سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئەو شەڕە نییە، کە ئێستا تورکیا بەهاوکاریی پەدەکە دژی گەریلاکانی پەکەکە دەستیپێکردووە، هاوکات پێیوایە، بێدەنگیی لایەنەکانی دیکەش بەرامبەر ئەو هێرشانە “نیشانەی پرسیاری زۆر دروست دەکات”، دەشڵێت: بەشداریی پارتی لە هێرشەکەی تورکیا هەڵەیەکی کوشندەیە.
دکتۆر یوسف محەمەد، سەرۆکی خولی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش لە بارەی هێرشە داگیرکارییەکەی ئەمدواییەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و هەماهەنگیی پەدەکە بۆ ئەو هێرشانە و بێدەنگیی لایەنەکانی دیکە لە بەرامبەری، لەم چاوپێکەوتنەدا وەڵامی پرسیارگەلێکی ڕۆژنیوزی دایەوە.
دەقی چاوپێکەوتنەکە؛
– لە دەستپێکردنی نوێترین هێرشی داگیرکاریی تورکیاوە دەستپێبکەین، بۆچوونتان لەسەر ئەم هێرشە چییە و پێتان وایە ئامانجەکانی چین؟
“ئامانجی ئەو هێرشانە گەریلاکانی پەکەکە نین، بەڵکو ئەوە بیانووە بۆ ئەوەی بگەن بە ئامانجی فراوانتر”
یوسف محەمەد: هێرشەکانی تورکیا نوێ نین، تورکیا تەماعی هەیە لەم ناوچەیە، بەدوای ئەوەوەیە جارێکی دیکە هەژموونی خۆی بەسەر ئەو ناوچانەی ویلایەتی موسڵ بسەپێنێتەوە، کە پێشتر لەژێردەستی دەوڵەتی عوسمانیی بوون، دەیەوێت بیخاتەوە سەر تورکیا، پێیانوایە دوای ١٠٠ ساڵ لە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی لۆزان، دەتوانن ئەو ڕێککەوتننامەیە هەڵبوەشێننەوە، بۆیە ئامانجەکانیان دوورمەودان، لەم هەلومەرجەشدا تورکیا ڕەنگە لەبیری ئەوەبێت، ئەگەر ئەو داگیرکارییەی ڕووسیا لە ئۆکراین دەیکات سەرکەوتووبێت، ئەوا ڕەوایەتیی بە داگیرکاریی لە شوێنی دیکەش دروست دەبێت، بۆیە دەیەوێت ئەو هەلە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی خەونە مێژووییەکەی ویلایەتی موسڵ بەدیبهێنێت، کەواتە ئامانجی ئەو هێرشانە گەریلاکانی پەکەکە نین، بەڵکو ئەوە بیانووە بۆ ئەوەی بگەن بە ئامانجی فراوانتر.
– ئەم هێرشە دوو ڕۆژ دوای سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت بۆ تورکیا، پێتوایە ئەمە پەیوەندیداربن بەیەکەوە و ئامادەکاریی بێت بۆ ئەم هێرشە؟
“لە هەموو هێرشەکانی تورکیا هەماهەنگیی لەنێوان سوپای تورکیا و میت لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان هەبووە”
یوسف محەمەد: لەڕاستیدا هەماهەنگیی تورکیا لەگەڵ پارتی و بەتایبەت خێزانی کاک مەسعود و خێزانی حوکمڕان لە هەرێمی کوردستان تازە نییە، سەبارەت بە داگیرکارییەکانیان لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت ڕۆژئاوای کوردستانیش، ئەگەر بیرتان بێت، ئەو شەوەی تورکیا هێرشی بۆ جەرابلوس دەستپێکرد، بۆ ڕێگرییکردن لە بەیەکگەیشتنی کانتۆنی کۆبانێ و کانتۆنی عەفرین، ڕۆژێک بەرلەوە مەسعود بارزانی لە ئەستەنبوڵ بوو، لە هەموو هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، هەماهەنگیی لەنێوان سوپای تورکیا و میت لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان هەبووە.
