عەلى کەریمى، چاودێرى سیاسیى ڕایدەگەیەنیت، تورکیا دەیەوێت هەرێمى کوردستان داگیر بکات، بۆ هەنگاوەش بنەماڵەى بارزانى هاوکارییان دەکەن، دەشڵێت: پارتى بە تەنها دژایەتى پەکەکە ناکات، بەڵکو لەسەرەتاشەوە نەیشاردووەتەوە، کە بەشێکە لە ئیمپراتۆرییەتى عوسمانى نوێ.
عەلى کەریمى، چاودێرى سیاسى، لە چاوپێکەوتنێکى تایبەتدا لەبارەى هێرش و داگیرکارییەکانى دەوڵەتى داگیرکەرى تورک بۆسەر هەرێمى کوردستان، وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنیوی دایەوە.
دەقی چاوپێکەوتنەکە:
-ئامانج لە هێرشەکانى دەولەتى داگیرکەرى تورک بۆسەر باشوورى کوردستان تەنیا پەکەکەیە؟
عەلى کەریمى: نەخێر، چونکە تورکیا خەون و خەیاڵێکى زۆرى هەیە و ئامانج لە هێرشەکانى پەکەکە و قەندیل نییە، ئەگەر وابوایە ئەوا هیچ پێویستى نەدەکرد بچن ڕۆژئاواى کوردستان داگیربکەن و وێرانکاریى لەناوچەکانى سنوورى عەفریندا بخولقێنێنن، بەڵکو دەیانەوێت هەرێمى کوردستان، کە خۆیان پێیى دەڵێن باکوورى عێراق داگیر بکەن، بەداخەوە بۆ هەنگاوەش بنەماڵەى بارزانى هاوکارییان دەکات.
– پەدەکە بۆچى هاوکارى هێرش و پەلامارە داگیرکارییەکانى دەوڵەتى داگیرکەرى تورک بۆسەر باشوورى کوردستان دەکات؟
عەلى کەریمى: پارتى بە تەنها دژایەتى پەکەکە ناکات، بەڵکو لەسەرەتاشەوە نەیشاردووەتەوە، کە بەشێکە لە ئیمپراتۆرییەتى عوسمانى نوێ، بۆ نمونە ئەگەر تەماشاى وێنەى سەردانەکەى چەند ڕۆژى ڕابردووى مەسرور بارزانى بۆلاى ئەردۆغان و بەرپرسى میت بکەین، ئەوا دەبینین شێوازى دانیشتن و زمانى جەستەش پێمان دەڵیت: کە هاوشێوەى قائیمقام یان وەزیرێکى خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ کردووە و لە خوار خۆیەوە بە دووریى چەندین مەتر دایناوە، لە هەمانکاتدا چەندین ڕۆشنبیریى کۆیلە و بەناو پەرلەمانتارى پارتى، بەشێوەى ئاسایی ئەوە دەبینن و بەرگریى لێدەکەن.
-تا چەند پەدەکە پاڵپشتى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستانى هەیە؟
عەلى کەریمى: پارتى تەنها لەڕێگەى پۆست و پارەوە نوخبەى ڕۆشنبیرى کوردى کڕیوە و لە بەرامبەردا دەهۆڵى بۆ دەکوتن، ئەگینا پارتى پاڵپشتى هاوڵاتیانى هەرێمى لە دەستداوە و نیەتى و تەنانەت دانیشتوانى هەرێى کوردستان دژى ئەو فشارانەن، کە حزبەکەى بارزانى بۆ سەر گەریلا و قەندیل دەیکات.
