەکرەم: بەشێوەیەکی فەرمی سەردانی خاتوو لەیلام کردووە، کە سەرۆکی شارەوانی سلێمانیە و پیرۆزبایم لێکرد و بۆ خۆشم سەردانی شارەوانی قەندیلم کردووە لەسەربانگێشتی ئەوان بەسوپاسەوە ،ئێمەش ئەوانمان بانگێشتی هەڵەبجە کردەوە بۆئەوەی بتوانین ئاگامان لە ئیش و کاری یەکتربێت، بەهەمان شێوەش لە ڕۆژئاوای کوردستان ستافێکی شارەوانی کۆبانێ سەردانی هەڵەبجەیان کرد لینکێکمان دروست کرد، کە ئێمەش سەردانی ئەوێ بکەین بەداخەوە زۆرئیش و کاریشمان تەواوکرد، بەڵام بەهۆکاری سیاسی ڕێگەیان نەدا، کە ئێمە بڕۆینە ئەوێ.
– کێ ڕێگەی پێنەدان سەردانى ڕۆژئاواى کوردستان بکەن ؟
کوێستان ئەکرەم: ستافێک بوین، کە لە چەند سەرۆک شارەوانیەکى ژن پێکهاتبووین و بڕیاریوو بڕۆین بۆ ئەوێ تەنانەت جێگری سەرۆکی شارەوانی کەرکویشمان لەگەڵبوو، کە ژن بوو، منیش پەیوەندییەکەم دروستکرد و دواتر بەس پێیان وتین، کە بەهۆکاری سیاسی ناتوانین کارەکە ئەنجام بدەین و لەکاتێکدا گرنگە ئەو پەیوەندیانە هەبن.
– کاتێک سەردانى شارەوانى قەندیلت کرد بەچى ئەوان سەرسام بوویت؟
کاتێك چوومە شارەوانی قەندیل ئەگەر چی ماوەیەکی کەمیش بوو دروست بووبوون، بەڵام ستافێکی زۆرباشیان هەبوو هەندێك شت لەوانەوە فێربووم و ئێمە پێویستیمان بەوەیە، کە سەردانی شوێنەکان بکەین و لە هەمویانەوە شتی باش فێربین بۆئەوەی بیکەینە ئەزموون بۆ خۆمان و دواتر ئەوانیش سەردانی هەڵەبجەیان کرد و لەنزیکەوە ئاڵوگۆڕی کاری یەکترمان کرد و پەیوەندییەکی زۆرباش لەنێوان ئێمە و شارەوانی قەندیلدا هەیە و توانیومانە ئەزموونێکی باشی کارکردن لەوانەوە وەربگرین .
– پەیامتان بۆ ڕۆژى جیهانى ٨ ى مارس چیە؟
کوێستان ئەکرەم : پەیامی من بۆ ڕۆژى ٨ ى مارس ئەوەیە، کە ئەو ڕۆژە وەک زەنگێك بێت بۆ کۆمەڵگەی پیاوسالاریی و پوێستیشە ژنانیش وەك پیاوان لە چوارچێوەی ماڵەکانیان بێنە دەرەوە و تواناکانى خۆیان پیشان بدەن و وزۆرگرنگە ئێمە سەرجەم ڕۆژەکانی دیکەش بەرز و پیرۆزڕاگرین و دەبێت هەوڵبدەین قۆناغ بە قۆناغ تێبکۆشین و بڵێین، جیاوازی لەنێوان ئێمە و ڕەگەزی بەرانبەر نیە و باوەڕمان بەوە هەیە، کە ڕەگەزی بەرانبەر چۆن دەتوانێت کارەکانی بکات ئێمەش دەتوانین و ئەزمون پێمان دەڵێت، هەموو پیاوێك چالاك نیە لەئیش و کاردا بەپێچەوانەشەوە.
ئ.م