– سەرنجت لەسەر کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و ئەردۆغان چییە؟ بەتایبەت کە هاکان فیدان، بەرپرسی دەزگای سیخوڕیی تورکیاش بەشداریی تێداکردووە؟
“دەسەڵاتدارانی ناو پارتی پێیانوایە پێویست دەکات بۆ مانەوەیان پشتئەستووربن بە هێزێکی دەرەکیی”
یوسف محەمەد: دەسەڵاتدارانی ناو پارتی پێیانوایە پێویست دەکات بۆ مانەوەیان پشتئەستووربن بە هێزێکی دەرەکیی، لە سەردەمی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفای بارزانیی ئەوانە پشتئەستووربوون بە هاوکارییەکانی شای ئێران، ئەوکاتەی کە شای ئێرانیش هاوکارییەکانی لێ بڕین و ڕێککەوتننامەی جەزائیری ئەنجامدا، هەرەسیان بە شۆڕشەکە هێنا، ئێستاش تورکیا جێی شای ئێرانی بۆ گرتوونەتەوە، هەر لە سەردەمی شەڕی ناوخۆوە پێیانوایە تورکیا عامیلی پاراستنی ئەوانە، ئەوان هەموو هەلومەرجێکی ئەو هێزە دەرەکییەیان قبوڵە، دوورنییە ئەگەر ئەو هێزە دەرەکییە دەستبەرداریان ببێت، جارێکی دیکە ئاشبەتاڵ ڕووبداتەوە.
– ئەو پەیوەندییانە تاچەند بە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەشکێتەوە؟
“نابێت ئەم پەیوەندییە لەسەر بنەمای وابەستەیی و جاشایەتیی و پەیوەندیی ژێربەژێریی و پەیوەندیی هەواڵگریی بێت”
یوسف محەمەد: ڕێک پێچەوانەیە، خەڵک لێرە گرنگ نین، دەوڵەتە دەرەکییەکان گرنگن، ئەم دەسەڵاتەی هەرێمی کوردستان بەرژەوەندیی و خۆشبەختیی و خزمەتگوزاریی خەڵکیان زۆر بەلاوە گرنگ نییە، ئەوەی بەلایانەوە گرنگە دەرەوەیە، جگەلەوەش بەحوکمی ئەو پەیوەندییە ژێربەژێر و ئەمنیی و سەربازییانەی کە هەیە، مەلەفی ئابووریی هەرێمی کوردستانیش ڕادەستی تورکیا کراوە، بەناوی ئابووریی سەربەخۆوە ئابوورییەکی چەند قات وابەستەیان بە تورکیاوە دروست کردووە، کەواتە ئەمە پاشکۆیەتییەکی گەورەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەهێنێتە کایەوە بۆ تورکیا، بەدڵنیاییەوە تورکیا و ئێران دراوسێی ئێمەن، دەبێت پەیوەندیی هاوسەنگ هەبێت، بەڵام نابێت ئەم پەیوەندییە لەسەر بنەمای وابەستەیی و جاشایەتیی و پەیوەندیی ژێربەژێریی و پەیوەندیی هەواڵگریی بێت.
– کەواتە ئەو وابەستەیی و پەیوەندییە هەواڵگرییانە هەیە لەنێوانیاندا؟
“پارتی پێیوایە ئەگەر سازشی زیاتر بۆ تورکیا بکات، لای عێراق بەهێزتر دەبێت”
یوسف محەمەد: گومانی زۆر لەو پەیوەندییانە دەکرێت، ئەو ڕێککەوتننامە ٥٠ ساڵییەی کراوە بەشێکی ئەمنییە، هەرێمی کوردستانی بەرامبەر تورکیا و عێراقیش لاوازکردووە، پارتی پێیوایە ئەگەر سازشی زیاتر بۆ تورکیا بکات، لای عێراق بەهێزتر دەبێت، ئەمە ڕێک پێچەوانەکەی ڕاستە، بەرپرسانی عێراق بەئێمەیان وتووە نەوتی هەرێم لە قازانجی خەڵکی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو لە قازانجی هێزە دەرەکییەکانە.
