محەمەد شەڵماشیی کەسایەتیی دیاری کوردستان دەڵێت، ٤٠ ساڵە تورکیا بەرامبەر کوردی باکوور شەڕ دەکات، بەڵام نەگەیشتووەتە هیچ ئەنجامێک، ئێستا دەیەوێت شەڕی کورد بەکورد، هەڵبگیرسێنێت، دەشڵێت: هەتا کورد بەمشێوەیە دوژمنی یەکبن و بەقسەی یەکتر نەکەن، هەرگیز ناگەنە ئامانجەکانیان.
مامۆستا محەمەد شەڵماشیی، زانای ئایینیی کورد و برای شەهید مەلا ئاوارە، یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی حزبی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز ئاماژەیکرد بە پرسی یەکڕیزیی ناوماڵی کورد و هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک، بۆ دروستکردنی شەڕی کورد بەکورد و خەباتی گەلی کورد لە باکووری کوردستان.
مامۆستا محەمەد، لایوایە سەرچاوەی کێشەکانی کورد دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەناوخۆیاندا “خۆخۆرن” و وتی: من بەبیرم دێت زەمانی قازی محەمەد و شێخ مەحمود، هەندێک عەشیرەت هەبوون دەیانوت ئێمە چۆن دوای مێزەر بەسەر بکەوین، ڕۆیشتن لەگەڵ شای ئێران دژی کۆماری کوردستان ڕێککەوتن، بابەکر ئاغای پشدەریی هەبوو لە ناوچەی پشدەر، مانگانە مووچەی لای ئینگلیزەکان هەبوو بۆ ئەوەی پشتیوانیی شێخ مەحمود نەکات، ئێستاش کورد هەر وایە و هیچیان ئەوی دیکە قبوڵ ناکات.
شەڵماشیی ئاماژە بەوەشدەکات: خیانەتی ناوخۆیی، ئەو گورزەی لە کورد داوە کە تاوەکو ئێستا نەبووەتە هیچ، هەتا کورد بەمشێوەیە دوژمنی یەکبن و بەقسەی یەکتر نەکەن، هەرگیز ناگەنە ئامانجەکانیان.
ئەو زانا ئاینییە، خەباتی چەکداریی پەکەکە وەک “حزبێکی زۆر ڕێکوپێک” لەقەڵەم دەدات و وتی: تەماشا دەکەیت گەریلا بەبێ ئەوەی ماڵ و منداڵی هەبێت، لەو شاخانە خەبات دەکات، بەڵام ڕازی نیم لە پارتەکانی ڕۆژهەڵات، هاتوون لە کۆیە دانیشتوون و ماڵ و منداڵیان هەیە، خۆ ئێران دەتوانێت هەر لەو کامپەدا گورزی تووندیان لێ بووەشێنێت.
هەروەها محەمەد شەڵماشیی، دەربارەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیش لە ڕۆژئاوای کوردستان دوا: تورکیا نایەوێت کوردی ڕۆژئاوای کوردستان، ببنە خاوەن قەوارەیەک وەک کوردی باشوور، بۆیە ڕۆیشتووە خاکەکەی داگیرکردوون، ئەو دروشمانەشی وڵاتانی جیهان بەناوی ئازادییەوە دەیڵێن، هەمووی درۆیە. ئەگەرنا دەبوو دەنگێک هەبێت، بەرامبەر ئەو زوڵمەی تورکیا بەرامبەر کورد، ئەنجامی دەدات.
ئەو، دەربارەی هەوڵەکانی هەڵگیرساندنی شەڕی کورد بەکورد قسەی کرد و وتی: تورکیا قازانجییەتی شەڕی کورد بەکورد هەڵبگیرسێنێت، ٤٠ ساڵە شەڕی کوردی باکوور دەکات، ئێستا هیچی پێ نەکراوە، بۆیە دەیەوێت شەڕی کورد بەکورد هەڵبگیرسێنێت.
هەروەها، لەبارەی گرنگیی هەوڵەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانەوە بۆ یەکڕیزیی ناوماڵی کورد، وتی: ئەگەر هەوڵەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، سەریبگرتایە زۆر شتێکی باش بوو، پەکەکەش زیاتر دەستپێشخەریی ئەو هەوڵەی دەکرد، بەڵام هیچ لایەنێک بەدەم بانگەوازەکەوە نەهاتن، ئەگەر سەریبگرتایە کوردی دەکرد بەیەک و شتێک بۆ کورد دەکرا.
شەڵماشیی لە کۆتاییدا دەشڵێت: وڵاتانی دەوروبەر، دەستیان هەبوو لە شکستهێنانی هەوڵەکانی کەنەکە، بەڵام بۆ دەبێت لایەنە کوردییەکان دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەکیی قبوڵ بکەن؟ دەبێت کورد قبوڵی نەکات، زۆرینەی لایەنە کوردییەکان هێندە لاوازبوون، ناتوانن لە قسەی وڵاتانی دەرەکیی دەربچن، زیانی گەورەی کوردیش لەوەدایە، لە مێژووشدا کورد بۆیە نەبووە بەهیچ، چونکە پشتیوانیی لە یەک نەکردووە.
ئ.ج