-دەوڵەتى داگیرکەرى تورک لەهێرشەکانى بۆسەر باشوورى کوردستان سەرکەوتوو دەبێت؟
عەلى کەریمى: هەموو ساڵێک لە وەرزى بەهاردا سوپاى تورکیا بەناوى ئۆپەراسیۆنەوە دێت و هێرش دەکاتە سەر چەندین ناوچەى هەرێمى کوردستان و هەندێ تەقە دەکات و زیان بە چەند گوند و باخى هاوڵاتیان دەگەیەنێت، بەڵام گەریلاکان ڕووبەڕوویان دەبنەوە و تێکیان دەشکێنن و هەردوێنێ شەوبوو، کە هێزەکانى گەریلا هێرشەکەی تورکیایان تێکشکاند و لەسەرجەم جارەکانیش، کە تورکیا هێرشى ئەنجامداوە و دواتر بینیوییەتى دانیشتوان پاڵپشتى گەریلا دەکەن و ئەوانیش بە ڕووڕەشى گەڕاونەتەوە خاکى خۆیان و لەبارەى شکستەکانیان هیچ ڕونکردنەوەیەکیان نەداوە.
-پەدەکە تاکەى لەم شێوازە سیاسەتە دووژمنکارییانەى بەرامبەر کوردستان و پارتە شۆڕشگێرەکانى بەردەوام دەبێت؟
عەلى کەریمى: پارتى لە بەردەوامبوونى لەو هەوڵانەى، بەدەست خۆى نیە، چونکە تا سوڵتانەکەى فەرمانى پێبکات درێژە بەو کارەى دەدات، ئەوەش بابەتێکە گومانى تێدا نیە، چونکە بنەماڵەى بارزانى بە کردار سەلماندوویانە، کە هیچ دڵسۆزییەکیان بۆ هاوڵاتیانى باشوورى کوردستان نیە و بە پێچەوانەوە هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە هەرچى بەروبوومیان هەیە بیخەنە خزمەت سوڵتانەکەیان و بۆ ئەو مەبەستەش زوو زوو دەچنە تورکیا و لەبەردەم سوڵتانەکەیان دەوەستن و پێیان دەڵێن؛ فەرمانتان بەچییە؟، لەکاتێکدا ئەوەش دەرخەرى ئەوەیە، کە پارتى خزمەتکارى دووژمنان و لێرەش خۆیان چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان زیندانى دەکەن.
-ئەم دۆخەى هەرێمى کوردستان و هاوکارییەکانى پەدەکە بۆدەوڵەتى داگیرکەرى تورک تاکەى قبوڵکراوە؟
عەلى کەریمى: تا ئەوکاتە لێیان قبوڵ دەکرێت، کە نوخبەى ڕۆشنبران لە دژایەتى هەنگاوەکانى پارتى بەردەوامبن، بەڵام بەداخەوە ئەو نوخبە ڕۆشنبیرییەى باشوورى کوردستان بە ئەرکى خۆیان هەڵناستن و بەشێک لەوانەش دەکرێنە ئەندام پەرلەمان، لە کاتیکدا تواناى ئەوەشیان نییە و ڕۆژانە بە چاوى خۆمان ئەو ڕاستیە دەبینین، بەشێک لەوانەش بوونەتە سەرچاوەى گاڵتەکردن بەخۆیان، چونکە هەموو کارییان بووەتە هاتن و چوون و خۆ سەرقاڵکردن بە دەستخستنى پارە و پۆستەوە.
-ئایا سەرۆکى پەرلەمان و تەنانەت پەرلەمانتاران لە دۆخێکى وەهادا بە ڕۆڵى سەرشانى خۆیان هەستاون؟
عەلى کەریمى: ڕاستى پارتى و پەرلەمانتارەکانیان هێندە لەخۆبایی بوون، تەنانەت هیچ حسابێک بۆ سەرۆکى پەرلەمان و خودى پەرلەمانیش ناکەن، ئەوە ماوەى سێ ساڵە ئەو پەرلەمانە کۆبوونەوەیەکى لەبارەى کێشەیەکى هاوڵاتیانەوە نەکرووە و ئەگەر من بوومایە لەجێگەى سەرۆکى پەرلەمان دەستم لەکار دەکێشایەوە، چونکە ئەوە سوکایەتییە پێیى دەکەن.