– بەرژەوەندیی ستراتیژیی و تاکتیکیی پەدەکە چییە لە هێرشەکان بۆ سەر پەکەکە؟
“پارتی لەو پەیوەندییانەدا ئەوەندە لاوازبووە، ناتوانێت بەرامبەر تورکیا بڵێت نا”
یوسف محەمەد: پارتی لەو پەیوەندییانەدا ئەوەندە لاوازبووە، ناتوانێت بەرامبەر تورکیا بڵێت نا، ئەوەندەی لە هەندێک کۆبوونەوە لە بەغدا لە هەندێک لە سەرکردەکانیان بیستوومە، تەنانەت هەندێکیان دەترسن لەو هێرشانەی تورکیا، بەڵام ئەوەندە لاوازن ناتوانن ڕێگریی بکەن، پەیوەندییەکانیشیان ئەوەندە قووڵە لەگەڵ تورکیا، بۆیە پێیانوایە دۆستایەتیی تورکیا هۆکاری مانەوەیانە، ئەگەر ئەو دۆستایەتییە کۆتایی پێ بێت، دوورنییە مانەوەیان لە کوردستان بکەوێتە مەترسییەوە، جگەلەوەش پارتی ترسی گەورەی لە پەکەکە هەیە.
– تورکیا دەڵێت پرسیان بە دۆست و هاوبۆچوونەکانیان کردووە لە دەستپێکردنی ئەم هێرشە نوێیە، ئایا دۆستەکانی تورکیا کێن لە عێراق؟ ئەمە پێشێلکردنی سەروەریی عێراقیش نییە؟
“دوورنییە لەگەڵ حکومەتی عێراق هەماهەنگییان کردبێت”
یوسف محەمەد: بەدڵنیاییەوە ئەمە پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە، دوورنییە لەگەڵ حکومەتی عێراقیش هەماهەنگییان کردبێت، پەیوەندییەکی دۆستانە لەنێوان مستەفا کازمی و هاکان فیدان هەیە، هەندێک جار حکومەتی عێراق چاو دادەخات لەو داگیرکارییانەی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی دەسەڵاتی زاڵی ناو پارتی دەیکات، هۆکاری یەکەمە لەوەی هێزەکانی دیکەش لە هەرێمی کوردستان چاو لە پارتی بکەن، تەنانەت هەندێک لە هێزەکانی عێراقیش چاوپۆشیی بکەن لە بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.
– پێتوایە لایەنەکانی دیکەی پێکهێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداریی پێشوەختەیان هەبێت لە دەستپێکردنی ئەم هێرشە؟ یاخود ئەم بێ هەڵوێستییەیان چی دەگەیەنێت؟
یوسف محەمەد: لەڕاستییدا لە زووەوە ئەو هێزانەی کە لەناو دەسەڵاتن بەتایبەت یەکێتی و گۆڕان، بێ دەسەڵاتیی خۆیان دەرخستووە، لە ڕێگریکردن لەو ئەجێندا خراپانەی کە پارتی هەیەتی، چ بۆ ئیدارەدانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چ بۆ ئیدارەدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و دەوڵەتە هەرێمییەکان، من پێموایە حکومەتێکی یەکگرتوومان نییە لە هەرێمی کوردستان، دەسەڵات هێندە لای خێزان و کەسەکانە، لای دامەزراوەکان نییە.
– پێویستە دامودەزگا فەرمییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵوێستیان چی بێت بەرامبەر ئەو هێرشانە؟
“ئەگەر ئەمە بەئاسانیی بچێتە پێش، بەدڵنیاییەوە تورکیا دەستکراوە دەبێت بۆ ئەوەی داگیرکارییەکانی فراوانتر بکات”
یوسف محەمەد: بەدڵنیاییەوە پێویستە ئەو هێرشانە لەقاو بدرێن، پێویستە هاوکاریی نێودەوڵەتیی و عێراقیی دروست بکرێت، بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانە، ئەمە قۆناغێکی مەترسیداریشە بۆ داهاتوو، پێویست دەکات بەزوویی هەوڵبدرێت بەری پێ بگیرێت، ئەگەر ئەمە بەئاسانیی بچێتە پێش بۆ تورکیا، بەدڵنیاییەوە تورکیا دەستکراوە دەبێت بۆ ئەوەی داگیرکارییەکانی فراوانتر بکات.
من لێرەدا دەمەوێت شتێک بڵێم؛ لە سلوکی تورکیادا دوو سیناریۆ هەیە بۆ داهاتوو لە عێراق، یەکەمیان ئەوەیە درێژە بە داگیرکارییەکانی بدات و بگاتە ئەوەی کێڵگە نەوتیی و غازییەکانی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ بکات، بۆ دابینکردنی وزە بۆ وڵاتەکەی، هاوتەریب لەگەڵ ئەوەش ئەگەر بزانێت ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەبارەت بە وزە کێشەی بۆ دروست دەبێت، دوور نییە لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕێکبکەوێت، ئەوکات دەستبەرداری هەموو ڕێککەوتنەکانی دەبێت لەگەڵ هەرێم.
– پێویستە هەڵوێستەکان دژ بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بەتایبەت لە باشووری کوردستان چۆن بن؟
“ئەم دەسەڵاتە بەهۆی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتانی دەرەوە، دۆخی خەڵکیان بەم حاڵە گەیاندووە”
یوسف محەمەد: دەکرێت هەڵوێستەکان لەسەر چەند ئاستێک بێت، فشار لە حکومەتی عێراق بکرێت بۆ ئەوەی بێتە دەنگ، ئێمە لە ئەنجومەنی نوێنەران لە خولی پێشووش زۆر هەوڵماندا دانیشتنێکی پەرلەمان تەرخان بکەین بۆ ئەم پرسە، بەڵام سەرۆکایەتیی پەرلەمان ڕێگربوون، ئێستاش دەتواندرێت ئەم پرسە ببرێتە پەرلەمان، پێویستە لەناوخۆی هەرێمیش هێزە سیاسییەکان بەتوندیی دژ بەو هێرشانە بووەستنەوە.
ئێستا زەمینەیەکی وا لەناو ڕایگشتیی هەرێمی کوردستان ڕەخساوە، کە پێیانوایە هەر داگیرکارییەک زۆر باشترە لەم دەسەڵاتەی لێرە هەیە، بەڵام ئەم کیانە موڵکی ئەم دەسەڵاتە نییە، دۆخی خەڵکی کوردستانیش بە داگیرکاریی باشتر نابێت، بەڵکو لە بنەڕەتدا ئەم دەسەڵاتە بەهۆی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتانی دەرەوە، دۆخی خەڵکیان بەم حاڵە گەیاندووە، داگیرکاریی سوپای تورکیا لەدەست ئەم دەسەڵاتە ڕزگاریان ناکات، دەتوانن هەر لە هەڵوێستی شەخسییەوە تا هاتنە سەر شەقام و بایکۆتی کاڵای تورکیی، دژی ئەو داگیرکارییانە بووەستنەوە.
– هەندێک پێیان وایە هێرشی تورکیا ئامانج لێی گەریلاکانی پەکەکەن و پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، پێت وایە ئامانج گەریلاکانی پەکەکەن؟
” ئامانجەکە داگیرکاریی و فراوانخوازییە”
یوسف محەمەد: لەڕاستیدا گەریلانی پەکەکە تەنها بیانوون، ئەگەرنا ئامانجەکە ئەوان نین، تورکیا بەهەر بیانوویەک هاتبێتە هەرێمی کوردستان، نەکشاوتەوە، تەنانەت تورکیا بەشداریی نەکرد لە شەڕی داعش، بەڵام بەپاساوی شەڕی داعش بنکەی سەربازیی لە سنووری موسڵ کردووەتەوە، بۆیە ئامانجەکە داگیرکاریی و فراوانخوازییە.
– ئەگەر پەدەکە ڕاستەوخۆ بەشداریی لەو هێرشانەدا بکات، دەرەنجامەکانی چی دەبن؟
“پارتی ئەگەر ئەوە بکات هەڵەیەکی زۆر گەورە و کوشندە دەکات”
یوسف محەمەد: پارتی ئەگەر ئەوە بکات هەڵەیەکی زۆر گەورە و کوشندە دەکات، هەر بەمەی کە ڕازیی بووە و هەماهەنگیی دەکات، هەڵەیەکی کوشندە دەکات، تورکیا هەرکاتێک کۆتایی بە لێکتێگەیشتنەکانی لەگەڵ پارتی هێنا، ئەوا پارتی بەدەستی بەتاڵ لەو پەیوەندییانە دێتە دەرەوە.
– ئەگەر شەڕ دروست ببێت دەبێتە شەڕی هەرێمی کوردستان و پەکەکە یان پەدەکە و پەکەکە؟
“خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئەو شەڕە نییە”
یوسف محەمەد: شەڕی پارتی و پەکەکەیە بەدڵنیاییەوە، خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئەو شەڕە نییە، بێدەنگیی لایەنەکانی دیکەش نیشانەی پرسیاری زۆر دروست دەکات.
ش.ف