-هاوڵاتیانى باشوورى کوردستان دەبێت چى بکەن و ئەرکیان لە ئێستادا چییە؟
عەلى کەریمى: هاوڵاتیان لەسەرجەم ناوچەکانى هەرێمى کوردستان دژى ئەم شێوازى حکومڕانیەى پارتى دەکوڵێن، چونکە پێیان ئاستەمە، کە سامانى تاڵانکراوییان بدزرێت و ببرێتە دەرەوەى وڵات و لە ئەمریکا و ئەوروپا ڤێلاى گرانبەهاتى پێ بکڕدرێت و تەنانەت ڕۆژنامە ئەمریکیەکان خۆیان دەڵێن: کوڕانى بارزانى چەندین ڤێلایان بە چەندین ملیۆن دۆلار لە وڵاتەکەمان کڕیوە و ئەوەش ناهەقیەکى زۆر گەورەیە و دڵنیام تا سەر ئەم دۆخە بەردەوام نابێت، چونکە ئەوانە دووژمنى کوردن.
-پێوستە هەڵوێستى نوخبەى ڕۆشنبیر، لایەنەکان لە بەرامبەر هێرشەکانى دەوڵەتى داگیرکەرى تورک بەهاوکارى پەدەکە بۆسەر باشورى کوردستان چی بێت؟
عەلى کەریمى: تاقیکردنەوەکانى چەند ساڵى ڕابردوو نیشانیدا، کە ئەوانە هیچ نین و پیشانیاندا، کە بۆ چەند دینارێک، کە داهاتى نەوتى دزرا و داهاتى ناوخۆیە و لەلایەن بارزانیەوە پێیان دەدرێت ئەوانە بێدەنگ کراون، بەداخەوە بەشێک لەوانەى لە ڕابردوودا ملمملانێى پارتیان دەکرد، ئێستا لەپێناو وەرگرتنى پارە لێیان بوونەتە خزمەتکارى ئەوان و تەنانەت بەشێک لەو کەسانەى، کە پێشتر بە دژە بارزانى ناسراوبوون ئێستا بە شان و باڵیدا هەڵدەدەن و بەرگریى لێدەکەن، دەبێت هەموو ئەوانە بزانن بارزانى واتە ڕێگاى قوڕبەسەرىی کورد، چونکە بۆ پارتى ئاساییە ئەمڕۆ ئاغاکەى لە تورکیا بێت، بەڵام سبەى ئاغاکەى لە ئێران بێت.
-هاوڵاتیان هەڵوێستیان چی دەبێت؟
عەلى کەریمى: پێم وایە هاوڵاتیان و کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان بەهۆى پێنەدانى مووچە و نەبوونى کارەبا و گرانى سووتەمەنى، لە کۆتاییدا هاوشێوەى تونس دەنگى ناڕەزای بەرز دەبێتەوە و هەربۆیە واى بۆ دەچم دروستبوونى شەپۆلى ناڕەزایەتى هاوڵاتیان زۆر نزیکە .
-دامو دەزگا فەرمییەکانى عێراق و هەرێم، وەک حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتیەکان بۆچى لە دۆخى وادا بێدەنگن و هیچ هەڵوێستیان نیە؟
عەلى کەریمى: ئەوە شتێکى ڕوونە، کە ئەوانە ناتوانن هەڵوێستیان هەبێت، چونکە ئەوانە بەشێکن لە دەسەڵاتى بۆگەنکردووى بنەماڵەى بارزانى و بەبێ بنەماڵەى بارزانى و هیچ کاتیش باوەڕم بەوانە نەبووە، کە پاڵ دەدەنە دەسەڵاتى خراپەوە، بەڵام ئومێدم بە هاوڵاتیان هەیە و ڕۆژانە دەبینین، کە هاوڵاتیان ناڕەحەتییان لە بەرامبەر خراپەکارییەکانى دەسەڵات گەشتووەتە لوتکە.
ئ.م